ئاب 04, 2021

پریشتینا؛ پایتەختەکە کرێتەکەی کۆسۆڤۆ یان جوانکیلەکەی ئەورووپا

فەرموو لەو شانازیەی پریشتینا! مەگەر بە دەگمەن نەب نەبێ، ئەگینا هەموو جارێ ناوی ئەو پایتەختە شپرز و شپرێوەی کۆسۆڤۆ دەخرێتە ریزی شارە هەرە کرێتەکانی ئەورووپاوە؛ راستیەکەیتان دەوێ هیچ حەزم لێ نەبوو بچمە سەیرانی ئەو شارە؛ هەرئەوەندەم لێ دەزانی ئاخروئۆخری نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، شەڕێکی ماڵکاولکەری درێژخایەنی لێ هەڵگیرسابوو؛ زۆربەی بن‌ئەلبانیەکانی کۆسۆڤۆ پێیان داگرتبوو دەستی سربیایان لە کۆڵ ببێتەوە.

مانگی شوباتی ٢٠٠٨ـی زایینی بوو، خەڵکی کۆسۆڤۆ سەربەخۆیییان راگەیاند؛ دە ساڵ لەوەلا گەیشتمە ئەوێ؛ لایەک منارە و مزگەوتی زۆر کۆنی لێ بوو؛ لەو بەریشەوە باڵەخانە و میوانخانەی گەورەگەورەی کرێت و چۆڵ و جامشکاوی لێ کەوتبوو؛ هەڵبەت هاشم تاچی سەرکۆماری کۆسۆڤۆ، ئەو باڵەخانە کرێتانەی زۆر پێ ناشیرین نیە و، دەڵێ دنیا زۆر گەورەیە و لەوە کرێت و ناشیرینتریش لێ هەیە!
بە خۆم بووبا هەرگیز نەدەچوومە پریشتینا بەڵام دە رۆژێک دەبوو بۆ خۆم بەو چیاوچۆڵانەیئەلبانیدا دەگەڕام و، هەر دەبا بە کۆسۆڤۆدا ئاودیوو ببم؛ ئەو خانووەی کرێم کردبوو، ئاوی لێ برابوو؛ خاوەنخانووەکەش خۆی لێ نەدەکردە خاوەن! گوتم با بۆ خۆم بچمە ناوشار و ئەو دوو رۆژەی لەوێمە، بەتاڵ لێم نەڕوا و بە گەڕان و سووڕان بیدەمە سەر.
 
شاری پریشتینا باڵەخانەی چیمەنتۆی زۆر لێ هەیە و هەمووشی هی سەردەمی کۆمۆنیزمە؛ رەنگە هەر لەبەر ئەو گشتە کۆنەباڵەخانەیەش بێ ناوبانگێکی ئاوا خراپی دەرکردبێت؛ ئەڵبەت شاری پریشتینا تاڵ و ناخۆشی زۆری بەسەردا هاتووە و، ناکرێ لە سۆنگەی شارێکی وەکو پاریس و رۆماوە سەیری بکەین؛ لەو سەد ساڵەدا چەند جار با ئاگری شەڕی ناوچەی بەڵکانەوە سووتاوە؛ سەردەمانێک بە دەست عوسمانیەکانەوە بوو؛ ئینجا پاشاواریەکەی سربیا دابڕی کرد و، پاشان یۆگسلاڤیا خۆی لێ کردە خاوەن؛ تەنانەت ماوەیەکیش بە دەست ئیتالیاوە بووە؛ جا شارێک ئەو هەمووە دەستاودەست و دەسەژۆ کرابێ، چۆن ناپڵمژێت؟
 دامنابوو سەردانێکی کتێبخانە نیشتمانیەکەی کۆسۆڤۆ بکەم؛ باڵەخانەی چیمەنتۆ؛ ناویان لێ ناوە باڵەخانە هەرە کرێتەکەی دنیا!
لە ساڵی ١٩٨٢ـی زایینیەوە ئەو باڵەخانەیە کراوەتەوە؛ بە پەرژینێکی ئاسنین داپۆشراوە؛ لە دەرەوە رێک دەڵێی بەندیخانەیە، بەڵام کە چوومە ژوورەوە جوانیە تایبەتەکەم لێ بەدیار کەوت.
ئەو باڵەخانەیە ٩٩ گۆمەزی هەیە و پەنجرەی گەورەگەورەی لێ کراوە؛ بەرپێیەکەی بە کوچکی مەڕمەڕ داپۆشراوە و، بەو شەوقەی لە گومەزە هەرە گەورەکەوە لێی دەدا، دەدرەوشێتەوە؛ وا بزانم ئەو جۆرە وردەکارانە تایبەتە بە شێوازە میعماریەکەی ئیسلام و بیزانس.
چەن شەقامێک ئەولاتر کەنیسەیەکی 'کڵاوقووچکەسپیلک'ـیان خستووە (دروست کردووە)؛ باڵەخانەکەی کەنیسە گشتیەکەی دایکە خاسە ترێزا، ساڵی ٢٠١٧ تەواو کرا؛ یانی ١٤ ساڵ دوای ئەوەی پاپا ژان‌پۆلی دووهەم، نیشانی 'خاسە'ی بە دایکە ترێزاوە کرد؛ رەنگە پێتان سەیر بێ وڵاتێکی زۆرینەبسڵمان (سەدا٩٠)، چۆنە کەنیسەیەکی ئاوای لێ دروست کراوە؟
دیارە هەتا سەدەی چواردەهەمی زایینی واتە ئەو کاتەی عوسمانی کۆسۆڤۆی داگیر کرد، خەڵکی کۆسۆڤۆ دیان (مەسیحی) بوون؛ بەڵام لەبەر ئەوەی جزیەیان لێ وەرنەگیرێ، زۆربەیان بوون بە ئیسلام؛ جزیە بەو بڕە پارەیە دەڵێن دەوڵەوتێکی ئیسلام لە خەڵکە غەیرەئیسلامەکەی وەردەگرێت. ئێستاکە هەر سەدا٣ـی خەڵکی کۆسۆڤۆ لەسەر دینی حەزرەتی ئیسای پێغەمبەرن؛ سەر بە کەنیسەی کاتۆلیک.
بسڵمان و دیان، پێکەوە ئەو کەنیسە نوێیەیان دامەزراندووە هەتا کێشە و بێنەوبەردەی نەتەوایەتی کاڵ بکەنەوە و، تەنانەت بسڵمانەکانیش پارەیان بۆ دامەزراندنی ئەو کەنیسەیە کۆ کردووەتەوە.
کۆسۆڤۆ لەمێژە لە ئاشتی و سەربەخۆیی دەگەڕێت؛ بەڵام هێشتا هەرهەموو ١٩٣ وڵاتە ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆسۆڤۆیان پێ وڵاتێکی سەربەخۆ نیە.
کۆسۆڤۆ، ئابووریەکی کزی هەیە؛ بەڵام کە بە ناو ئەو وڵاتەدا پیاسە دەکەی، دیار نیە چەندیان خەڵکی بێکار هەیە؛ پریشتینا پڕە لە بێشکەڕەوان و سەیرانکەری چلوورەبەدەست و قوتابی و خوێندکاری چایخانەنیش! کەچی سەدا٢٧ خەڵکەکەیان بێکارن؛ گیانیان بەو خەڵکەی خۆیانەوەیە لە وڵاتانی رۆژاوای ئەورووپاوە پارەیان بۆ دەنێرنەوە.
 جوانیەکی سەرنجڕاکێشی پریشتینا ئەوەیە قاوەخانەی زۆری لێ هەیە؛ قاوەخانەی بەڵکانیانی و ئەورووپاییانی و رۆژهەڵاتیانی؛ قاوەخانە رەنگە داهاتێکی وای نەبێ بەڵام مادامەکینێ زۆرینەی خەڵک بەبێ قاوە نایانکرێت و، بە قاوەخواردنەوەکەیانەوە، جووڵەیەک دەخەنە کزە ئابووریەکەی وڵاتە بچۆلانەکەیانەوە؛ شوێنێکیشە بۆ کۆبوونەوەی خەڵکی بێکار و رووناکبیر و جوان و جایەڵ و هەرزەکاریش.
 پریشتینا، مۆنۆمێنت و یادگاری زۆر لێ دروست کراوە؛ لەوانە مۆنۆمێنتی سەربەخۆیی؛ هەموو ساڵێکیش هەر بە یەک شێواز دەیڕازێننەوە؛ جاروباریش نیگارێکی لی دەنەخشێنن؛ پیتە زەبەلاحە چیمەنتۆکەیشی پڕ پڕە لە واژۆ و دەسوخەتی خەڵک!
لەو بەر شەقامەکەوە بە یادی ئەو بیستهەزار ژنەی وا لاقە کراون، مۆنۆمێنتێک قیت کراوەتەوە؛ چاودێرانی مافی مرۆڤ دەڵێن هەردوو لای شەڕەکە لەو لاقەکردنەدا دەستیان هەبووە و، دەستیان لە ئافرەتی یەکدی نەپاراستووە.

پەیکەرەکەی بیل کلینتۆن لە شاری پریشتینا، هیچ بە خۆی ناچێت!
خەڵکی کۆسۆڤۆ زۆربەیان بنەماڵەی کلینتۆن و بۆش و ئەمەریکایان خۆش دەوێت؛ خۆشەویستیەکەشیان لەبەر ئەوەیە خێڵی بۆش و کلینتۆن لە کاتی راگەیاندنی سەربەخۆییدا پشتی کۆسۆڤۆیان گرت؛ لە لای 'یادگارەکەی لاقەکراوان'ـەوە شەقامێکیان ناو لێ ناوە مادلین ئالبڕایت؛ کاتی خۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو.
تەنانەت پەیکەرێکی بیل کلینتۆنیشیان داناوە؛ کە تازە دروست کرابوو بانگی هیلاری کلینتۆنیان کردبوو پەردەی لێ لا بدات، بەڵام ئەوەندەیان ناشیرین دروست کردووە، هیلاری کلینتۆن هیچ شێوەی بیل کلینتۆنی تێدا بەدی نەکردبوو؛ سەری سڕمابوو!
شارەوانەکەی پریشتنیا دەڵێت: "ئەو پەیکەرەی ئێمە لە بیل کلینتۆنمان کردووە وا بزانم لە ناشیرینیدا لە وێنەی نەبێ!"

 

و: ڕزگار ئازەوانی - هەولێر

© 2017 Hawler