کانونی یەکەم 06, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

بەهەزاران کەس لە عەفرین ئاوارەبوون

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان بەهۆی شەڕی عەفرینەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئاوارەبوون و، ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکی ناوچەکەیش بەهۆی بەردەوامی شەڕەکەوە درێژەی دەبێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) خەڵکی ڕادەکەن بۆ ناوچەکانی سنوری لەگەڵ عەفرین، هەندێک لەڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە حکومەتی سووریا ڕێگای بەخەڵکی ئەو ناوچانە نەداوە ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی سووریا ببن، بەشێک لەو خەڵکە گیریانخواردوە.
بۆ هاوکاری ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستیەکان نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندوە ئەگەر داوابکرێ ئەوا دەتوانن پێداویستی نزیکەی (٥٠ هەزار) کەس دابینبکەن بیگەێننە خەڵکی عەفرین.
لەسەر رەوشی شەڕی سەر عەفرین لەلایەن تورکیاوە، وڵاتانی زلهێزی جیهان کە لەسووریادا دەستێوەردانیان هەیە داوایان لە تورکیاکردوە کە هێرش و چالاکیەکانی لەو ناوچەیدا بوەستێنێت چونکە دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی قەیرانی مرۆیی لەسووریادا. بەڵام سەرۆکی تورکیا داوایکردوە دەبێ (یەپەگە) لەناوبەرێت، وە ئەنقەرە بەبیانوی ئەوەی کە (یەپەگە) درێژکراوەی (پەکەکە) یە هێرشی سەر عەفرینی ئەنجامداوە.
(یەپەگە) کە زیاتر لە (٤٠٠ کیلۆمەتر) کۆنتڕۆڵی سنورەکانی باکوری سووریا لەبەردەستدایە، ڕەتی ئەو لێدوانانەی تورکیاوە داوەتەوە کە ئەوان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ (پەکەکە) دا نیە.

لەسەر زەمین چی ڕوودەدات؟
بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، لەو کاتەوەی هێرشەکانی دەستیان پێکردوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا چەند ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵکردوە، ڕۆژی سێشەممە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیایی بڵاویکردەوە کە گوندێکی ستراتیژیان بەناوی (حەمام) لەباکوری ڕۆژئاوای عەفرین گیراوە، وە ئاژانسی هەواڵی کوردی (هەوار) بڵاویکردۆتەوە کە (یەپەگە) شکستی بەهێرشێکی سەر گوندی (قەستەل جاندۆ) هێناوە، زۆر هێرشبەرەکان کوژراون و، ئۆتۆمبیلێکیش تێكشکاوە.
لەبارەی قوربانیەکانەوە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی ئاماری کوژراوانی بڵاونەکردۆتەوە بەڵام ڕوانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگایەکەی لە بەریتانیایە و گروپێکی چاودێری ڕەوشی سووریایە لەڕاپۆرتێکدا رایگەیاندوە نزیکەی (٢٥) چەکدار لەهێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کوژراون و، نزیکەی (٢٦) چەکداری هێزە کوردییەکانیش کوژراون، وە هەروەها دوو سەربازی تورکیایش کوژراون.
قوربانی خەڵکی مەدەنیش بەهۆی شەڕەکەوە بەوردی نەزانراوە، بەڵام لە ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووریاییدا هاتوە نزیکەی (٢٤) کەس لەخەڵکی مەدەنی کوژراون کە (٢٢) کەسیان بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیاوە بوون.
باکگراوندی شەڕەکە بەهۆی چیەوەیە؟
بەماوەیەکی کورت لەدوای ئەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە یارمەتی هێزەکانی (یەپەگە) دەدات بۆ دامەزارندنی ئاسایشی سنوری و ڕاهێنان بەهێزەکانیان دەکات و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیان دەکات، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیایش ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونی ڕاگەیاند بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین.
وە سەرۆکوەزیرانی تورکیایش لە لێدوانێکیدا گوتی، تورکیا مەبەستیەتی بەقوڵایی (٣٠ کیلۆمەتر) لەخاکی سووریایدا نوچەیەکی ئارام دروستبکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی تورکیا.
تورکیا ماوەیەکی درێژە هەڕەشەی کۆنتڕۆڵکردنی سەر عەفرین دەکات، وە هەر لەسەرەتای ناردنی هێز بۆ سووریا مەبەستی بوە هێرشبکاتە سەر عەفرین و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، وە (یەپەگە) بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دادەنێت.

هێزە گەورەکانی جیهان چۆن کاردانەوەیان هەبوە؟
ڕۆژی سێشەممە (جەیمس ماتیس) وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی، ئوان بەگرنگیەوە بایەخ بەئاسایشی تورکیا دەدەن، بەڵام ئاگاداریشی کرد کە پێویستە چالاکیە سەربازییەکان بوەستێنرێن.
وە (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیای فیدڕاڵ لەڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا باسی پرسی عەفرینیان کردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەپەیوەندییەکەدا هەردوولایان ڕازیبون دەبێ شکۆمەندی و یەکپارچەیی سووریا ڕێزی لێبیگیرێت.
ڕووسیا کە هاوپەیمانی سووریایە لەشەڕی ناوخۆی سووریادا، هێزە چاودێرەکەی کە لەعەفرین بوو هەر زوو کێشایەوە و، ڕێگای بە فڕۆکەکانی تورکیادا هێرشبکەنە سەر عەفرین.
وڵاتانی ئەوروپا لەنێویاندا ئەڵمان و فەرەنسا نیگەرانن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، (ئیمانوێڵ ماکڕۆن) سەرۆککۆماری فەرەنسا نیگەرانی لەو بارەیەوە بە (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) ڕاگەیاندوە و داوای لێکردوە هێرشەکانی بوەستنێت.
ئەڵمان بەتوڕەیی کاردانەوەی هەبوە لەسەر بەکارهێنانی تانکی (لیۆپارد) کە دروستکراوی ئەڵمانە، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمان لەو بارەیەوە گوتی نابێ ئەڵمان بەردەوام بێ لە پلانی نوێکردنەوەی چەکەکان بۆ هاوپەیمانەکانی ناتۆ.
شیاوی باسکردنە، هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین درێژی هەیە، ئەگەرچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو شەڕە تازەیەی سووریاوە دەربڕیوە بەڵام کاردانەوەی جیدی لەئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتە زلهێزەکان بەدیناکرێ.
نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریداوە کە بەهۆی شەڕی عەفرینەوە چاوەڕێدەکرێ نزیکەی (٣٢٣ هەزار) کەس لە عەفرین توشی ئاوارەیی ببن، وە لەپێش دەستپێکردنی شەڕەکە نزیکەی (١٢٦ هەزار) کەس پێشتر لەعەفرین و ناوچەکانی ئاوارەبوون.
خەڵکی گوندەکانی بەردەم عەفەرین بەشێکی زۆریان ئاوارەبوون و بۆ سەنتەری عەفرین، بەپێی ڕاپۆرتەکان هاتوچۆی خەڵکی و ئاوارەبونیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی سووریا بەستراوە.
نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندوە پێویستە هەموو هێزەکانی بەشداری شەڕەکە هاوڵاتیان بپارێزن، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و، ڕێز لەیاساکانی نێونەتەوەیش بگرن.

© 2017 Hawler