ئاب 04, 2021

سەنتەرێکی ئیماراتی بۆ ئۆتیزم کرایەوە

لە شارى هەولێر، وڵاتى ئیمارات سەنتەرێکى تایبەت بە نەخۆشانى ئۆتیزمى دروست کردووە بۆ ئەوەى بەدەر لە خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی، ڕاهێنانیش بە نەخۆشانی ئۆتیزم پێشکەش بە تووشبووان و بنەماڵەکانیان بکرێت.

ئۆتیزم یا گۆشەگیری یا تەنیایی، گرفتێکە لە گەشەی‌ ئاڵۆزى نێو مێشک کە لەئەنجامی‌ تێکچوونی‌ فەرمانەکانی‌ دەمار و مێشک ڕوودەدات، لە سێ ساڵی‌ یەکەمی‌ قۆناغی‌ گەشەی‌ منداڵدا دەردەکەوێت، بەمەش زمان و ئاخاوتن باش گەشە ناکەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى منداڵەکە لاواز و هەندێک ڕەفتاری‌ نائاسایی دەکات.
ئێستا لە هەرێمى کوردستان ئەم نەخۆشییە لە منداڵان بە بەراورد بە جاران زیاتر دەردەکەوێت و هەر ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى کە هەم هەرێمى کوردستان و هەم وڵاتان و ڕێکخراوەکان گرنگى پێ بدەن، بۆیەشە بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د.محەمەد فەلاحی، ئەمینداری گشتی مانگی سووری ئیماراتی و ئەحمەد زاهری کونسوڵی گشتی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمى کوردستان، سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە شاری هەولێر کرایەوە.
لەم سەنتەرەدا خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ڕاهێنانەوەی نەخۆشانی ئۆتیزم پێشکەش بە تووشبووانى ئۆتیزم و بنەماڵەکانیان دەکرێت.
ڕێژەی توشبوون لە ١٠ هەزار منداڵدا نزیكەی چوار منداڵە و لەناو ڕەگەزی نێردا بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ لە مێینە زیاترە. ئەم نەخۆشییە لە ساڵی ١٩٤٣ى زایینی لە لایەن لیۆ كارنەری پسپۆڕی نەخۆشی دەروونی منداڵان، خەسڵەت و نیشانەكانی دیاری كرا و بووە سەرەتای دیاریكردنی نەخۆشیەكە. ئەم نەخۆشییە کە پێنج جۆرى (کلاسیكی، ئیسپرجە، سافاند، ئێكس ئەلهەش و ڕێت) هەیە.
ڕێژەى تووشبووان لە هەرێم:
تا ئیستا ئامارێکى وردى لە هەرێمى کوردستان لەسەر دەست نەخراوە، بەڵام ئەوانەی سەردانی سەنتەرەكانی ئۆتیزمیان كردووە یان بە فەرمی ناویان تۆمارە لە سەنتەرەكانی هەرێمی كوردستان (٣ سەنتەری حكوومی و ٢٠ سەنتەرى ناحكوومى)، دەگوترێت زیاترە لە ٣ هەزار كەس و ساڵانە ٥٠ منداڵ بەم ژمارەوە زیاتر دەبێت.
ڕێژەکەش لە پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
ـ لە پارێزگاى هەولێر: ٩٠٠ منداڵ
ـ لە پارێزگاى سلێمانى: ١٠٥٠ منداڵ
ـ لە پارێزگاى دهۆک ٧٥٠ منداڵ
ـ لە کەرکوک کە لە دواى نەمانى هێزى پێشمەرگە لەو شارە بە شێوەى گریمانەیی ٢٥٠ منداڵە.

هۆکارەکانى تووشبوون:
تا ئێستا هۆکاری‌ سەرەکی نەخۆشییەکە دیار نییە، بەڵام بە چەندین تیۆر ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکار کراوە وەک:
ـ ڕۆڵی‌ بۆماوەیی‌ کە بەرپرسە لە گواستنەوەی‌ حاڵەتەکە.
ـ کۆمەڵێک هۆکاری‌ پەروەردەیی و تەکنەلۆژی ڕۆڵی‌ سەرەکییان هەیە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە
ـ گرفتەکانی‌ کاتی‌ لەدایکبوون و هەوکردنەکانی‌ کاتی‌ دووگیانی‌ و لەدایکبوون و دوای‌ لەدایکبوون رۆڵی‌ دەبێت بە توشبوون بە حاڵەتەکە.
ـ پشتگوێخستنی‌ مناڵ له‌ تەمەنی‌ سێ ساڵی‌ یەکەمی‌ ژیان و لاوازى گەشەی‌ ژیری‌ مناڵ.
ـ هۆکارە ژینگەییەکان وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و مادە ژەهراوییەکان

نیشانەکانى تووشبوون:
نیشانەکانی تووشبوون بە‌ ئۆتیزم لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بۆیە هیچ کات دوو توشبووی‌ ئۆتیزم نیشانەکانی‌ لە یەکتر ناچێت، بەڵام بەپێی کۆمەڵەی‌ پزیشکی‌ دەروونی‌ ئەمەریکی‌ (DSM5)ك سێ نیشانەی‌ سەرەکی‌ فج‌ دەستنیشانکردنن ئۆتیزم هەن:
یەکەم: گرفتی‌ زمان و ئاخاوتن: مناڵانی‌ ئۆتیزم بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ گرفتی‌ زمان و ئاخاوتنیان پێوە دیارو ئاشکرایە دواکەوتنی‌ زمانی‌ دەربڕینیان هەیەو لاوازی‌ تێگەیشتن لەزمانی‌ جەستەو هاوسۆزی‌ یاخود زمان وەک ئامرازێکی‌ کۆمەڵایەتی‌ و پەیوەندیگرتن بەکارناهێنن.
دووەم: لاوازى پەیوەندیی کۆمەڵاییەتی لە تووشبووانی‌ ئۆتیزم جیاوازە بە بەراورد بە منداڵانی ئاسایی کە لەبەر لاوازى ئاخاوتن و کەمى بەشدارى بەشداریکردنەکان و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی‌ و حەز بۆ تەنیایی، گۆشەگیر دەبن.
سێیەم: منداڵانی ئۆتیزمی بەردەوام رەفتار دووبارە دەکەنەوە و حەزی لە‌ گۆرینی‌ شتووموک و گۆڕانکاری‌ نییە لە ژینگەکەی و‌ جووڵەی‌ سەیر و ناوازە ئەنجام دەدات بەشێوەیەکی‌ بەردەوام وەک بازهەڵدان و جوڵانی‌ دەستەکانی‌ و باڵەفڕکێ.

چارەسەرى تووشبووان:
ئەم سەنتەرانەى ئۆتیزم کاریگەرى باشیان هەبووە لە باشترکردنى دۆخى منداڵانى تووشبوان، ڕاستە تا ئێستا چارەسەری یەکلاکەرەوە نییە لە دونیادا بەڵام گۆڕینى کەلتوورى پشتگوێخستن لە لایەن بنەماڵەکانەوە خۆى هەنگاوێکى دڵخۆشکەرە لە هەرێمى کوردستان و کردنەوەى ئەم سەنتەرانەش لەسەر ئەم بنەمایەیە و زۆرێک لە دایک و باوکەکان پێیان وایە کە منداڵەکان تووشبووەکانیان بەرەو باشتر چونە.

© 2017 Hawler