تشرینی یەکەم 21, 2020

ئایە ئاكەپە دەتوانێت بەر بە هەڵبژاردنی پێشوەختە بگرێت

 

كارزان گلی - هه‌ولێر

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە، داوای لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە كرد بوێر بێت و بڵێت بچینە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەم داوا لێكردنەش بووە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتیان بپرسن بۆچی تەنیا ئەو داوایە لە باخچەلی كرا؟

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، هەركاتێك بیەوێت دەتوانێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، واتە ئەنجامدان و نەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر یەك وشەی باخچەلی وەستاوە، لە كاتێكدا خاوەنی ٤٨ كورسی پەرلەمانییە لە كۆی ٦٠٠ كورسی.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ی توركیا، ئاكەپە زۆرینەی لە دەستدا و لە كۆی ٦٠٠ كورسی بووە خاوەنی ٢٩٤، بەمەش نەیتوانی لەناو پەرلەمان ببێتە هاوكارێكی باشی سەرۆك كۆماری توركیا، چونكە هەر كەسێك ببێتە سەرۆك كۆماری توركیا، ئەگەر بێت و پارتەكەشی لەناو پەرلەمان زۆرینە نەبێت، پۆستی سەرۆكایەتی بەهای نابێت و ناتوانێت هیچ بڕیارنامەیەك دەربكات، چونكە دەركردنی هەر بڕیارنامەیەك دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی دەوێت، بۆیە كە زۆرینەی نەبوو، سەرۆك كۆمار پۆستەكەی بایەخی نییە.
بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، بوونە هاوپەیمانی یەكتری و لەناو پەرلەمانی توركیا بە هەردوو پارت بوونە زۆرینە، بەمەش ئەردۆغان خۆی لەو بەڵایە رزگار كرد، كە لەناو پەرلەمان زۆرینە نەبێت و نەتوانێت بڕیارنامە دەربكات.
كاتێك كلیچدارئۆغڵو داوا لە باخچەلی دەكات تا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دەزانێت تەنیا باخچەلییە دەتوانێت هاوكێشەی سیاسی بگۆڕێت.
ئەگەر مەهەپە لە هاوپەیمانی لەگەڵ ئاكەپە بكشێتەوە، كەواتە ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمان لە دەست دەدات، ئاشكراشە ئەردۆغان هەرگیز پۆستی سەرۆكایەتی ناوێت ئەگەر بەهای نەبێت، یان نەتوانێت بڕیاری چارەنووسسازس بدات، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە ئەگەرێكی بەهێز.
دەبێت ئەوەش باس بكرێت، كە هەر مەهەپە بوو دەنگی خۆی خستنە پاڵ دەنگی ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا و، داوای كرد سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییە بكرێتە سەرۆكایەتی و بە دەنگی هەردوو پارت چوونە ناو ریفراندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا.
یەكێك لە هۆكارە هەرە بەهێزەكان بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژارجنی پێشوەختەوە، كە زۆربەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، بوونی ئەو قەیرانە داراییە سەختەیە توركیا تێیكەوتووە، بە جۆرێك برسییەتی سەری هەڵداوە.

© 2017 Hawler