تشرینی دووەم 26, 2020

دۆناڵد تڕەمپ لەدوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی چی دەکات؟

(دۆناڵد ترەمپ) هەتا (٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١) لەناو کۆشکی سپیدا دەمێنێتەوە، بەڵام لەدوای ئەوە سەرۆکایەتیەکەی ڕادەستی براوەی سەرۆکایەتی نوێی ئەمەریکا دەکات و پەیوەندی دەکات بەیانەی سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکاوە.

لەمێژووی سەرۆکەکانی پێش خۆیدا، سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا هەریەکە خۆی بەکارێکەوە سەرقاڵ کردوە، بۆ نمونە هەندێک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا بە کاری مرۆیی و، پەروەردە و، نوسین و، وێنەکێشان و... هتد خۆیان سەرقاڵ کردوە، بەڵام (دۆناڵد ترەمپ) کەمتر کەلتورێکی سیاسی هەبوە و، بۆ ئەو دۆخی دوای سەرۆکایەتی جیاواز دەبێت.
(تیم کالکینس) پرۆفیسۆری بواری مارکێتینگ لە زانکۆی کێلۆگ لەبارەی (دۆناڵد ترەمپ) ەوە دەڵێ، ئەو زۆربەی نەریتەکانی شکاندون، بۆیە هیچ هۆکارێک نیە کەوا (دۆناڵد ترەمپ) وەکو سەرۆکەکانی پێشوو هەڵسوکەوت بکات.
ئەی کەواتە چۆن دەبێ و چی دەکات، ئەوانەی خوارەوە ئەو ئەگەرانەن:
یەکەم: لەوانەیە جارێکی دیکە خۆی بەربژێربکاتەوە:
لەوانەیە ئەوە کۆتایی خواستی سیاسی (دۆناڵد ترەمپ) نەبێ و پێدەچێ بۆ دووەم خولی سەرۆکایەتی لەئایندەدا خۆی بەربژێربکاتەوە، هەروەکو (گرۆڤەر کلێڤیلاند)ی پێشوو.
(گرۆڤەر کلێڤیلاند) تەنها سەرۆک بووە لەدوای بەجێهشتنی کۆشکی سپی دوای چوار ساڵ گەڕاوەتەوە و، ئەو یەکەم جار ساڵی (١٨٨٥) سەرۆکی ئەمەریکا بوە، دوای دۆڕانی، جارێکی دیکە لەساڵی (١٨٩٣)ێدا بۆتەوە سەرۆکی ئەمەریکا.
بەپێی دەستووری ئەمەریکا، هیچ کەسێک لەدوو خول زیاتر ناتوانێت سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات، زۆربەی ئەوانەی لە (دۆناڵد ترەمپ) ەوە نزیکن ئەو هیواخوازیەی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا تێدا بەدیدەکەن.
(میک مولڤێنی) سەرۆکی دەستەی ستافەکانی پێشووی کۆشکی سپی لەو بارەوە گوتی، بەدڵنیایی (دۆناڵد ترەمپ) لەلیستی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی ساڵی (٢٠٢٤) دەبێت.
دووەم: شەڕە یاساییەکانی دەکات:
بەڕێز (ترەمپ) بەهۆی پێگەکەی کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بوو لە کێشە یاساییەکانی دووربوو، بۆیە لەدوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی دەشێ ئەو گرفتە یاساییانەی کە هێشتا ماونی ڕووبەڕووی ببنەوە.
هەندێک لەو کێشە یاساییانەی ئێستا لە لێکۆڵینەوەدان لە نیۆرک، لەوانە ناردن و پێدانی پارە بە دوو ئافرەت کە دەگوترێ پەیوەندی سۆزداری لەگەڵیاندا هەبوە، وە بەڕێز (ترەمپ) ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردونەتەوە.
هەروەها دوو کەیسی دیکەیشی هەیە کە شاڵاوی سێکسی کردۆتە سەر دوو ئافرەتی جیاجیا، ئەو دوو کەیسەشی ڕەتکردۆتەوە.
هەروەها خوشکەزایەکەی (ماری ترەمپ) کەیسێکی لەدژی (ترەمپ) و دوو ئەندامی دیکەی خێزانەکەیان کردۆتەوە و تاوانباریان دەکات بە گەندەڵێ و گەلەکۆمەی خێزانی.
سێیەم: ڕزگاکردنی ئیمپایەری بازرگانیەکەی:
پێش ئەوەی بەڕێز (ترەمپ) ببێتە سیاسی ئەو بازرگانێکی سەرکەوتوو و بەناوبانگ بووە، وە ئەستێرەیەکی دیاری بواری تەلەفزیۆن و میدیا بوە و ناوی لەسەر ڕۆژنامە و شاشەی تەلەفزێۆنەکان ناوێکی ناسراوبوە.
لەوانەیە بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی کە چوار ساڵ پێش ئێستا بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەجێیهێشت و جارێکی دی بگەڕێتەوە دنیای بازرگانی.
(نیۆرک‌تایمز) ڕاپۆرتێکی لەسەر قەرزەکانی بەڕێز (ترەمپ) هەبوە و تیایدا نوسیویەتی نزیکەی (٤٠٠ ملیۆن دۆلار) قەرزی هەیە کە لەماوەی دوو بۆ سێ ساڵی دیکەدا بۆی دێنەوە، ئەوە تەنها بەشێکی کەمە لەو داهاتە زۆرەی کە ڕێکخراوی (ترەمپ) هەیەتی.
بێگومان ڕێکخراوی (تڕەمپ) ژمارەیەکی زۆر هۆتێل و یانە و کۆرسەکانی (گۆڵف) ی هەن، هەروەها باڵەخانەی بڕاندی (ترەمپ) ی لە مۆمبای و، ئیستانبوڵ و، فلیپین و، واشنتن هەن، وە کۆرسی یاری (گۆڵف) ی لە ئەمەریکا و، بەریتانیا و، دوبەی و، ئەندۆنیسیا هەیە.
ئەگەر گەڕانەوە بۆ بواری بازرگانی هەڵبژێرێت ئەوا چەندین ئیشی زۆر لەپێشی هەن بیانکات و بەشێک لەو بازرگانیانەی ئێستا بەهۆی پاندێمێکی کۆڕۆناوە لەڕووی داهات و ئیشەوە خراپ پێکراون دەبێ ڕزگاریان بکات، لەسەر ئەو بابەتە (فۆربس) لە ڕاپۆتێکیدا نوسیویەتی زیانەکانی بواری دارایی و بازرگانی کۆمپانیایەکانی بەهۆی کۆڕۆناوە دەگاتە (یەک ملیار دۆلار).
چوارەم: پیشەی میدیایی:
بەڕێز (تڕەمپ) بە تەلەفزیۆن کەسێکی غەریب نەبوە، ئەو چەندین دەرکەوتن و بەرنامەی لەبواری تەلەفزیۆنیدا هەبوون و ئەستێرەیەکی دیار بوە.
زۆر قسە و باس هەن کە لەدوای کۆشکی سپی خولیای دانانی تەلەفزیۆنێکی سەربەخۆی هەیە، یان ئاژانسێکی هەواڵی و میدیایی ئەمەریکایی.
سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا بەشێکیان خۆیان بەنوسینەوە سەرقاڵکردوە و، مامەڵەی کتێبەکانیان داهاتێکی زۆری لەدوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی بۆ هێناون، لەوانە (باراک ئۆباما و مێشێل ئۆباما) لەڕێگای فرۆشتنی کتێبەکانی خۆیانەوە نزیکەی (٦٥ ملیۆن) دۆلاریان دەستکەوتوە، هەروەها (جۆرج دەبلیو بۆش) لە کتێبی یاداشتەکانی (١٠ ملیۆن دۆلار)ی دەستکەوتوە، وە (بێڵ کلینتۆن) یش توانایەکی بەرزی لەنوسیندا هەیە.
بۆ بەڕێز (تڕەمپ)یش کە بازرگان و میدیاکاری پێشوو بوە دەتوانێ لەبواری میدیایی و چەناڵێ تایبەتی بەخۆیدا داهاتی زۆر کۆبکاتەوە و بەردەوام بێ لە بازرگانیەکەی. هەروەها قسە هەیە کە دەیەوێ لەڕێگای میدیا و تەلەفزیۆنەوە ڕووبەڕووی ئەوانە ببێتەوە کە هۆکاری شکستەکەی لەهەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بوون.
پێنجەم: خۆ خانەنشین کردن و دنیای ئارامی:
بەڕێز (ترەمپ) وەکو هەر سەرۆکێکی دیکەی ئەمەریکا خاوەن موچەی خۆی دەبێ لەدوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی.
یاسای سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا کە لەساڵی (١٩٥٨)ەدا جێبەجێکراوە پارە و خزمەتگوازاری زۆری بۆ سەرۆکەکان بڕیوەتەوە لەدوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان، ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرن لەساڵی (٢٠١٧)ەدا ساڵانە نزیکەی (٢٠٧،٨٠٠ دۆلار) بوە.
هەروەها سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا خزمەتگوزار و پاسەوان و، خەرجی تەندروستی و ستافەکانیان و، گەشتیان بۆ سەرف دەکرێت. وە بەڕێز (ترەمپ) ئێستا کە تەمەنی (٧٤ ساڵ) ە لەوانەیە بڕیاری ژیانێکی ئارام بدات.
بەڵام (کاڵکینس) وای نابینێت سیناریۆی خۆخانەنیشینکردن ئەو ڕێگایەبێت کە بەڕێز (تڕەمپ) هەڵیدەبژێرێت، چونکە هەموو ژیانی لەجوڵە و دەرکەوتندا بردۆتەسەر ئەو حەزی لەدنیای بێدەنگی نیە.
لەمانگی ئۆکتۆبەردا، بەڕێز (تڕەمپ) لەیەکێک لەدەرکەوتنەکانیدا گوتی، ئەگەر لەهەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت ئەوا هەستێکی زۆر خراپی دەبێت، وە گوتی، (لەوانەیە پێویست بێت وڵات بەجێبهێڵم، جا نازانم؟).
سەرچاوە: بی‌بی‌سی

© 2017 Hawler