کانونی یەکەم 06, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

ئایا عەبدوڵڵا گویل دەتوانێت ببێتە ركابەری ئەردۆگان؟

ئەو كەسایەتییە سیاسییەی لە ئێستادا تاكە كەسە بتوانێت ببێتە ركابەری رەجەب تەییب ئەردۆگان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە هەڵبژاردنی 2019، عەبدوڵڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشووی توركیایە.

گویل هاوڕێی دێرن و نزیكی ئەردۆگانە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئاكپارتی، بەڵام بە بڕیاری ئەردۆگان و دوای دەست بەرداربوونی لە سەرۆك كۆماری توركیا، ناوی گویل لە لیستی دامەزرێنەرانی ئاكپارتی دەرهێنرا و لە پارت دوور خرایەوە.
ئەم هەوڵەی ئەردۆگان بۆ دوور خستنەوەی گویل، دەنگۆی زۆری لەناو میدیای توركیا هێنایە كایەوە. رۆژنامەی (حوریەت) نووسیبووی "شەڕی ئەردۆگان و گویل دەستی پێكرد"، میدیاكانی نزیك لە ئاكپارتی و ئەردۆگانیش هێرشیان دەكردە سەر گویل و بە كەسێكی بێوەفا بەرامبەر بە ئەردۆگان دەیانناساند.
دەنیز بایكال سەرۆكی پێشووی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا جەهەپە و ئەندام پەرلەمانی ئێستای توركیا، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (CNN)ـی توركی، ئاشكرای كرد ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان رەزامەندی بفەرموون، ئەوان ئامادە گویل بكەنە كاندیدی خۆیان و ببێتە ركابەری ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنی 2019. واتە گویل ببێتە كاندیدی جەهەپە و هەدەپە و پارتی باش، كە ئەو 3 پارتە لە ریفراندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا 49%ی دەنگەكانی توركیایان هێنا.
ئەم لێدوانەی بایكاڵ، وای كرد ئەردۆگان لە گویل نزیك ببێتەوە و داوەتی كۆنگرەی ئاكپارتی بكات و لە میدیاكانی خۆشیانەوە تا ئاستێك وەكو دامەزرێنەری ئاكپارتی و سەرۆك كۆمارێكی سەركەوتوو ناویان دەبرد، بەڵام گویل پشتی لە ئەردۆگان كرد و نەچوە كۆنگرەی ئاكپارتی.
ئەحمەد تاكان كە پێشتر راوێژكاری عەبدوڵڵا گویل بوو، لە نووسێنێكیدا لە رۆژنامەی (یەنی چاغ)ـی توركی، نەیشاردەوە گویل خەریكی ئامادەكارییە تا لە هەڵبژاردنی 2019 بێتەوە ناو مەیدانی سیاسەت، هەروەها خۆشی ئامادە كردوە تا ببێتە ركابەری ئەردۆگان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا، كە پێشتر بەو پۆستەدا تێپەڕیوە.
گویل جگە لەوەی دەیەوێت لەناو شارە توركییەكاندا جەماوەر بۆ خۆی پەیدا بكات و لە ئێستاوە گۆبوونەوەی دەست پێكردوە، لە لایەكی تریشەوە دەیەوێت دەنگی كوردان بۆ لای خۆی رابكێشێت، بۆ ئەمەشیان رووی لە سەرۆك عەشیرەتەكانی باكوور كردوە.
2 هەفتە بەر لە ئێستا ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، كە گویل بە نهێنی لەگەڵ 20 سەرۆك عەشیرەتی باكووردا كۆبوونەوەی ئەنجام داوە لە ئەنكەرا. لە كۆبوونەوەكەیشدا داوای لێكردوون لە هەڵبژاردنی 2019 دەنگی پێ بدەن.
لە لایەكی تریشەوە، چەندین جار بە نهێنی لەگەڵ بولەنت ئارینج، ئەحمەد داودئۆغلو، قادر تۆباش و چەند سەركردەیەكی تری تۆراوی ئاكپارتی كۆبوونەوەی ئەنجامداوە. هەموو ئەو كۆبوونەوانەیش ئامادەكارییە تا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2019 بە قورساییەكی زۆرەوە بێتەوە ناو مەیدانی سیاسەت.
زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی توركیا پێیانوایە، ئەگەر بێت و پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا گویل نەكەن بە كاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2019، رەنگە لە ساڵی 2018ـدا گویل و داودئۆغلو و بولەنت ئارینج پارتێكی تازە دابمەزرێنن و بچنە ناو هەڵبژاردنەوە.
پێشتر چەند دەزگایەكی راپرسی لە توركیا بڵاویان كردەوە، بنكەی جەماوەری جەهەپە و هەدەپە بڕوایان بە گویل نەماوە تا ركابەری ئەردۆگان بكات، چونكە لە ریفراندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا، ئەگەر گویل و ئەحمەد داودئۆغلو بهاتنایەتە بەرەی نەخێر، ئەوكات سیستەمی توركیا هەر بە پەرلەمانی دەمایەوە و نەدەبوە سەرۆكایەتی، بەڵام گویل لە ترسی ئەردۆگان نەیوێرا پروپاگندە بۆ نەخێر بكات. ئەمەیش وای كردوە، هاووڵاتیانی توركیا متمانەیان بە گویل نەبێت تا بتوانێت ببێتە ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆگان.

© 2017 Hawler