ئایار 16, 2021

ڤاکسینەکان ئاستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ نیوە کەمدەکەنەوە

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

لە تازەترین دیراسە کە لەلایەن تەندروستی گشتی ئینگلاندەوە ئەنجامدراوە دەرکەوتوە ڤاکسینەکانی دژی کۆڕۆنا زۆر کاریگەر و ئیشکەرن، نەک هەر توشبوونی سەخت کەمدەکەنەوە بەڵکو ڕێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەش دەکەن و کەمتری دەکەنەوە.

تەنها بە وەرگرتنی دۆسێک لە ڤاکسینەکانی (فایزەر یان ئاسترا زێنیکا) دەتوانرێ توانای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ئاستی نیوە کەمبکرێتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) دا کە پەیوەستە بە دیراسەکەوە دەڵێ، ئەوانەی بە ڤاکسینی (فایزەر یان ئاسترا زێنیکا) کوتراون و دواتر لە دوای سێ حەفتە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئەوانە بەڕێژەی (٣٨% بۆ ٤٩%) کەمتر ڤایرۆسەکە بۆ خەڵکی دیکە دەگوازنەوە بەبەراوورد بەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتوە.
لەو بارەیەوە (مات هانکۆک) وەزیری تەندروستی بەریتانیا گوتی، ئەوە هەواڵێکی گەورەیە، داوا لە هەموو کەس دەکەم، ئەوانەی مافی وەرگرتنیان هەیە بچن ڤاکسینەکانیان وەرگرن.

کەی لەدوای ڤاکسین وەرگرتن بەرگری پەیدادەبێت؟
لە دیراسەکەدا کە لەلایەن تەندروستی گشتی ئینگلاند (پی‌ئێچ‌ئی) یەوە ئامادە کراوە دەرکەوتوە، (١٤ ڕۆژ) لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆڕۆنا بەرگری پەیدادەبێت، ئاستی بەرگرییەکەی هەموو کەس وەکوو یەکە، واتە بەبێ گوێدانە تەمەن و باری کەسەکان، هەموو ئەوانەی ڤاکسینی دژی کۆڕۆنا وەردەگرن لە یەک ئاستدا بەرگری پەیدادەکەن.
دکتۆر (مێری ڕەمزای) سەرۆکی بەشی بەرگری نەخۆشیەکان لە (پی‌ئێچ‌ئی) گوتی، ڤاکسینەکان زۆر گرنگن یارمەتیمان دەدەن تاوەکو بگەڕێینەوە باری ئاسایی لە ژیاندا. هەڵبەتە ڤاکسینەکان بەتەنها نەخۆش کەوتنی توند و ڕێگریکردن لە مردنی ڕۆژانە کەمناکەنەوە، بەڵکو ئێستا دەبینین کە کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی بڵاوبونەوە و گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەش.
هەروەها گوتیشی، ئەوەی لەسەر کاریگەری ڤاکسینەکان دۆزراوەتەوە ئومێدبەخش و هاندەرە، بەڵام پێویستە خەڵکی بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە بکەن و وا حساب بکەن کە ڤایرۆسەکەیان هەیە، هەروەها دەستەکانیان باش بشۆن و ڕێکارەکانی تێکەڵاونەبوونی کۆمەڵایەتی بپارێزن.
شارەزایانی بواری ڤایرۆسەکان داوادەکەن خەڵکی بەگەرموگوڕییەوە پێشوازی لە وەرگرتنی ڤاکسینەکانیان بکەن، چونکە تەنها ڤاکسینەکان یارمەتیدەردەبن بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستای کۆڕۆنا.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو دیراسەیە لە ناو خێزان و ماڵەکاندا لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی لەسەر ئەنجامدراوە، (پی‌ئێچ‌ئی) لەو بارەیەوە گوتی، چاوەڕێدەکەن لە شوێنەکانی دیکەش ئەوانەی لە ژێر مەترسیدان وەکوو خانەی بەساڵاچووان و زیندانیەکانیش هەمان ئەنجامی هەبێ لە کەمکردنەوەی توانای بڵاوبوونەوە و دەستاودەستکردنی ڤایرۆسەکە.
هەندێک نیگەرانی هەن کە ئەو ڤاکسینانە لەسەر جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئیش نەکەن یان کاریگەرییان نەبێت، بەڵام شارەزایانی بواری ڤاکسینەکان گەشبینن و دەڵێن، ئەو ڤاکسینانەی ئێستا ئاستێکی بەرچاو لە بەرگری پەیدادەکەن بەتایبەتی لەڕووی نەهێشتنی نەخۆشکەوتنی توندەوە، بۆیە چاوەڕێدەکەن ئەو ئاستە بەرفراوانە کاریگەری لەسەر جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناش هەبێت.
شیاوی باسکردنە، (پی‌ئێچ‌ئی) دیراسەیەکی بەرفراوانی لەسەر ڤاکسینەکانی (فایزەر و ئاسترازێنیکا) ئەنجامداوە و ئەنجامی زۆر باشی هەبوە، ئەو ڤاکسینانەی ئێستا ڕێگری لە نەخۆشکەوتنی تونددەکەن و، مردن کەمدەکەنەوە و، هەروەها ئاستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەش لە کەسێکەکەوە بۆ کەسێکی دیکە کەمتردەکەنەوە.
بۆیە ئەگەر بمانەوێ پارێزراوبین و، ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئاسایی خۆی پێویستە هەر تاکێک ئەوانەی مۆڵەتی وەرگرتنی ڤاکسینایان هەیە بەگەرمیەوە پێشوازی لەوەرگرتنی ڤاکسینەکان بکەین لەپێناو پاراستنی خۆمان و، پاراستنی کۆمەڵگەش.

© 2017 Hawler