|
| خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی وەرزی هاوین |
| |
| |
د.ئازاد مەنتك |
وەرزی هاوین لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییەی هەیەتی كە تێیدا پلەی گەرمای دەوروبەر بەرز دەبێتەوە و خەڵك جلی تەنك دەپۆشن و گۆڕان لە بڕ و چەندێتی و چۆنیەتی و جۆری خواردن و خواردنەوەدا ڕوو دەدات و منداڵان زۆرتر بۆ دەرەوەی ماڵ دەچن و ساردی و ساردەمەنی و ئاوی خواردنەوە لە دەرەوە بەكار دەهێنن و ئەگەری زۆر نەخۆشی كە بەزۆری لە وەرزی هاویندا بڵاو دەبنەوە، وەك نەخۆشییەكانی سەرمابوون و ڕۆژبردن و نەخۆشییە گواستراوەكان و نەخۆشیی كرم و مشەخۆرەكان و نەخۆشییەكانی پێست زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ڕێنمایی تەندروستی و ئامۆژگاریی پزیشكان لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی ئەو وەرزە پیادە بكات، ئەوا دوور دەبێت لە ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە.
زۆر نیشانە هەن كە ئەگەر هەریەك لە ئێمە یان ئەندامێكی ماڵەوە یەك لەو نیشانانەی خوارەوەی هەبێت، دەبێت یەكسەر سەردانی پزیشك بكات، ئەوانیش:
1. سەرئێشەی توند و ژانەسەری زۆر كە چاوڕەشكەوپێشكەكردنی لەگەڵدا بێت.
2. سەرئێشەی توند و ژانەسەری زۆر كە ڕشانەوەی لەگەڵدا بێت.
3. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، واتا تالێهاتن لەگەڵ سەرئێشان.
4. گەرووكڕانەوەی زۆر یان نیشانەی سەرمابوونی توند.
5. ڕەوانیی زۆر و بەردەوام.
6. ملڕەقبوون.
7. بوورانەوە و لەخۆچوون.
بۆ خۆپاراستنیش لە نەخۆشییەكانی هاوین، زۆر ڕێنمایی هەن كە سادەن، بەڵام پیادەكردنیان هۆكار دەبن بۆ دووربوون لە نەخۆشییەكانی هاوین، هەنگاوەكانیش:
1-گرنگی بە تەندروستیی تاك بدرێت و خەڵك بە ڕۆشنبیریی تەندروستی پڕچەك بكرێت و سوودی هۆشیاریی دروستی و كاردانەوی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ڕۆڵی گرنگی لە دروستكردنی دەوروبەری تەندروست ڕوون بكرێتەوە و هەموو هەماهەنگ بین لە چەسپاندن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی دروستی و لە وەرزی هاویندا ڕێنمایی تەندروستی پیادە بكرێت بۆ دووربوون لە نەخۆشی و هەردەم ساغ و سەلامەتیی جەستەمان و دووربوون لە بەفیڕۆدانی كات و دارایی و تەندروستیی تاك.
2-گرنگیدان بە خۆشووشتن لە وەرزی هاویندا، ئەگەر هەر نەبێت بە لایەنی كەم مرۆڤ ڕۆژی یەك جار خۆی بشوات.
3-نینۆككردن و دەستشووشتن پێش و پاش نانخواردن .
4-زۆر ئاوخواردنەوە و زۆر دەست و دەموچاوتەڕكردن و دەستنوێژشووشتن.
5-دووركەوتنەوە لە خواردنی خۆراك و خواردنەوەی سەر عارەبانە دەستگێڕەكان و منداڵان ڕێنمایی بكرێن دوور بن لە خواردنی ئەو خواردن و خواردنەوەی كە ئەگەری پیسبوونیان زۆرە و مێش و مەگەزیان زۆر لەسەر دەنیشێت، بە تایبەتی ئەو خواردنانەی ئەگەری گەنیوبوونیان بە گەرمی زۆرە .
6-دایكان و باوكان گرنگی بە تەندروستیی منداڵەكانیان بدەن و دایكان ڕۆژی یەك جار منداڵەكانیان بشۆن و منداڵان دوای هاتنەوەیان لە دەرەوەی ماڵ، بە تایبەتی لە گەڕەكە میللییەكان كە ئەگەری یاریكردنیان لە ناو خۆڵ زۆرە، دەست بشۆن و پێش و پاش نانخواردن و دوور بن لەو خواردنانەی كە زۆر لەبەر تیشكی خۆرن.
7-خۆراك: لە وەرزی هاویندا گرنگی بە خۆراك بدرێت و پێویستە ناندینی كوردی گۆڕانی بەسەردا بێت، بە تایبەتی كە ژەمی سەرەكیی خۆراك لە لای ئێمە لە دەمی نیوەڕۆ دروست دەكرێت و كابان ئامۆژگاریی دەكرێت كە ژەمی سەرەكی لە ئێوارەدا بێت و دووركەوتنەوە لە لێنانی خۆراكی چەور و سووركراوە و سەوزە و میوە زۆر بخورێت.
8-خواردنەوە: گرنگی بە زۆرخواردنەوەی ئاو و شلەمەنی و شەربەتی میوە بدرێت و دوور بن لە خواردنەوەی شلە گازدارەكان و بڕی خوارنەوەی قاوە و چایی كەم بكرێتەوە.
9-دووركەوتنەوە لە خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر بە تایبەتی لە چەقەی گەرمادا.
|
| |
بابهتی دیکهی نووسهر |
| » سەردانی نەخۆش |
| » سەردانی پزیشك |
| » ڕۆشنبیریی تەندروستی |
| » نەورۆز و هۆشیاریی دروستی |
| » ڕۆژی جیهانیی (سیل) |
| » نیشانە مەترسیدارەكان |
| » تەندروستی مرۆڤ |
| |
|
|
| |
|