کانونی یەکەم 06, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

کۆڕبەندی ئابوری جیهان لەداڤۆس و چەند نیگایەک

کۆڕبەندی ئابوری جیهان لەداڤۆسی (سویسرا) دەست بەکارەکانی دەکات، لەڕاپۆرتێکدا (سی‌ئێن‌بی‌سی) زانیاری پێویستی لەسەر شێوەی کۆڕبەندەکە و، بەشداربوەکانی و، ئاسایش و خاڵە پەیوەستەکانی ئەو کۆڕبەندە گرنگە خستۆتەڕوو.

داڤۆس چیە؟
کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ساڵانە لەشارۆچکەی داڤۆسی سویسرا سەرانی وڵاتان لەبوارە جیاجیاکاندا کۆدەکاتەوە و، ئەو کۆبونەوەیە دەکەوێتە مانگی کانونی دووەمی هەر ساڵێکەوە. بەشداربوانی کۆبونەوەکە کە چاوەڕێدەکرێ لەو ساڵدا زیاتر لە (٢٥٠٠) بەشداربوو ببن بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دیدار و کۆبونەوەی گرنگ ئەنجامدەدەن، بەشداربوان پێکدێن لە سەرکردەکانی جیهانی و، کەسایەتیە سیاسیەکان و، بازرگانەکان و، کۆمەڵگاکانی مەدەنی، کۆبونەوەکان لەو ساڵدا لەنێوان (٢٣ بۆ ٢٦) ی کانونی دووەمدا ئەنجامدەدرێن.
داڤۆس ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینەهەواری (ئەلپاین سکای) ئەو شوێنەی کە ساڵانە لەمانگی کانونی دووەمدا کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لێ دەبەسترێ، کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ڕێکخراوێکی شێوە سیاسی (بێ قازانجکردن) ی سویسراییە، لەلایەن (کلاوس سکاوب) لەساڵی (١٩٧١) دا دامەزراوە.

ئامانجەکانی کۆڕبەندەکە چین؟
لەسادەترین زاراوەدا، مەبەستی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی پابەندبونە بە باشترکردنی شێوەی پێکهاتەی جیهان، وە ئامانجی کۆکردنەوەی هەمووانە پێکەوە لەسەرکردەکان و، سیاسیەکان و، بازرگانەکان و، کەرتە گشتی و تایبەتەکان و، ڕێکخراوەکان تاوەکو تاوتوێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەروەها گیروگرفتەکانیان بکەن، وە کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەن لەچوارچێوەی سیاسەت و پلانی تازەدا.
لەو بارەیەوە دەستەی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەڵێ، لەو باوەڕەداین لەڕێگای کۆکردنەوەی پێکەوەیی ئەو کەسایەتیانە کەوا کاریگەریان هەیە لەبوارەکانی خۆیاندا دەتوانن کاریگەری ئەرێنی دروستبکەن.
ناونیشانی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ئەو ساڵ بریتیە لە دروستکردنی دواڕۆژی هاوبەش لە جیهانێکی شکاودا، وە لەهەرە ئامانجە سەرەکیەکانی بریتیە لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەلایەن سەرکردەکان و کەسایەتیە کاریگەرە جیهانیەکان بۆ باشترکردنی پێکهاتەی جیهان.

کێ پارە بەداڤۆس دەدات؟
کۆڕبەندی ئابوری جیهانی خەرجیەکی زۆر لەخۆدەگرێت، وە پارەی ئەو کۆڕبەندە لەلایەن یەکە بازرگانیەکانەوە دابیندەکرێ کە وەکو ئەندام یان هاوبەش بەشداری لەچالاکیەکانی کۆڕبەندەکەدا دەکەن.
ئەندامیەتی یان هاوبەشی لەداڤۆس دا کرێی (٦٢ هەزار دۆلار) بۆ (٦٢٢ هەزار) دۆلاری دەوێت وە بەپێی شێوەی بەشداربونەکە زیادی و کەمی کرێیەکە دەگۆڕێت.
ئەوانەی لەدەرەوەی یەکە بازرگانیەکانن بۆ نمونە لەسەرۆکی وڵاتان و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و بەرپرسانی باڵای وڵاتان بەخۆڕایی بەشداری لەکۆڕبەندەکەدا دەکەن و پێویست ناکات کرێ بدەن.
وە شێوەیەکی دیکەش هەیە لەبەڕێوەبردنی چالاکیەکان لەداڤۆس ئەویش ئەوەیە کۆڕبەندەکە کاردەکات لەگەڵ بریکار و کۆمپانیاکانی حکومەتەکان لەسەر هەندێک پڕۆژە، وە ئەرکی دارایی هەندێک لەو چالاکیانە بەو بریکار و کۆمپانیایانە دەسپێرێ.

داتاکان:
ئەو ساڵ (٤٨) هەمین کۆڕبەندی ئابورییە کەدەبەسترێ، ژمارەی بەشداربوان زیاتر لە (٢٥٠٠) بەشداربوون لە زیاتر لە (١١٠) وڵاتی جیهانەوە کەتێایدا کەسایەتیە سیاسی و بازرگانیەکان و کەسایەتیەکانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی و ئاینی و پەروەردەییەکان پێکەوە دیدار و کۆبونەوە و سیمینار و پانێڵ ئەنجامدەدەن.
ڕێژەی (٢١%) بەشداربوان ئافرەت دەبن، وە (٧٩%) یش پیاون، لەدیارترین ئەو کەسایەتیە ئافرەتانەی کە سەرۆکایەتی کۆڕبەندەکە دەکەن حەوت ئافرەتن لەنێویاندا (کریستین لاگاردی) بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و، (جینی ڕۆمێتری) بەڕێوەبەری گشتی ئای‌بی‌ئێم و، (ئێرنا سۆلبێرگ) سەرۆکوەزیرانی نەرویجە.
هەروەها نزیکەی (٣٤٠) سەرکردەی سیاسی کەلەنێویاندا نزیکەی (١٠) سەرۆک وڵات لە ئەفەریقا و، (٩) سەرۆک وڵات یان حکومەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، باکوری ئەفەریقا و (٦) دانەش لە ئەمەریکای لاتینی بەشدار دەبن، وە بەشێک لە سەرۆک و بەرپرسان لەجیهان وەکو میوان بانگهێشت دەکرێن.
ژمارەی کەسایەتیە بازرگانیەکان لەبەرپرسی کۆمپانیاکان و خاوەن بازرگانیەکان نزیکەی (١٩٠٠) سەرکردەن لەهەموو بوارەکاندا، وە نزیکەی (٢٣٠) نوێنەری میدیا و ڕاگەیاندنەکان و (٤٠) سەرکردەی بواری ڕۆشنبیری و فەرهەنگیش تیایدا ئامادە دەبن. هەروەها سەرکردە و بەرپرسانی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و، تەکنۆلۆجیا و، کۆمەڵگاکانی مەدەنی و، یەکیەتیەکان و، کەسایەتیە ئاینیەکان و، زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانیش ئامادەی دەبن.
نزیکەی (٥٠٠) ڕۆژنامەنوس لەداڤۆسەوە ڕووماڵی ڕووداوەکان و کار و چالاکیەکان دەکەن، وە زیاتر لە (٥ هەزار) سەربازی ئەرکی ئاسایشی کۆڕبەندەکە دەگرنە ئەستۆ.

لە (٢٠١٨) ەدا کێ و کێ ئامادەی کۆڕبەندەکەن؟
میوانەکانی لەو ساڵدا بریتی دەبن لە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و، (نارێندا مۆدی) سەرۆکوەزیرانی هیندستان و، (ئیمانوێڵ ماکڕۆن) سەرۆککۆماری فەرەنسا. هەروەها (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و، چەندین بەرپرس و سەرکردەی دیکەی جیهانی لەو (٣٤٠) کەسایەتیە سیاسیە دەبن کە بەشداری لەو کۆڕبەندەدا دەکەن.
شیاوی باسکردنە، لەڕووی سیاسیەوە کۆبونەوەکانی کۆڕبەندی ئابوری جیهان لەسەر گۆڕانکارییەکانی شێوەی دەسەڵات بەڕێوەبردن چالاکی و قسە و باس دەکەن، وە لەڕووی ئابورییەوە سیاسەتی زیاتر بەرفراوان و گشتگیر بۆ تێكەڵکبونی بەرژەوەندی هاوبەش دادەڕێژن لەنێویاندا گەشەسەندنی ئابوری جیهانی و، داڕشتنی پلان و ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردن و پیشەسازییەکانی وڵاتان.
لەمیانەی کۆڕبەندەکەدا چەندین دیدار و سیمینار و پانێڵ بەڕێوەدەچن، بەشداربوان گوێ بۆ دیبەیت و خاڵە سەرەکیەکانی سیاسەت داڕێژەران دەگرن. ئابوری دیجیتاڵی و، هەواڵگری و زانیاری دەستکرد و، هەژاری و کەمدەرامەتی و، کێشە و قەیرانە جیهانیەکان و، مەودای کرێ ئیشی ڕەگەزە جیاوازەکان یان یەکسانی لەکرێی ئیشکردندا لەگرنگترین باس و دانیشتنەکانی کۆڕبەندەکە دەبن.
بەهۆی ئەوەی زۆربەی سەرکردە سیاسی و بازرگانیەکان بەشداری لەکۆڕبەندەکەدا دەکەن و لەیەک شوێن کۆدەبنەوە بۆیە دەبێ گرنگی تەواوەتی بەبواری ئاسایش بدرێت، ئاسایشی داڤۆس لەبەرپرسیاریەتی کانتۆنی (گریسۆن) دایە کە هەرێمێکە لە سویسرا.
(ئاندرێ کڕاسک) گوتەبێژی کۆمیتەی کۆڕبەندی ئابوری جیهان لەبارەی ئاسایشەوە گوتی، ئێمە زانیاری ورد لەبارەی ژمارەی پۆلیس و شێوەی ئاسایشی بڵاوناکەینەوە، وە ئەوەی کە هەیە ئەنجومەنی فیدڕاڵی گارسۆن پلانی بڵاوەپێکردنی زیاتر لە (٥ هەزار) سەربازی لەو ناوچەیەدا پەسندکردوە.
لەبارەی بەئامانجگرتنی هێرشی تیرۆریستی لەو ناوچەیەدا، گوتەبێژی کۆڕبەندەکە گوتی، پۆلیسی گریسۆن و هاوبەشەکان هەوڵی تەواوەتی دەدەن بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ کۆبونەوەکان، دانیشتوانی ناوچەکە و میوانەکان تاوەکو کۆڕبەندەکە لەکەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەڕیوەبچێت.

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler