ئەیلول 19, 2021

پووتین: بەشی یەکەمی پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو تەواوبوو

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، کارکردن لەسەر بۆڕی یەکەمی پرۆژەی نۆرد ستریم دوو تەواو بووە کە بە نێو دەریای باڵتیکدا دەڕوات و رووسیا و ئەڵمانیا پێکەوە گرێدەدات. 
دوێنێ، 04-06-2021 لە کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی رووسیا گوتی، "ئەمڕۆ، کاری دانانی بۆڕی یەکەمی نۆرد ستریم دوو بە سەرکەوتوویی تەواوبوو. کارکردن لەسەر بۆڕی دووەم بەردەوامە."
 
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کۆمپانیای گازپڕۆم ئامادەیە لە رێگەی ئەو بۆڕییەوە دەست بە هەناردەکردنی گاز بکات. 
 
پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە. ئەمریکا دژایەتیی پرۆژەکە دەکات و هەوڵدەدات شکستی پێ بهێنێت، چونکە پێیوایە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتە ئەوروپییەکانی هاوپەیمانی؛ رووسیاش لەلایەن خۆیەوە دەڵێت، "ئەمریکا دەیەوێت ئەوروپا گازی سرووشتی تەنیا لەو بکڕێت".
 
سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ گوتی، وڵاتەکەی دەیەوێت هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتری لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا هەبێت. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئەوروپییەکان بە یۆرۆ گاز لە رووسیا بکڕن نەک دۆلاری ئەمریکی، ئەوەش لە کاتێکدایە مۆسکۆ هەوڵدەدات بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەری، پشتبەستن بە دۆلار کەمبکاتەوە. پووتین گوتی، "ئێمە بەتەواوی بەوە رازین یۆرۆ لە پارەدانی گازدا بەکاربێت. بێگومان دەکرێت ئەمە بکرێت؛ رەنگە پێویستیش بێت وا بکرێت."
 
ئەم گوتەیەی پووتین لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، هەموو ئەو سامانەی کە بە دۆلار هەیەتی، دەگۆڕێت بۆ دراوەکانی دیکە. سەرۆکی رووسیا گوتیشی، "ئەو قسەیەی کە دەڵێت 'رووسیا خەمی ژینگەی نییە'، پڕوپووچە" و بەڵێنیشیدا کە رووسیا خێراتر لە ئەوروپا دەردانی گازە گەرمکەرەکان کەمبکاتەوە. 
 
پووتین لەو بارەوە رایگەیاند، "لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوودا، قەبارەی گازە گەرمکەرە دەردراوەکان پێویستە کەمتر بێت لەوەی کە لە ئەوروپا هەیە."
 
پووتین لە گوتارەکەیدا پەسنی هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گوتیشی، داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات بۆ ئەو خەڵکەی کە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین دەچنە نێو رووسیا، کوتان بکەن بە پارە. 
 
سەرۆکی رووسیا لەو بارەیەوە گوتی، "خەڵک لە وڵاتانی جیاجیاوە، لە نێویشیاندا بازرگانەکان، سەرۆکی کۆمپانیا ئەوروپییە گەورەکان و کۆمپانیاکانی دیکە، سەردانی رووسیا دەکەن تایبەت بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن."
© 2017 Hawler