تشرینی دووەم 30, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

ئێران بەبەرزکردنەوەی مەودای موشەکەکانی هەڕەشە لەئەوروپا دەکات

لەماوەی ڕابردوودا فەرەنسا داوایی لەوڵاتانی ئەوروپا کردوە دایالۆگێک بۆ پرسی موشەکە بالیستیەکیەکانی ئێران ڕێکبخرێت، ئێران نەک هەر گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و سنوردارکردنی موشەکەکانی ڕەتدەکاتەوە بەڵکو هەڕەشەی بەرزکردنەوەی ئاستی مەودای دووری موشەکەکانیشی دەکات.

لەڕاپۆرتێکی (ئەشەرق‌لئەوسەت)ی بەشی ئینگلیزیدا هاتوە، (جەنەڕاڵ حوسێن سەلامی) جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران هەڕەشەیکردوە کە تاران مەودای موشەکە بالیستیکیەکانی

بەرزدەکاتەوە.
بەپێی تەلەفزیۆنی ئاژانسی هەواڵی (تەنسیم)، (سەلامی) ئاماژەی بەهەڕەشەکردن لەئەوروپاکردوە ئەگەر مەترسی بێ بۆ سەر تاران و لەو باریەوە گوتی، تاوەکو ئێستا واهەستدەکەین ئەوروپا هەڕەشەنەبێ، بۆیە مەودای موشەکەکانمان بەرزنەکردۆتەوە. بەڵام ئەگەر ئەوروپا بیەوێت هەڕەشەمان لێبکات ئەوا مەودای موشەکەکانمان بەرزدەکەینەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە ئێران لەبەرنامەی موشەکیەکەی گەرەنتی پاراستن و، ئاسایش و سەلامەتی دابیندەکات، بۆیە ئەو بەرنامەیە دەپارێزێت وەکو زامنی ئاسایش و سەربەخۆیی و دیبلۆماسی ئێران. وە ئێران هەرگیز گفتوگۆ لەبارەی توانا بەرگرییەکانیەوە ناکات چونکە هەر دانیشتن و گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە مانای خۆبەدەستەوەدانی ئێران دەگەێنێت.
ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆی چەندین بەرەی شەڕی لەوڵاتانی ناوچەکەدا کردۆتەوە کەبەرگری لە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە (محمەد عەلی جەعفەری) فەرماندەی سوپای پاسداران لەحەفتەی ڕابردوودا ئەوەی ئاشکراکردوە کە ئێران چەندین هێڵی بەرگری هەیە لەوڵاتانی ناوچەکەدا کە مەترسیەکان لەسەر ئێران و بەرژوەندییەکانی ناهێڵن و زامنی دواڕۆژی ئێران لەناوچەکەدا دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە شەڕی سووریا شێوەیەکی ئایدۆلۆژی هەیە و هێڵەکانی بەرگری ئێران بەدیدەکرێن لەوڵاتانی ناوچەکەدا لەوانە (حیزبوڵا) لەلوبنان و، (حەشدی شەعبی) لەعێڕاق و، (حوسیەکان) لەیەمەن و، هەروەها چەند گروپێک لەوڵاتانی دیکەشدا.
هەر لەسەر ئەو بابەتە، لەڕاپۆرتێکی (تەلگراف) دا هاتوە، جێگری فەرماندەیی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا توانای دوور مەودایی موشەکەکانی ئێران (٢ هەزار) کیلۆمەتر دەبڕێ، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئەوا ئەو مەدوایە بەرزتردەکەنەوە. هەروەها (سەلامی) گوتیشی، ئەگەر ئەو مەدوایەمان بۆ ئەوەندە سنوردارکردوە لەبەر نەبونی توانایی تەکنۆلۆجیای ئێران نیە،

بەڵکو ئێمە بەدوای ستراتیژی خۆامن دەکەوین.
شیاوی گوتنە، فەرەنسا داوایکردبوو کەدایالۆگێک بۆ پرسی بەرنامەی موشەکە بالیستیەکانی ئێران ڕێکبخرێ و، دانوستاندن لەسەر ئەو پرسە جیابکرێتەوە لەڕێکەوتنی ساڵی (٢٠١٥) ەدا، وە

ئێرانیش ئەوەی ڕەتکردۆتەوە و بەبەردەوامی ئەوە دوپاتدەکاتەوە کە لەسەر مافە بەرگرییەکانی دانوستاندن ناکات.
ئێران لەڕێگای گروپە چەکدارەکانەوە کە لەوڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا پاڵپشتیان دەکات تۆمەتبار دەکرێ بەدابینکردنی چەک و پێداویستیەکانی سەربازی و دارایی بۆیان. لەو مانگەدا ئەمەریکا ئێرانی تاوانبارکرد بەدابینکردنی موشەک بۆ (حوسیەکان) ی یەمەن و هەڕەشەکردن لە عەرەبستان، وە بۆ ئەو مەبەستە داوایکرد لە نەتەوە یەکگرتوەکان کە پێشێلکردنی یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران هەژماربکات. هەروەها ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە کە ەرنامەی موشەکەکانی ئێران یاساکانی نێودەوڵەتی دەشکێنن چونکە

دەتوانرێ سەری ناوەکی هەڵبگرن.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (تەلگراف)، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گەورەترین بەرنامەی موشەکی هەیە، وە هەندێک لەموشەکە بەتواناکانی دەتوانرێ مەودای گەیشتنە ئیسرائیل ببڕن.
ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران لەساڵی (٢٠١٥) ەدا جۆرێک لەیەکنزیبونەوەی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستکردوە، بەتایبەتی ئێران لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا و، وە بەهۆی ئەو ڕێکەوتنەوە ئێران سزاکانی لەسەر سوککراون و بەشێکیان لادراون. لەماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنە خۆی دەرهاویشت و دەیەوێت چیدیکە درێژەی پێنەدات ئەگەر کۆنگرێس پاڵپشتی بکات، وە هەروەها لەسەر بەرنامە موشەکیەکانی ئێران و نمایش و تاقیکردنەوەیان، ئەمەریکا تاک لایەنە سزای خستۆتەسەر ئێران.
لەئێستادا پێشبینی دەکرێت لەئەوروپاش لەسەر بەرنامە موشەکیەکەی تاران هەماهەنگی ئەمەریکا بکەن بۆ دانانی سزا لەسەر ئێران، وە چاوەڕوان دەکرێ بەپێشڕەویی فەرەنسا ئەو تێڕوانینە دروست ببێت ئەگەر ئێران ئەو بەرنامە موشەکیەی سنوردارنەکات ئەوا سزای نوێی بەسەردا بسەپێنرێ.

 

© 2017 Hawler