کانونی دووەم 27, 2021

دژایەتیكردنی ریفڕاندۆم كوردە موحافیزكارەكانی لە ئاكەپە نیگەران كرد

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

بە هۆی ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان وازی لە پرسی چارەسەری هێنا و، هەروەها سیاسەتێكی توندی بەرامبەر بە هەدەپە پەیڕەو كرد و، لە سەروبەندی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە توندی دژی وەستایەوە، بۆیە كوردە موحافیزكارەكان لە ئاكەپە و ئەردۆغان جیابوونەوە و لەسەر سندووقی دەنگدانیش تۆڵەیان لێی كردەوە.

بە گوێرەی چەند چاودێرێكی سیاسی توركیا، دژایەتیكردنی ریفراندۆم لە لایەن خودی ئەردۆغان و ئاكەپە، كوردەكانی نیگەران كرد، بە تایبەت ئەو كوردە موحافیزكارانەی لە هەموو هەڵبژاردنێكدا دەنگیان بۆ ئاكەپە بووە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی ٣ی ٢٠١٩، ئاكەپە گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا و ئەدەنای لە دەستدا، یەكێك لە هۆكارەكانیش توڕەبوونی كوردە موحافیزكارەكان بوو لە ئاكەپە و، ئەوان وەكوو تۆڵەیەك بۆ ئاكەپە دەنگیان لە كاندیدی جەهەپەدا.
رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان هەموو هەوڵێك دەدات تا كوردە موحافیزكارەكان ئاشت بكاتەوە، ئەگەر ئەوەشی بۆ نەكرا پلانی تری هەیە.
ئەردۆغان دەیەوێت هەریەك لە پارتی سەعادەت و پارتی باش لە هاوپەیمانی (میللەت) داببڕێت، ئەویش لە رێگەی چەند كۆبوونەوەیەكی نهێنییە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ٢ پارتە.
ئەوەی دەمێنێتەوە (جەهەپە و هەدەپە)یە، ئەو دەزانێت ئەو ٢ پارتە هەرگیز نابنە هاوپەیمانی ئاكەپە و ئەردۆغان، بۆیە لە رێگەی ترەوە گورزیان لێ دەوەشێنێت.
وەكوو (جومهوریەت) باسی لێوە كردووە، ئەردۆغان دەیەوێت كوردە موحافیزكارەكان لە هەدەپە بكاتەوە و، ئەگەر دەنگ بە ئاكەپەش نەدەن رێگەی سێیەم بدۆزنەوە، كە هاوپەیمانییەتێكی ترە لە نێوان پارتەكانی تری توركیا، بەمەش دەنگی هاوپەیمانی (میللەت) كەم دەبێتەوە، كە ركابەرێكی سەختی هاوپەیمانی (كۆمارییە) لە نێوان ئاكەپە مەهەپەدا.
تەلەڤزیۆنی (CNN)ی توركیا لە رێگەی چەند بەرنامەیەكی سیاسییەوە ئەوەی روونكردووەتەوە، كە ئەنكەرا دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەولێر تا ئەوپەڕی باشتر بكاتەوە، چونكە چەند هەولێر و ئەنكەرا پەیوەندییەكانیان باش بێت، سوودی بۆ هەردوو لا هەبووە و پڕۆسەی ئاشتیش لە توركیا هەنگاوی باشی ناوە.
پێشتریش چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی توركیا باس لەوە كراوە، كە سەرۆك بارزانی رۆڵی گرنگی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی پڕۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای شەڕی خەندەق هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەردا هات.
چەند ئەندام پەرلەمانێكی كوردی سەر بە ئاكەپەش پێیان باشە، رۆڵی بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی بە هەند وەربگیرێت، چونكە بارزانی كەسایەتییەكی گرنگی ناوچەكەیە و وەكوو سەرۆكێكی هەر ٤ پارچەی كوردستانیش سەیر دەكرێت.

© 2017 Hawler