ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ناکۆککەوتنی ڕووسیا و تورکیالەسەر بەشداریکردنی کوردەکانی ڕۆژاوا لە دانوستانی چارەکردنی کێشەی سووریا

وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان دەڵێ ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە ئاخر دانوستانەکەی ئاستانەی پایتەختی ئەو وڵاتەدا وا ڕێک کەوتوونە کۆڕی ئاشتەواییەکەی سووریا، ئەمجارە لە شاری سووچیدا گرێ بدرێت؛ کاتەکیشی دوو ڕۆژ دەخایەنێت؛ ٢٩و٣٠/١/٢٠١٨؛ ڕووسیا دەڵێ کوردی ڕۆژاوایش هەقی خۆیانە لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بن بەڵام تورکیا ناڕەزایە و، بەو بۆنەوە ناکۆکن.

ڕووسیا بەنیازە بۆ 'کۆنگرەکەی وتووێژی نیشتمانیی سووریا' لە سووچی، نوێنەری هەموو نەتەوەکانی سووریا بانگهێشت بکات و، دەبارەی سەنگ و ڕۆڵی پاش جەنگی هەر نەتەوەیەک و، پرس و ڕاوێژی خۆی بکا؛ بەو بۆنەوە دەیەوێ کوردەکانی سووریایش داوەت بکا بەڵام تورکیا زۆر زۆر ناڕازیە.
هەواڵگەی ئەناتۆلی لە ئاخرڕاپۆرتەکەی خۆیدا دەربارەی کۆنگرەکەی سووچی دەڵێ نوێنەرەکانی ڕووسیا و ئێران و تورکیا هێشتا لە نێوان خۆیاندا ساغ نەبوونەتەوە نوێنەری کامە تاقم و لایەن و نەتەوەی بۆ بانگهێشت بکەن.
ئەناتۆلی دەڵێ: "تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئاشتیپارێز (ئێران و ڕووسیا) خەریکی دانوستانە هەتا قەناعەتیان پێ بکا ئەنەکەسە (ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا) بانگهێشت بکرێ بۆ ئەو کۆنگرەیە؛ ئاخر دەستیان بە تیرۆرەوە نەگلاوە."
ئەرگەرچی تورکیا ناڕەزایە بەڵام کاربەدەستانی ڕووس هەوڵیانە نوێنەری یەپەگەیش لەو کۆنگرەیەدا بەشدار ببێت. بەو بۆنەشەوە ڤیلادییر پۆتین پێرێ (٢٢/١٢/٢٠١٧) تەلفۆنێکی بۆ ئەردۆگانی سەررکۆماری تورکیا کردووە و، باسەکەی لەگەڵدا کردووەتەوە.
دانوستانی ئاشتەواییەکەی سووریا لە دوو لاوە بەڕێوە دەچێت؛ لە شاری ئاستانەی کازاخستاندا ڕووسیا و ئێران و تورکیا، شوێنی کارەکەیان گرتووە، لە شاری جنێڤیشدا، ئەمەریکا و ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان کارەکە کردووەتە خاوەن. لە ئاستانەدا هەشت جار کۆڕیان بۆ گرێ داوە؛ ئاخر جارەکەشی ئەو پێنجشەم و هەینیەی ڕابردە بوو.
ستێڤان ‌میستۆرا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، بەسترپێرێ ٢١/١٢/٢٠١٧، لە مۆسکۆ چاوی کەوت بە سرگی لاورۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا؛ لاورۆڤ لەو دیدارەدا گوتی سبەینێ بڕیار دەدەین کامە لایەن و کەسایەتیەک بانگهێشت بکەین بۆ کۆنگرە ئاشتەواییەکەی سووچی.
میستۆرا دەربارەی کۆنگرەی ئاشتەوایی، هیچێکی نەگوت بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکە دەبێ قۆناغ‌بەقۆناغ بێ و، پەلەپەلی لێ نەکرێت.
سووریا لە ساڵی ٢٠١١وە تووشی شەڕی ناوخۆیە؛ لەو شەش ساڵ شەڕ و ئاژاوەیەدا ٣٤٠هەزار کەس زیاتریش کوژراون.
زۆر ناوچەی شەڕلەسەر هێشتایش هەر دەورە دراوە و، شتیان بۆ ناڕوات؛ نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر جار هاتووەتە دەنگ و دەڵێ خەڵکی ناوچەی بەرگەمارۆ، حاڵیان شڕە؛ ئاو و خواردنیان بۆ ناڕوات؛ بۆ نموونە غووتەی ڕۆژهەڵات، نزیک دیمەشق لەمێژە گەمارۆ دراوە؛ گەڕەکەکانی باکووری شاری دیمەشقیش لە ساڵی ٢٠١٢وە چواردەوریان لێ گیراوە و، سوپای سووریا نان و ئاوی لێ بڕیون.
بە گوێرەی ڕێککەوتنامەکەی ئاستانە، ئەو ناوچەیەش دەبێ شەڕی لێ سووک بکرێتەوە کەچی سوپای سووریا و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا پەیتاپەیتا دەیکوتن.