ئەیلول 19, 2021

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێرانین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە نزیکەوە و لە رێگەی ئەمریکاوە ئاگاداری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی تایبەت بە ئێرانن، کە ئێستا لە ڤیەننا بەڕێوەدەچن.
 
بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لۆید ئۆستن، هاوتا ئەمریکییەکەی رایگەیاند، ئێران هێشتا بەردەوامە لە پەرەدان بە چەکە ئەتۆمییەکانی و هەروەها پڕچەککردنی میلیشیاکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
گانتز قسەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد و گوتی: "ئیسرائیل لەڕێگەی ئەمریکاوە لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننایە و پێکەوە لە ژوورە داخراوەکاندا بە ئامانجی هاوبەشیان دەگەن کە بریتییە لە رێگریکردن لە ئێران لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی".
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئێران بە گەورەترین کێشە و هەڕەشە زانی و گوتی: "ئێران گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و هەڕەشەشە بۆ سەر ئیسرائیل"
 
وڵاتانی 4+1ی بەشدار لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتننامەکە، کە لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە. هەروەها دەیانەوێت ئێران رازی بکەن پابەندبێت بە رێککەوتنەکە.
 
وڵاتانی 4+1 تاوەکو ئێستا پێنج جار بە جیا لەگەڵ ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەش رۆژی چوارشەممەی رابردوو بوو.
© 2017 Hawler