ئازار 08, 2021

کۆنە شوورا گەورەکەى ئامەد رووخێندرا

تەنیشت رووباری دەچڵە (دیجلە) لە باكووری رۆژهەڵاتی ئامەد، شوورایەکی مێژوویی و کۆنی لێیە كە ٥٨٠٠ مەتر درێژە؛ ئەگەرچی ناوی چووەتە لیستەی ئاسەواری یوونسکۆوە، کەچی شارەوانی ئامەد خەریکە بیڕووخێنێت و، هاووڵاتیانی نیگەران کردووە.

دیوارەسوور كە درێژاییەكەی ٥٨٠٠ مەترە و بەرزاییەكەشی ٢٢ مەترە، لە ٢٠١٥ لە لایەن یونسكۆوە بە فەرمی وەكو شوورایەکی مێژووی ناسێنرا و ناوی چووە لیستەوە، بەڵام شارەوانی ئامەد بە بێ گوێدانە یونسكۆ بڕیاری رووخانی دیوارەكەی داوە.
ئەو شوورایە و تاوەری حەفتبرا و تاوەری بەدەنێكی بەشوودراو، لە سەردەمی ئارتوكلوەكاندا دروست كراوە و لە لایەی ئامەدییەكان و ئەو گەشتیارانەی رووی تێدەكەن سەرنجڕاكێشە و هەزاران وێنەی لەگەڵدا گیراوە.
لە نێوان تاوەری حەفتبرا و بەدەنێكی بەشوودراودا، ناوچەیەك دروست كراوە بە ناوی (بێنووسێن)، كە لە ٢٠٠ خانوو و باڵەخانە پێك هاتووە. بە رووخانی ئەو دیوارە و دروستكردنی پڕۆژەیەك لەسەری، ٧٢ باڵەخانە دەڕووخێنرێت و هاووڵاتیانیش بە پارەیەكی كەم قەرەبوو دەكەنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، ناوچەی (بێنووسێن) تا باخچەی میللەت درێژ دەبێت و ئیدی هاووڵاتیان دەبێت بە پێ بەو شوێنەدا بڕۆن وەكو شوێنێكی گەشتیاری.
مونیر كەڕاڵئۆغڵو پارێزگاری ئامەد، ئاماژە دەدات ”ئێمە دەستمان كردووە بە چۆنییەتی قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی خاوەن مڵكن و، نامانەوێت مافیان بفەوتێت. تاوەكوو ئێستا دەملیۆن لیرەمان وەكوو قەرەبوو داوەتە ئەو كەسانەی مڵكیان لێ دەكەوێتە سەر ئەو پڕۆژەیە و بەردەوامیش دەبین لە قەرەبووكردنەوە“.
دانیشتوانی ئەم ناوچەیە زۆر هەژاران، لە ساڵی ١٩٩٠ ەكاندا بە زۆر نێردراون بۆ ئەوێ و ئیدی ژیانێكی هەژارانەیان هەبووە.
فەتحییە گولتەكین كە دانیشتووی ناوچەی (بێنووسێن)ـە، خانوویەكی هەبووە و بە هۆی ئەو پڕۆژەیەوە شارەوانی خانووەكەی رووخاندووە و لە بری ئەو خانووەش، بە ٥٦هەزار لیرە قەرەبوو کراوەتەوە، بەڵام ئەو دەڵێت ئەو پارەیە كەمە و، ئێستا چوونەتە خانوویەكی بە كرێ و مانگانە ٣٠٠ لیرە كرێ دەدەن.
ئەو بۆ ”هەولێر“ قسە دەكات و دەڵێت ”تەنیا ٢ كوڕم هەبوو، ئەویش یەكێكیان بە رووداوی هاتوچۆ لەکیسم چوو. ئێستا بژێوی ژیانمان زۆر خراپە، چونكە جاران هەر هیچ نەبایە خانوویەكمان هەبوو تێیدا بژین، بەڵام ئێستا كرێخانوو ژیانی تاڵ كردووین“
عەزیزە ئەردۆغانیش یەكێكی ترە لەو ئافرەتەی خاوەنی ٧ سەر خێزانن، ئەو دەڵێت بە هۆی شەڕی ناوچەی سوور، ئێمە گوێزراینەوە بۆ ناوچەی (بێنووسێن)، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئێستا لە خانووەكەمان دەركراوین ژیانمان كولەمەرگییە و نازانین بۆ كوێ بڕۆین.
هاووڵاتیان نیگەرانن لەو پڕۆژەیە، چونكە ژیانی ئەوان تێك دەچێت لە پێناو پڕۆژەیەكدا، بۆیە داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار بە هانایانەوە بچن.
عەزیز دەرین قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و، دەڵێت گیرفانم تەنیا ١٥ لیرەی تێدایە، ئەو قەرەبووەشی لە بری خانووەكەم وەرمگرتووە، لە شوێنێكی تردا یەك ژووریشم پێ ناكڕدرێت، ئیتر نازانم هانا بۆ كێ ببەین.

© 2017 Hawler