کانونی یەکەم 06, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

ئەمەریکا ستراتیژی ساڵی ٢٠١١ دووبارەناکاتەوە

لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق لەساڵی (٢٠١١) ەدا، عێراق کەوتە گێژاوی قوڵبونەوەی کێشە سێکتەرییەکانی و هاوکات ئێرانیش دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخسا تاوەکو دەسەڵاتی خۆی لەئاستێکی بەرفراوانتردا بەناو عێراقدا بڵاوکاتەوە.

شەڕی داعش لەڕووی سەربازییەوە کۆتایی هاتوە بەڵام هێشتا پرۆسەیەکی درێژخایەن لەبەردەمدا ماوە بۆ گێرانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکان و، هەروەها دڵنیابوون لەوەی (داعش) جارێکی دیکە لەفۆرمی جیاجیادا سەرهەڵنەداتەوە، وە لەو پێناوەدا ئەمەریکا دەیەوێت درێژە بەئەرکەکانی لەعێراقدا بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (سترەیتیس‌تایمز) لەدوای زیاتر لەسێ ساڵ شەڕکردن لەگەڵ داعش لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە و بەپاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئێستا داعش لەعێراق و لەسووریا کۆتایی پێهێنراوە، بەڵام ئاخۆ ئەرکی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لەدوای ڕووخانی شەڕی داعش لەعێراق و سووریا چۆن دەبێ، هێزەکان دەمێننەوە یان وەکو ساڵی (٢٠١١) دەکشێنەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئەمەریکا ستراتیژی ساڵی (٢٠١١) دووبارە ناکاتەوە، ئامانجی ئێستای هێزەکان ئەوەیە نەهێڵن میلیشیا چەکدارەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە، بۆیە هەرچی پێویستبێ ئەنجامیدەدەن تاوەکو ڕێگا لەسەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستیەکان بگیرێت.
(جەیمس ماتیس) وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەو بارەیەوە گوتی، ئەرکی دەستەی هێزەکان دەگۆڕێت بەرەو هەوڵدان بۆ سەقامگیری وە هەروەها دڵنیابوون لەڕێگەنەدانی سەرهەڵدانی (داعشی ٢) لەعێراقدا.
وە ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت، پێویستی بەکاتێکی درێژ هەیە تاوەکو ناوچەکان بۆ دۆخێکی ئاسایی بگێڕدرێنەوە، هەوڵی زۆر پێویستن، وە ساڵی زۆریشی دەوێن تاوەکو ئەوەی داعش ئەنجامیداوە چاکبکرێتەوە.
هەروەها گوتیشی، داعش خەڵکی لەژێر فشاردا لەنێو مەیدانەکانی جەنگدا دەهێشتەوە، بەهۆی شەڕەوە ناوچە خەڵک نشینەکان وێران و تێکڕوخاون، ئەو ناوچانە پێویستیان بەخاوێنکردنەوە لەڕووی سەربازی و هەڵگرتنەوەی بۆمبەکان هەیە و، هەروەها ئاوەدانکردنەوە و گێرانەوەکانی خزمەتگوزارییەکانیش هەیە، بۆیە ئەو پرۆسەیە پێویستی بەقۆناغێکی دوورو بەردرێژ هەیە.

دەستەی سەقامگیری:
لەدەستە و تیمی شەڕکردن و مەشقی سەربازییەوە بۆ دەستەی سەقامگیری، ئەوە ئەو جۆرە هێزانەدەبن کەعێراق لێرە بەدواوە پێویستی پێیان دەبێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە کە هەندێک لەوڵاتانی هاوپەیمانان دەتوانن ڕۆڵی زیاتریان هەبێ لەکەمپەینی سەرەکی ڕووبەڕووبونەوەی دژی داعشدا، ئەو ڕۆڵە لەئێستادا بریتیە لەڕووبەڕووبونەوەی پروپاگەندەکانیان و،وەمەشقپێکردنی هێزەکانی پۆلیس و دابینکردن و پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی.
هەر لەسەر ئەو بابەتە (نیکۆلاس هێراس) لەسەنتەری ئاسایشی ئەمەریکای نوێ گوتی، هاوبەشی جیاواز پێویست دەبن بۆ ئەرکی جیاواز لەڕووی تیمەکانی گێرانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکان لەعێراق و لەسووریادا.
لەدوای تەواوبوونی شەڕ ئەرکی زیاتر دەکەوێتە سەر هێزەکانی پۆلیس بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ ناوچەکان، بۆیە مەشق و ڕاهێنانی پێویست بەهێزەکانی پۆلیس کارێکی پێویست دەبێ بۆ دهاتووی ناوچەکانی ڕزگاربووی ژێردەستی داعش.
شیاوی باسکردنە، شارەزاییانی بواری ئاسایش و سەربازی لەئەمەریکا هۆشداریان داوە، کە نابێ هەڵەکانی ساڵی (٢٠١١) دووبارەبکرێنەوە و ئەمەریکا لەدوای شەڕی داعش هێزەکانی بکشێنێتەوە، چونکە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی میلیشیا چەکدارەکان و گروپە تیرۆریستیەکان ئەگەرێکی نزیکە و، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە سەقامگیری سیاسی لەناوچەکاندا هێشتا دروستنەبوە.
(ستیڤ وارن) گوتەبێژی هاوپەیمانان لەنێوان ساڵانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦) ەدا گوتی، ئەگەر بێتو ئەو هەڵانە دووبارەبکەینەوە کە لە لەدوای جەنگی عێراق کردمانن ئەوا ئەو تراژیدیایانەی بەدوایدا هاتن جارێکی دیکە توشیان دەبینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەمەریکا نزیکەی (٥ هەزار) سەربازی لەعێراقدا هەیە و، هەروەها (٢ هەزار) سەربازیشی لەسووریادا هەیە، ئەو هێزانە لەئێستادا تا دڵنیابوون لەسەقامگیری ناوچەکان پێویستی دەبن کەبمێننەوە.
نزیکەی (٧٠ وڵات) لەهاوپەیمانیەتی شەڕی دژی تیرۆردا بەشدارن، لەنێویاندا ناتۆ و هەروەها ئینتەرپۆلیش هەن، ئەو وڵاتانە لەو هاوپەیمانیەتیەدا لەدوای شەڕی داعش بەردەوام دەبن بۆ ڕێگرتن لەپرۆپاگەندەکانی داعش و، خاوێنکردنەوەی ناوچەکان لەتەقەمەنیەکان و، مەشق و ڕاهێنان بەهێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و، هەروەها پێشكەشکردنی یارمەتی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبوەکان.

© 2017 Hawler