عادل بۆتانی |
ڕۆژی یەكشەممە 25/7/2010 سایتی “ویكلیكس” نزیكەی 100 هەزار دیكۆمێنتی نهێنی سەربازی ئەمەریكایی بڵاو كردووە، ئەم دیكۆمینتانە بە دوورودرێژی باسی دەیان چالاكی و ئوپەراسیۆنی نهێنیی سوپای ئەمەریكا دەكات بە تایبەتی لە كوشتنی هەرەمەكیی خەڵكی مەدەنیی ئەفغانستاندا.
ئەو زانیارییانە گومانیان لەسەر نییە، چونكە هەر هەموو ڕاستن و زۆریان بە ڤیدیۆ و كامیرای جۆراوجور گیراون و سوپای ئەمەریكا ناتوانێت حاشایان لێ بكات، بەڵكوو ئیدارەی ئەمەریكای زۆر نیگەران كرد و ئەوە یەكەم جارە زانیارییەكی زۆری سەربازیی بەم شێوەیە بڵاو بكرێتەوە و بێگومان ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا دەبێت، چونكە گرووپە تیرۆریستییەكان هان دەدات زیاتر چالاكیی تیرۆریستی بنوێنن و (تیۆریی جیهادی دوور) جێبەجی بكەن، بە تایبەتی لە ناو خۆدی ئەمەریكادا.
لەم دیكومێنتانەدا دوو بابەت زیاتر سەرنجی ڕاكێشام كە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ـی نیگەران كرد، كاتی زانیان پاكستان و ئێران هاوكاریی (تاڵیبان) دەكەن لە ئەفغانستان.
بەڵێ پاكستانی عیلمانی و ئێرانی ئیسلامی، هاوكاریی (تاڵیبان) دەكەن، سەیر ئەوەیە كە ئەمەریكا ئەوە دەزانێ، بەڵام خۆی لێ نەزان دەكات و بە ئاشكرا باسی لێوە نەدەكرد و زانیاریی گرنگی لە گەلی ئەمەریكا دەشاردەوە.
خوێنەری بەڕێز! هیی ئێستا نییە كە دەستگەی هەواڵگریی پاكستان هاوكاریی (تاڵیبان) دەكات، بەڵام سەیرە دەستگە سیخوڕییەكانی ئەمەریكا پێیان وایە تەنیا بە مانگی دەستكرد و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و ڕەشەكۆژی دەتوانن بزووتنەوەی (تاڵیبان) لە ناو ببەن.
یاخود جار هەبوو ئەفسەرانی (CIA) حەبی ڤیاگرایان دەدا بە هەندێك سەرۆكخێل و پێیان دەگوتن: “ئەمە سوودی هەیە.”
هەر كەسێك ئاشنایی لەسەر شەڕی ئەفغانستان هەبێت، دەزانێت دەستگە هەواڵگرییەكانی پاكستان، دایكی شەرعیی (تاڵیبان)ـە و هەر ئەوان (تاڵیبان)ـیان دروست كرد. بە (مەلا عومەر)ـی كوێر، ڕژێمی ئەفغانستانیان ڕووخاند و تا ئێستایش لە هاوكاریكردنیان بەردەوامن.
باشە دەستگە سیخوڕییەكانی ئەمەریكا هەست ناكەن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەمەریكا و هاوپەیمانان هێزی سەربازیی زیاتر دەنێرن بۆ ئەفغانستان؟ دەبێ نەزانن ئەمە هۆی چییە؟
ئەمەریكا بە چەند هەفتەیەك و بە هۆی 110 ئەفسەری دەستگەی سیخوڕیی (CIA) و 316 كەس لە هێزەكانی (دلتا فورس و اسپیشال فورس) كە بە هەموویانەوە هەزار كەس نەدەبوون و بە هاوكاریی هاوپەیمانانی باكوور (تحالف الشمال) لە ساڵی 2001ـدا ڕژێمی (تاڵیبان)ـیان ڕووخاند.
دوای 9 ساڵ، ئێستا نزیكەی 150 هەزار سەربازی ئەمەریكایی و بێگانە لەگەڵ (تاڵیبان)ـدا خەریكی شەڕن و بزووتنەوەی (تاڵیبان) زۆر لە جاران بە هێزترە و چالاكییەكانیشیان چڕترە.
لە لایەكی دیكەوە، باشە بۆ ئێران هاوكاریی (تاڵیبان) ناكات؟ ئایا ئەمەریكا دوستی ئێرانە كە ڕۆژ بە ڕۆژ گەمارۆی ئابووری و .. هتد، بەسەر ئێراندا دەسەپێنێ؟ باشە پێشینان ناڵێن “دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە”، سیاسەتمەداران ناڵێن “نە دۆستایەتی هەمیشەیی هەیە و نە دوژمنداری، بەڵكوو بەرژەوەندیی هەمیشەیی هەیە”، ئەمەریكا پێی وایە (تاڵیبان) سوننەیە و مەحاڵە ئێران هاوكارییان بكات، كەس هێندەی ئەمەریكا خزمەتی ئێرانی نەكردووە! لایەنی كەم لە 2001 (تاڵیبان)ـی بۆ ڕووخاند كە دوژمنی سەرسەختی ئێران بوون.
پێویستە ئەمەریكا ئاوڕێك بداتەوە و ئیدی بیر لە سیاسەتی خۆی بكاتەوە، چونكە گۆڕەپانی شەڕ زۆر فراوانتر بووە و دوژمنی لە جاران زیاتر بووە. |
| |
بابهتی دیکهی نووسهر |
| » ئایا (ئەلقاعیدە) لە عێراقدا بەزیوە؟ |
| » ئاسایش لە كوردستاندا |
| » دیاردەی ئافرەتانی خۆكوژ |
| » كچەكەی (جیمس بوند).. بۆ كاری نهێنی شیاو نییە |
| » دوكۆمێنتە نهێنییەكانی ئەمەریكا |
| » (شەهرام ئەمیری)، سیخوڕی دووسەرە! |
| » دیاری بۆ ...(ئیسڕائیلییەكان و مووساد) |
| |