حوزەیران 22, 2021

دووەم دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دەچێتە بۆشایی ئاسمان

جێف بێزۆس، دووەم دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بڕیاری داوە گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان بکات و دەڵێت، "لە پێنج ساڵییەوە خەون بەوەوە دەبینم گەشت بۆ ئاسمان بکەم".
 
جێف بێزۆس، خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەمازۆن لە ڤیدیۆیەکی ئینستاگرامدا رایدەگەیێنێت کە دەیەوێت لە 20ـی تەممووز لە رێگەی یەکێک لە کۆمپانیا ئاسمانییەوانییەکانی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان بکات و ئاماژە بەوەش دەدات کە دەیەوێت براکەی لەگەڵدا بێت.
 
ئەو سەرمایەدارە جیهانییە بەشێکی زۆری سامانەکەی لە رێگەی کۆمپانیا ئەمازۆن بەدەستهێناوە کە کۆمپانیای گەیاندنی کەلوپەل و شتومەکە و لە ساڵی 2020 بەهۆی کەرەنتین و قەدەخەی هاتووچۆوە قازانجێکی گەورەی کرد و شوێنی خۆی لەنێو دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیهان کردەوە و ئێستا خاوەنی 187 ملیار دۆلارە.
 
ئەگەر بێزۆس گەشتەکەی بکات، دەبێتە یەکەم ملیاردێر کە گەشتێکی لەو شێوەیەی کردبێت. ئەو ملیاردێرە خاوەنی کۆمپانیای ئاسمانیی بلو ئۆریجنە کە ماوەی دوو دەیەیە سەرمایەیەکی زۆری لەو کۆمپانیایە خەرجکردووە کە بە ساڵانە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
بێزۆس لە ساڵی 1994 بە بڕی 250 هەزار دۆلار دەستی بە دروستکردنی کۆمپانیای ئەمازۆنی کە سەرەتا کاری گەیاندن و فرۆشتنی کتێب بوو بە ئۆنلاین، لە ساڵانی رابردوودا توانیی کۆمپانیاکە بکاتە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان.
© 2017 Hawler