حوزەیران 22, 2021

لە پیرۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرێت

ئەمڕۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پیرۆ لە ئەمریکای باشوور بەڕێوەدەچێت و رکابەرییەکی زۆر بەهێزیش لەنێوان دوو بەربژێردایە.
 
کێبڕکێیەکە لەنێوان پێدرۆ کاستێلۆ، سیاسەتڤانی پۆپۆلیستی کە نوێیە بە جیهانی سیاسەت لەگەڵ کایکۆ فوجیمۆری، کەسایەتی راستڕەودایە کە هاوکات کچی ئالبێرتۆ فوجیمۆری، سەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی پیرۆیە.
 
لە خولی یەکەمدا هیچکام لە بەربژێرەکان 50+1ـی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا بە جۆرێك کە کاستێلۆ لە 19٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو لە بەرامبەردا فوجیمۆری 13.6٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، چاوەڕێش دەکرێت لە خولی دووەمدا رکابەرییەکە بەهێزتر ببێت و جیاوازیی نێوان هەردوو بەربژێر لە کەمترین ئاستدا بێت.
 
پیرۆ یەکێكە لە وڵاتە هەژارەکانی ئەمریکای باشوور، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 32 ملیۆن کەسە، کە زیاتر لە 20٪ یان لەژێر هێڵی هەژاریدان.
 
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکە، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لە پیرۆ مافی دەنگدانیان هەیە. ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەڵبژێردراویش تاوەکو ساڵی 2026 دەبێت. 
 
ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە بەپێی ئامارەکانی (Reniec)، زیاتر لە 12 ملیۆن و 745 هەزار کەسن کە 50.4٪ـی دەنگدەران پێکدەهێنن. لەکاتێکدا 49.5ـی دەنگدەران پیاون. 
 
لە رێککەوتی 30ـی مانگی ئادار، هەردوو بەربژێرەکە دوای دیبەیتێک کۆتاییان بە بانگەشەی هەڵبژاردن هێنا، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمڕۆ رکابەرێتییەکە یەکلابکرێتەوە. 
 
بنکەکانی دەنگدان 07:00ـی بەیانی بەکاتی نێوخۆیی ئەو وڵاتە (15:00 بە کاتی هەولێر) دەکرێنەوە تاوەکو کاژێر 07:00ـی ئێوارە. بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش، داوا لە دەنگدەران دەکرێت پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان بن.
© 2017 Hawler