کانونی یەکەم 06, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

پیوژمۆنت تەنها کاندیدی سەرۆکایەتی کەتەلۆنیایە

ڕۆژی سێشەممە (٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨) پەرلەمانی کەتەلۆنیا دانیشتنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا سازدەکات، کاندیدی دیاریکراو لەلایەن پارتەکانی بەرەی جیابونەوە کە شەرعیەتی پێکهێنانی حکومەتیان بەدەستهێناوە (کارلێس پیوژمۆنت)ە کەلەدوای بڕیاری دەستگیرکردنی پەنای بۆ بەلجیکابردوە و نزیکەی سێ مانگە لەوێ دەژیت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) گەڕانەوەی (پیوژمۆنت) بۆ ئیسپانیا و ئامادەبوونی لەدانیشتنی پەرلەماندا پێویستی بەبڕیار و دەسەڵاتی دادەوەری هەیە، بەڵام حكومەتی ناوەندی ڕەتیکردۆتەوە ڕێگا بەوەبدات.
پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆیی کە سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکان بوون لە (١٣٥ کورسی) پەرلەمانی کەتەلۆنیا نزیکەی (٧٠ کورسی) یان هەیە، تەنها کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی کەتەلۆنیا (کارلێس پیوژمۆنت) ە، وە بۆ هەڵبژاردنیشی لەدانیشتنی ڕۆژی (سێشەممە) دا پشت بە کاندیدی بریکار واتە پەرلەمانتارێک لەبری ئەو سوێندی سەرۆکایەتی بخوێنێتەوە، یان لەڕێگای ڤیدیۆ و ئینتەرنێتەوە (پیوژمۆنت) بۆ خۆی ئەو ئەرکە لە بەلجیکاوە ئەنجامبدات

.
دادگای باڵای دەستوری ئیسپانیا لەسەر ئەو شێوازە ئامادەبونەی (پیوژمۆنت) لەدانیشتنی پەرلەماندا ڕازی نەبوە و بەنایاسایی دادەنێ، لەڕاگەێنراوێکدا دەڵێ مەرجە سەرۆک لەپەرلەماندا ئامادەبێ بۆ مەراسیمی سوێندخواردن، تاوەکو شەرعیەتی پێکهێنانی حکومەتی پێبدرێ.
هەروەها دادگای باڵای ئیسپانیا هۆشداریشی داوەتە سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا و ئەندامەکانی پەرلەمانیش کە دادگا ڕێگا بەدەنگدان و گەڕانەوەی (پیوژمۆنت) بۆ دەسەڵات نادات، هەتا ئەو کاتەی ئامادەی پەرلەمان نەبێت.

پیوژمۆنت هەڵدەبژێرێ یان نا:
بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیسپانیا (پیوژمۆنت) ناتوانێ لەدەرەوەی وڵاتەوە سەرۆکایەتی کەتەلۆنیا بکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا (پیوژمۆنت) تەنها کاندیدی سەرۆکایەتی پارتەکانی سەرکەوتووی هەڵبژاردنی مانگی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیایە، ئایا لەنێو ئەو مشتومڕانەدا چۆن سەرۆک هەڵدەبژێرێ لەو دانیشتنەدا؟


پاڵپشتیکەرانی (پیوژمۆنت) لەو باوەڕەدان کە دەتوانێ لەڕێگای تەکنۆلۆجیاوە ئەرکی سەرۆکایەتیەکەی ڕابپەڕێنێت، بۆ ئەو مەبەستە دەستەیەک لەپارێزەران ئەو شێوازە بەیاسایی و دەستوری ناودەبەن، واتە (پیوژمۆنت) لە بەلجیکاوە دەتوانێ بەبەکارهێنانی تەکۆنۆلۆجیا سوێندی سەرۆکایەتی بخوێنێتەوە و هەروەها دواتریش ئەرکەکەی ڕابپەڕێنێت تا ئەو کاتەی دەرچەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی دەکرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەموو ئاماژەکان ئیسپانیا ڕێگا بەوە نادات و دادگای دەستوریش ڕەتیکردۆتەوە

.
ئێستا دوو ئەگەر لەبەردەم پارتەکانی بەرەی جیابونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیادان بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە، یەکەمیان گوێنەدانە بەبڕیاری دادگای دەستوری ئیسپانیا و هەڵبژاردنی سەرۆکە بەشێوەی بریکار، یان لەڕێگای ڤیدیۆوە. وە دووەمیان دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکەیە بۆ سەرۆکایەتی کەتەلۆنیا بەڵام پارتەکان سورن لەسەر ئەوەی کە تەنها کاندیدی سەرۆکایەتیان (کارلێس پیوژمۆنت) ە و کەسی دیکە دیاری ناکەن، کەواتە پەنا بۆ ڕێگای یەکەم دەبەن.
وە بەشێک لەچاودێران لەو باوەڕەدان (کارلێس پیوژمۆنت) سورە لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکایەتی هەرێمەکەیان، بەڵام چۆن ئامادەی پەرلەمان دەبێ ئەوەیان تاوەکو ئێستا نەزانراوە، لەماوەی ڕابردوودا ئەگەری ئەوەبوو کە بەقاچاخی و بەنایاسایی بگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان وە بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی ئیسپانیا پۆلیسی سەر سنورەکانی زیادکردبوو. ئەگەر ئەو کارە ئەنجامبدات و بەنایاسایی بگەڕێتەوە و ئامادەی پەرلەمان بێ پێشبینی دەکرێ حکومەتی ئیسپانیا ڕووبەڕووی دەستگیرکردنی بکاتەوە و باری نائاسایی ڕابگەێنێ

.
شیاوی باسکردنە، کەتەلۆنیا هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیاوە، ئەوان مێژوویەکی کۆنیان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (هەزار) ساڵ پێش ئێستا. دانیشتوانی کەتەلۆنیا نزیکەی (حەوت ملیۆن و نیو) کەسە، ناوچەیەکی دەوڵەمەندی ئیسپانیایە و، نزیکەی پێنج یەکی داهاتی ئەو وڵاتە کۆدەکاتەوە، ئەوان زمانێکی سەربەخۆ و، پەرلەمان و ئاڵای تایبەتی خۆیان هەیە و، هەروەها پۆلیس و دامەزراوەی کەرتی گشتی خۆیان هەن بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمەکەیان

.
لەڕیفراندۆمی (یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧) دا نزیکەی (٩٠%) دەنگدەران دەنگیان بۆ سەربەخۆی کەتەلۆنیادا و، لە (٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧)شدا پەرلەمان سەربەخۆیی ڕاگەیاند.
لەدوای ڕیفراندۆم ڕەوشێکی نالەبار لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە بەسەر کەتەلۆنیادا سەپێنرا، حکومەت و پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و، بەشێک لەسەرکردەکانی دەستگیرکردن و، بەشێکیشیان هەڵاتن بۆ بەلجیکا.
حکومەتی ئیسپانیا بۆ دەربازبوون لەو ڕەوشە نالەبارە سیاسی و کۆمەڵاتیە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا و ڕۆژی (٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧) ی بۆ هەڵبژاردنی کەتەلۆنیا دیاریکرد.
هەڵبژاردن بەقازانجی بەرەی سەربەخۆیی شکایەوە، خەڵکی کەتەلۆنیا جارێکی دیکە پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆییان هەڵبژاردەوە،پارتەکانی پاڵپشتیکەری سەربەخۆیی کەتەلۆنیا پێکەوە نزیکەی (٧٠) کورسییان لە (١٣٥) کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیادا بەدەستهێناوە، ئەوەش ڕێژەی تەواوە بۆ ئەوەی بتوانن لەچوارچێوەی هاوپەیمانیدا کابینەی حکومەتی داهاتووی کەتەلۆنیا پێکەوە دروستبکەن.
ڕۆژی سێشەممە (٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨) چاوەڕێدەکرێ لەدانیشتنی پەرلەماندا (کارلێس پیوژمۆنت) سەرۆکی لەسەر کارلادراوی کەتەلۆنیا کە هەڵگر و ڕابەری پەیامی جیابونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا بوو، جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا هەڵبژێردرێتەوە

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler