حوزەیران 22, 2021

ئه‌مریكا: رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د هێرشی نوێی كیمیایی له‌ باكوری سووریا ئه‌نجامداوه‌

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە خستنەڕووی چەند بەڵگەیەک گریمانەی ئەوە دەکات، حكوومەتی سوریا چەکی کیمیایی لە ئیدلب بەکارهێنابێت و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو کارەش دەکات.

مۆرگان ئۆرتاگوس، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاند، "ئه‌مریكا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی باكووری خۆرئاوای سوریا ده‌كات، كه‌ له‌ لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌روه‌ها چاودێری ئاماژه‌كانی به‌كارهێنانی هێرشی نوێی كیمیایش ده‌كات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "به‌داخه‌وه‌ به‌رده‌وامین له‌ بینینی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه‌ نیشانی ده‌ده‌ن رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ره‌نگه‌ دوباره‌ چه‌كی كیمیایی به‌كاربهێنێت، به‌و هێرشه‌شی به‌ غازی كلۆر له‌ 19ی ئایاری 2019دا كرایه‌ سه‌ر باكوری خۆرئاوای سوریا".
ئۆپۆزسیۆنی سووریا له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانی ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ ناوچه‌ی " ته‌ل كابینه‌" له‌ ده‌وروبه‌ری شاری لازقییه‌ی باكوری ڕۆژئاوای سووریا، به‌ گازی كیمیایی هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و هه‌رچه‌نده‌ هیچ زیانێك له‌ ئه‌نجام ئه‌و هێرشه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی بوون.
پێشتر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌رانبه‌ر به‌كارهێنانی گازی خنكێنه‌ر و چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه‌، چه‌ندان جار مووشه‌كبارانی بنكه‌ و باره‌گاكانی ڕژێمی سووریای له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی وڵاته‌كه‌ كردووه‌ و پێشبینی ده‌كرێ له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی تری كیمیایی له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌، هه‌مان وه‌ڵامی پێشووی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ پێ بدرێته‌وه‌.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا گوتیشی، "به‌رده‌وامین له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د چه‌كی كیمیایی به‌كاربهێنێت ئه‌وا هۆشدارییه‌كانمان دوباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی وه‌ڵامی خێرا و گونجاویان ده‌بێت".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتیشی، "رژێم دەبێت هێرشەکانی رابگرێت بۆسەر کۆمەڵگەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا، ئەمریکا هۆشداریەکی ئەیلولی ٢٠١٨ی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دوپات دەکاتەوە، هەر هێرشێک بۆسەر ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب، ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات".

© 2017 Hawler