|
| جوت ستاندارده‌که‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپور و ئه‌فسانه‌کانی |
| |
| |
سوداد ره‌سول |
پرۆسه‌ی به ستاندارد بوون له‌هه‌ر زمانێک له قۆناغێکی مێژوویی ده‌ست پێده‌کات، پاش ئه‌وه‌ی یه‌کێک له له‌هجه‌کانی ئه‌و زمانه ده‌بێت به زمانی نووسین و ئه‌ده‌ب. ئه‌و له‌هجه‌یه به ڕاده‌یه‌کی ئه‌وتۆ بایه‌خ په‌یدا ده‌کات، سنووری ناوچه‌که‌ی خۆی ده‌بڕێت و ده‌سه‌ڵاتی زمانی بۆ ناوچه‌کانی ده‌و‌روپشتی بڵاو ده‌کاته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم و بڵاو بوونه‌وه‌ی، نه‌خشێکی گرنگ و به‌رچاو ده‌گێڕێ بۆ به ستانداردکردنی زمانی نه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گشت ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له ژێر چه‌تری زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا کۆبکاته‌وه. ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییش زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو و سه‌رانسه‌ری بۆ خوێندن و کارگێڕی پێویسته. گه‌لێک له زمانه‌کانی ئه‌وروپا هه‌ر له‌سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م و حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری ناسیۆنالیزم پرۆسه‌ی به ستانداردکردنی زمانه‌که‌یان ده‌ست پێکردووه، بۆ زیاتر چه‌سپاندن و ڕێکوپێک کردنی زمانه‌که‌یان له ڕووی ڕێزمان، زاراوه‌سازی، ڕێنووس، ده‌نگناسی،... هتد تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وام له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌یه‌دان. واته به ستاندارد کردن، پرۆسه‌یه‌که و ته‌واو نا‌بێ و زمان به‌رده‌وام پێویستی به په‌ره‌پێدان و پێشخستن هه‌یه.
زمانی کوردی به له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست یا هه‌ندێک به کرمانجی خواروو1 ناوی ده‌به‌ن له کوردستانی باشوور ئه‌وه سه‌د ساڵێکه پرۆسه‌ی به ستاندارد بوونی ده‌ست پێکردووه و له‌م ڕووه‌وه له گشت له‌هجه سه‌ره‌کییه‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردی له پێشتره و قۆناغێکی گرنگی به ستاندارد بوونی بڕیوه. ئه‌گه‌ر کۆسپ نه‌خرێته به‌رده‌م پێشکه‌وتنی، ئه‌وا ئاسۆیه‌کی گه‌ش له‌به‌رده‌م پاشه‌ڕۆژی زمانی کوردی‌دا ده‌بێت. کوردیش وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م سه‌ر زه‌وییه ده‌بێ به خاوه‌ن زمانێکی ستانداردی یه‌کگرتوو.
یه‌کێک له‌و کێشه زۆر ناسکانه که ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی کوردستان بۆ زمانی کوردی هاتۆته پێش، کێشه‌ی به دوو ستانداردکردنی ئه‌و زمانه‌یه، له‌نێوان دوو له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی کرمانجی ناوه‌راست و کرمانجی باکووردا، به تایبه‌ت ئه‌و بن له‌هجه‌ی که له بادینان قسه‌ی پێده‌کرێ. له مێژووی به ستانداردکردنی زمانه‌کاندا، وه‌ک باوه، ته‌نیا له‌هجه‌یه‌ک هه‌ڵده‌بژێردرێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بنه‌ڕه‌تێک بۆ زمانی ستاندارد، هه‌ڵبژاردنی دوو له‌هجه و دوو زمانی ستاندارد، دیارده‌یه‌کی نامۆیه له پرۆسه‌ی به ستانداردکردنی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا.
یه‌کێک له سه‌رسه‌خترین بانگه‌شه‌کار و لایه‌نگرانی ئه‌و جووت ستانداردییه به‌ڕێز ئه‌میری حه‌سه‌نپوره. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که ئه‌و له‌بواری لێکۆڵینه‌وه له زمانی کوردی و پرسی به ستانداردکردنی هه‌وڵێکی جیدی داوه. تێزه دکتۆراکه‌ی به‌ناوی (ناسیۆنالیزم و زمان له کوردستان 1918- 1985) لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که سه‌باره‌ت به ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندن و به ستاندارد بوونی زمانی کوردی. چ له نامه دکتۆراکه‌ی و چ له‌و باسانه‌ی که به‌مدواییه له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته بڵاوی کردۆته‌وه، هه‌میشه پێداگری له سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌کات و ده‌ڵێ: زمانی کوردی وه‌ک زمانی نه‌رویجی و ئه‌رمه‌نی و ئه‌لبانی جووت ستاندار‌ده. 2 بۆچوونه‌کانی له‌مه‌ڕ جووت ستانداردی ئه‌و زمانانه و به‌راورد کردنیان له‌گه‌ڵ زمانی کوردی کۆمه‌ڵێک ئیشکالیه‌ت و که‌موکوڕی له خۆی گرتووه، که شیاوی ئه‌وه‌ن ڕه‌خنه و توێژینه‌وه‌یا‌ن له‌سه‌ر بکرێ. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له نووسینی دیکه‌ی هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته به ناوی (شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی) 3 زۆر به توندی ڕه‌خنه له پرۆسه‌ی یه‌ک ستانداردی زمانی کوردی ده‌گرێ و به (شۆڤینیزمی سۆرانی) له قه‌ڵه‌می ده‌دات.
جووت ستانداردی زمانی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ڕاستییه یان ئه‌فسانه؟ تا چ ڕاده‌یه‌ک ئه‌و زمانانه که نووسه‌ر ناویان ده‌بات، له وڵاته‌کانیان جووت ستانداردن؟ جووت ستانداردی، ئه‌گه‌ر هه‌شبێ، تا چه‌ند دیارده‌یه‌کی ته‌ندروسته له زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا؟ له‌م باسه‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به توێژینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمی تیشک بخه‌ینه سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی جووت ستانداردی زمانه‌کانی ئه‌و وڵاتانه و به‌راورد کردنیان له‌گه‌ڵ بارودۆخی زمانی کوردی. له دواییشدا دێینه‌وه سه‌ر تاوتوێ کردنی شۆڤینیزمی زمانی له کوردستانی باشوور که ئه‌و ناوی ناوه (شۆڤینیزمی سۆرانی)!.
زمانی نه‌رویجی، جووت ستانداردی یه‌ک زمان یا دوو زمان؟
نه‌رویج یه‌کێکه له وڵا‌ته ئه‌سکه‌ندیناڤییه‌کان، زمانه‌که‌یان سه‌ر به زمانه جه‌رمه‌نییه‌کانی باکووره که له‌گه‌ڵ زمانه دراوسێکانی ده‌وروبه‌ری وه‌ک سوێدی و دانیمارکی به شێوه‌یه‌ک له‌یه‌ک نزیکن ده‌توانن هه‌تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌ک گفتوگۆ بکه‌ن. نه‌رویج دانیشتوانی 4.3 ملیۆنه له 97% ی خه‌ڵکه‌که‌ی له ڕووی نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه نه‌رویجین.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی نه‌رویجی جووت ستاندارد بوونییه‌تی به ڕه‌سمی بۆ دوو زمان: بۆکمۆل Bokmal (زمانی کتێب) که نزیکه‌ی له 83% قوتابخانه‌کانی نه‌رویج به زمانی ستانداردی بۆکمۆل ده‌خوێنن، ته‌نانه‌ت بۆ خوێندنی باڵا بۆکمۆل ڕێژه‌که‌ی له‌وه زیاتره. ستانداردی دووه‌م زمانی نینۆرشک Nynorsk (نه‌رویجی نوێ)یه که ته‌نیا له 17% قوتابیان به‌و زمانه ده‌رس ده‌خوێنن، زۆربه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ش که ده‌گه‌ن به خوێندنی باڵا زمانه‌که‌یان ده‌گۆڕن بۆ بۆکمۆل. بۆیه ده‌کرێ بگووتر‌ێ بۆکمۆل زمانێکی ستاندادری باڵاده‌ستی ژیانی گشتی ئه‌و وڵاته‌یه، هه‌رچی نینۆرشکه ئه‌وا به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی بۆ ئه‌ده‌ب و شانۆ و زانکۆ به‌کاردێت، به‌ڵام به‌کارهێنانی له بواری ئێشوکار و پیشه‌سازی، بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نییه. بۆکمۆل له هه‌رێمه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نه‌رویج به‌کاردێت، هه‌رچی نینۆرشکه له ڕۆژئاوای وڵات له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره گه‌وره‌کان به‌کاردێت. 4 ئه‌م دوو ستاندار‌ده له‌م وڵا‌ته چۆن سه‌ریان هه‌ڵدا؟
له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، نه‌رویج زمانێکی پێشکه‌وتووی نووسینی هه‌بووه، که به نه‌وریجی کۆن Old Norse ناسراوه، به‌ڵام دوای کۆتایی هاتنی مه‌مله‌که‌تی نه‌رویجی له سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م بۆ پازده‌هه‌م، زمانه‌که‌ش بایه‌خی خۆی له‌ده‌ست داوه، وه‌ک زمانی نووسین چیدی به‌کار نه‌هاتووه. له‌کاتی حکومڕانی دانیمارکی – نه‌رویجی( 1380-1814)، زمانی دانیمارکی ته‌نیا زمانی نووسین بوو له نه‌رویج، ئه‌و دوو زمانه‌ش ته‌واوێک له‌یه‌ک نزیکن. له ساڵی 1814 نه‌رویج له دانیمارک جیا ده‌بێته‌وه و ده‌بێت به وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ شای سوێد یه‌کێتییه‌ک پێکدێنن تا ساڵی 1905 به‌رده‌وام ده‌بێت. 5
دوای جیا بوونه‌وه‌ی نه‌رویجییه‌کان له دانیمارکییه‌کان، نه‌رویج ده‌بێت به وڵاتێکی خاوه‌ن ده‌ستور و په‌رله‌مانی خۆی. دوای سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم و په‌یدا بوونی حکومه‌تی دیموکراتی له وڵات، نه‌رویجییه‌کان له‌ته‌ک سوێدی و دانیمارکی خۆیان به نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ داده‌نا، که‌چی له وڵاته‌که‌یان زمانێکی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌رویجیان نییه، ئه‌و زمانه‌ی که به‌کار دێت بۆ نووسین و له قوتابخانه‌کان ده‌خوێندرێ، زمانێکه به ئه‌سڵ دانیمارکییه، ته‌عبیر له هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌رویجییه‌کان ناکات. زۆر له خه‌ڵکی نه‌رویج پێیان وابوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک نه‌رویج زۆر نابه‌جێیه زمانی ستانداردی نووسینیان به ئه‌سڵ دانیمارکی بێ و نه‌رویجی نه‌بێ. 6 سێ ڕێگه‌یان له‌به‌رده‌م بوو، یه‌که‌م: ئه‌و زمانه نووسینه‌ی که به ئه‌سڵ دانیمارکییه وه‌ک خۆی بهێڵنه‌وه، دووه‌م: هه‌ر ئه‌و زمانه دانیمارکییه به نه‌رویجی بکرێ، ئه‌مه‌ش له ڕێی ده‌ستکاری کردنی ڕێنووسه‌که‌ی، وشه‌کانیشی وه‌ک نه‌رویجی گۆ بکرێن، سێهه‌م: یانیش زمانێکی نووسینی نه‌ته‌وه‌یی نه‌رویجی نوێ له سه‌ر بنه‌ڕه‌تی له‌هجه‌کانی نه‌رویجی دابهێنرێت. ڕێگه‌ی یه‌که‌میان ڕه‌ت کرده‌وه، دوو ڕێگه‌که‌ی دییان په‌سند کرد 7
دوو زمان‌ناسی نه‌رویجی کنود کنودسێن Knud Knudsen ( 1812- 1895) و ئیڤار ئاسێن Ivar Aasen (1813-1896) دوو سیسته‌می زمانی نووسینی نه‌رویجیان په‌ره‌پێدا که ئه‌م دوو زمانه ستاندارده‌ی ئه‌مڕۆی نه‌رویجی لێ هاتۆته به‌رهه‌م.
کنود کنودسێن هه‌وڵیدا ئه‌و زمانه دانیمارکیه که ماوه‌یه‌کی درێژ‌ه زمانی نووسینه له وڵات، هه‌نگاو به هه‌نگاو زیاتر به نه‌رویجی بکات، ئه‌مه‌ش له ڕێی ده‌ستکاری کردنی ڕێنووسه‌که‌ی و گۆڕینی شێوه‌ی نووسینه‌که‌ی (spelling) و به ده‌نگی نه‌رویجیش گۆ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نۆرمێکی جیاواز وه‌رگرێت و له نووسینی دانیمارکییه‌که دوور که‌وێته‌وه. بۆ نمونه له جێگه‌ی پیتی b، d، g ی دانیمارکی، پیتی p، t، k دابنرێت، به گوێره‌ی گۆ کردنی نه‌رویجیش گۆ بکرێت، وه‌ک وشه‌ی tag ی دانیمارکی له بۆکمۆل ده‌بێ به tak، واته سه‌ربان. 8 له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ئه‌م زمانه زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ زیاتر ڕه‌نگی نه‌رویجی وه‌رده‌گرێ تا دانیمارکی، له ساڵی 1907 ناوی ڕیکسمۆلی Riksmal (زمانی وڵات)ی لێ ده‌نرێ. دوای ئه‌وه زمانه‌که زیاتر ڕیفۆرمی تێدا ده‌کرێ و له ساڵی 1929 به ڕه‌سمی ناوی ده‌بێته بۆکمۆل Bokmal ( زمانی کتێب).
له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئیڤار ئاسێن له ته‌مه‌نی 22 ساڵی ده‌ستی به‌کار کرد. بۆ به ده‌ستهێنانی زمانێکی نووسینی نه‌ته‌وه‌یی نه‌رویجی، به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیکاڵی گرته به‌ر. ئه‌و پێی وابوو زمانی په‌تی و ڕه‌سه‌نی نه‌رویجی له نێو له‌هجه‌ی گوندنشینه‌کانی ڕۆژئاوای نه‌رویجه، ئه‌و شوێنه که له دووری دانیمارکه و زمانه‌که‌یان تێکه‌ڵ به زمانی دانیمارکی و زمانه بێگانه‌کان نه‌بووه. ئه‌و زمانه‌ی که ئه‌و په‌ره‌ی پێدا، زمانێک بوو ئه‌دگار و پێکهاتی کۆمه‌ڵێک له‌هجه‌ی گونده‌کانی نه‌رویجی له‌خۆ گر‌ت بوو، ناوی نا Landsmal لاندسمۆل واته زمانی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و زمانه زیاتر ته‌عبیری له هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و شانازییه‌کانی نیشتیمانی ده‌کرد. 9 وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ ئه‌و هه‌سته ناسیۆنالیستییه که له نێو نه‌رویجییه‌کان له جۆش و خرۆشدا بوو. به‌رهه‌می کاره‌که‌ی له نێو‌ان ساڵانی 1848 تا 1873 له چه‌ندین کتێب بڵاو کرایه‌وه، دواتر له ساڵی 1925 نا‌وه‌که‌ی به ڕه‌سمی ده‌بێ به نینۆرشک Nynorsk. ئه‌و زمانه هه‌رچه‌نده به ئامانجێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی هاته کایه‌وه که له پێشدا بره‌وێکی باشی ده‌بێت بۆ خوێندن به تایبه‌ت له نێو خه‌ڵکی گوندنشین و دانیشتوانی ڕۆژئاوای نه‌رویجدا، به‌ڵام نه‌یتوانی جێگه به زمانی بۆکمۆل له‌ق بکات. بۆکمۆل تا ده‌هات بایه‌خی زێده تر ده‌بوو.
ئه‌م دوو زمانه ستاندار‌ده له وڵات بێ کێشه و گیر‌و گرفت نه‌بووه، سه‌رباری خه‌رجییه زۆره‌که‌ی، کۆمه‌ڵێک کێشه و گرفتی بۆ قوتابخانه‌کان و سیسته‌می خوێندنی وڵاته‌که خوڵقاندووه. بۆ نمونه له هه‌ندێک قوتابخا‌نه که به زمانی نینۆرشک ده‌خوێنن، هه‌ندێک کتێبی قوتابخا‌نه یا هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی گرنگی خوێندن به‌و زمانه له کتێبخانه‌کان ده‌ست ناکه‌ون، ئیدی ناچار ده‌بن له پاڵ زمانه‌که‌ی خۆیان زمانی بۆکمۆل فێر بن، چونکه زیاتر له 80% کتێب به‌و زمانه‌یه، بۆیه زۆربه‌ی قوتابیان بۆ خوێندنی زانکۆ واز له نینۆرشک دێنن و بۆکمۆل فێر ده‌بن. هه‌ر بۆیه‌شه ژماره‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی که به نینۆرشک ده‌خوێنن ڕوو له که‌می ده‌کات. 10 بوونی ئه‌و گیروگرفتانه و چه‌ندین گرفتی دی، به تایبه‌ت کاتێک لایه‌نگرانی ئه‌و دوو زمانه له ڕووی چینایه‌تی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه ڕوو به ڕوو یه‌کدی بوونه‌ته‌وه. لایه‌نگرانی نینۆرشک له وڵاته‌که‌دا خۆیان به که‌مینه‌یه‌ک ده‌زانن ده‌یانه‌وێ زمانه‌که‌یان زیاتر بایه‌خی پێ بدرێ و له هه‌موو بوارێک به کار بێت. 11 هه‌روه‌ها پێیان وایه که زمانی ئه‌وان زمانی خه‌ڵکی گوند و جوتیارانه، نه‌رویجی ڕاسته‌قینه جوتیاره‌کانن، زمانه‌که‌شیان نه‌رویجی ڕه‌سه‌نه. حزبی سیاسی په‌یدا بوون پشتگیریان له‌و سیاسه‌ته ده‌کرد. به‌ره‌که‌ی دی زمانه‌که‌ی خۆی پێ زمانی خه‌ڵکی شار و زمانی ڕۆشنبیر و چینی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌مه هه‌رچه‌نده له په‌رله‌مانی وڵات هه‌ردوو زمانی ستاندارد به ڕه‌سمی ناسێنراون. له ساڵی 1907 په‌رله‌مانی نه‌رویجی بڕیاریدا بۆ هه‌موو ئه‌و قوتابیانه‌ی که له قوتابخانه‌ی باڵا خوێندن ته‌واو ده‌که‌ن ده‌یانه‌وێ بچن بۆ زانکۆ ده‌بێ له تاقیکردنه‌وه به هه‌ردوو زمان ده‌ربچن ئه‌وجا ده‌توانن درێژ‌ه به خوێندنی زانکۆ بده‌ن، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه کێشه و ناڕه‌زاییه‌کی زۆر که‌وته نێو‌ان هه‌ردوو به‌ره‌ی زمان، ئه‌مه له کاتێکدا که زۆربه‌ی قوتابیانی قوتابخانه‌ی باڵا زمانی نینۆرشک نازانن، ئیدی لایه‌نگرانی بۆکمۆل له‌و بڕیاره توڕه بوون و پێیان وابوو که ئه‌و بڕیاره وروژاندنێکی ئاشکرایه له دژیان و له به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نگرانی نینۆرشکه. ئه‌م کێشه و ململانێیه له نێو‌ان هه‌ردوو ستاندارد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست گه‌یشته ڕاده‌یه‌ک خه‌ریک بوو هه‌ڕه‌شه له یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی نه‌رویجی بکات، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه که ئه‌و هه‌موو ساڵه له ژێر حکومڕانی بێگانه‌دا بووه تازه سه‌ربه‌خۆیی نیشتیمانی به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌مڕۆ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌ساسی زمان بۆ دوو به‌ره‌ی جیاواز دابه‌ش بوون و به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک وه‌ستاون، هه‌ر به‌ره‌یه‌ک ده‌یه‌وێ زمانه‌که‌ی خۆی سه‌رکه‌وێ. ئه‌وانه‌ی له خه‌می ئه‌م کێشه‌یه‌دا بوون، پێیان وابوو کاتی ئه‌وه هاتووه ڕێگه چاره‌یه‌کی بۆ بدۆزرێته‌وه. ئه‌وه بوو فۆلکلۆرناس مۆلتکه مۆ Moltke Moe (1859- 1913) له ساڵی 1907ده‌ستی به ڕیفۆرمی زمان کرد بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی بۆ زمانی نه‌رویجی بگێڕێته‌وه، پێشنیاری کرد هه‌ردوو زمان ده‌بێ ڕه‌چاو بکرێن، هه‌ردوو ستاندارده‌که پێویسته ورده ورده له‌یه‌ک نزیک بکرێنه‌وه زمانێکی هاوبه‌شی نووسین دروست بکرێت به ناوی سامنۆرشک Samnorsk، واته نه‌وریجی هاوبه‌ش. 12 ئه‌م پرۆژه‌ی زمانی هاوبه‌شی نه‌رویجی بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ک له‌لایه‌ن شاره‌زایانی زمان و چینی ڕۆشنبیران و حکومه‌تی نه‌رویجی زۆر به گه‌رمی مشتومڕی له‌سه‌ر ده‌کرا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێک بێ ڕێگه چاره‌یه‌ک بۆ ئه‌م جووت ستانداردییه بدۆزنه‌وه و نه‌ته‌وه‌ی نه‌رویجی له‌م کێشه‌یه ڕزگار بکه‌ن، نه‌رویجییش وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا ببێ به خاوه‌ن یه‌ک زمانی ستانداردی نووسین. له پێشدا ئه‌م پلانه له نێو خه‌ڵکی نه‌رویج لایه‌نگیری زۆر بوو، به‌ڵام دواتر ناڕه‌زایی زۆر ده‌بێت، تا له ساڵی 2002 په‌رله‌مانی نه‌رویجی به ڕه‌سمی ڕایده‌گه‌یه‌نێت که پرۆژه‌ی سامنۆرشک سه‌رکه‌وتو نه‌بوو، به شێوه‌یه‌کی سیاسی واز له‌و پرۆژه‌یه ده‌هێنرێت و چیدی نابێته جێگه‌ی باس. به‌ڵام له ساڵی 2005 پێشنیاری ڕیفۆرم کردنی بۆکمۆل ده‌کرێت، ئه‌و زمانه که ڕۆژ له دوای ڕۆژ له نه‌رویج بایه‌خی له زیاد بووندایه. 13
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر دوو ستانداردی نه‌رویجی بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌ی له‌وێ به جووت ستاندارد ناسراوه، ئه‌مه له بنچینه‌دا دوو زمان بووه نه‌ک دوو له‌هجه‌ی یه‌ک زمان. زمانی بۆکمۆل له سه‌رده‌مێکی مێژوویی سه‌ریهه‌ڵداوه و وه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا له وڵاته‌که‌دا ماوه‌ته‌وه، بووه به زمانی ئه‌مری واقیع بۆ خوێندن و نووسین. خه‌ڵکی نه‌رویج نه‌یان توانیوه پشتگوێی بخه‌ن و ده‌ستبه‌رداری بن، له پاڵ ئه‌مه‌شدا نه‌رویجییه‌کان به تایبه‌ت باڵه ناسیۆنالیسته‌که‌ی حه‌زی کردووه زمانێکی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بێ وه‌ک زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌وروپا. سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم و دروست بوونی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک نه‌رویج پێویستی به‌وه بوو زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک نینۆرشک بهێنێته کایه‌وه، ئیدی ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌ردوو زمان ببن به ستاندارد، ئه‌مڕۆ نه‌رویج به ڕه‌سمی دوو زمانی ستانداردی هه‌یه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش زۆر ده‌گمه‌نه و پابه‌نده به بارودۆخی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی - زمانی نه‌رویجی خۆی.
ئه‌میری حه‌سه‌نپور، به‌بێ ئه‌وه‌ی له بارودۆخی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و دوو ستاندار‌ده بکۆڵێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه سه‌لبییه‌کانی ڕه‌چاو بکات و له گیروگرفته‌کانی ورد بێته‌وه، که ئه‌و جووت ستاندار‌ده له نه‌رویج چ کێشه‌یه‌کی زمانی بۆ میلله‌ته‌که و وڵاته‌که خوڵقاندووه، به هه‌ڵه‌داوان ئه‌و جووت ستانداردییه‌ی زمانی نه‌رویجی وه‌ک نمونه‌یه‌کی سه‌رکه‌تو به‌سه‌ر کوردستانی باشووری ساغ ده‌کاته‌وه. ده‌یه‌وێ زمانی کوردی له‌وێ به‌ره‌و جووت ستانداردی ببات، ئه‌مه له کاتێکدا حاڵه‌تی زمانه‌وانی ته‌واو له‌گه‌ڵ حاڵه‌تی دوو له‌هجه‌ی زمانی کوردی وه‌ک کرمانجی ناوه‌راست و کرمانجی باکوور جیاوازه، ئه‌وه‌ی نه‌رویج له بنه‌ڕه‌تدا له نێو‌ان دوو زمانه ئه‌مه‌ی خۆمان دوو له‌هجه‌ی یه‌ک زمانه. خه‌ڵکی نه‌رویج بۆیه زمانی ستانداردی دووه‌میان په‌سند کرد، چونکه ئه‌وان زمانێکی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت به خۆیان نه‌بوو، هه‌ر بۆیه ئه‌و دوو زمانه ستاندار‌ده له وڵاته‌که بوون به دیفاکتۆ. هه‌رچه‌نده هه‌ڵومه‌رجی زاتی و مه‌وزوعی زمانی نه‌رویجی کردووه به دوو ستاندارد به‌ڵام خه‌ڵکی نه‌رویج هه‌میشه خوازیاری یه‌ک زمانی ستاندارد بوون بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌و کێشه و ڕکابه‌ری دوو زمانییه ڕزگار بکه‌ن. له ته‌جره‌به‌ی نه‌رویج ده‌رده‌که‌وێت که جووت ستانداردی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک حاڵه‌تێکی ته‌ندروستی زمانی نیه.
زمانی ئه‌رمه‌نی وه‌ک جووت ستاندارد
زمانی ئه‌رمه‌نی لقێکی سه‌ربه‌خۆی خێزانی زمانه هیندۆ- ئه‌و‌روپییه‌کانه. له‌گه‌ڵ زمانی گریکی و زمانه ئێرانییه‌کان نزیکی هه‌یه. قه‌شه میسرۆپ ماشتۆت له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می میلادی ئه‌لفوبێیه‌کی تایبه‌تی بۆ زمانی ئه‌رمه‌نی داده‌هێنێت، ئیدی دوای ئه‌وه زمانی ئه‌رمه‌نی بۆ یه‌که‌م جار بۆ نووسین به کاردێت. زمانی کلاسیکی ئه‌رمه‌نی ناوی گرابار Grabar بوو، بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌زار ساڵ زمانی نوسین و ستانداردی کلاسیکی ئه‌رمه‌نی بووه و ئه‌ده‌بیاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی پێ ده‌نووسرێته‌وه، نووسراوێکی زۆریش له زمانه‌کانی گریکی و سریانی بۆ زمانی کلاسیکی ئه‌رمه‌نی وه‌رگێڕاوه. ئه‌و زمانه کلاسیکه تا سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م وه‌ک زمانی نووسین مایه‌وه، له زمانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی vernacular ئه‌رمه‌نی دوور که‌وت بووه‌وه، واته خه‌ڵک به ئاسانی لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتن، وه‌ک زمانی لاتینی بۆ ئه‌وروپا.
دوای سه‌رهه‌ڵدانی بیری ناسیۆنالیزم و ڕزگاری نیشتیمانی لای ئه‌رمه‌نییه‌کان، نه‌ته‌وه‌ی ئه‌رمه‌ن بۆ نووسین پێویستی به زمانێکی ستانداردی نیشتیمانی هه‌بوو، زمانێک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئه‌رمه‌نی به ئاسانی لێی تێبگه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له دوو شوێنی جیا هه‌وڵی به ستاندادر کردنی دوو له‌هجه‌ی ئه‌رمه‌نی درا، که هه‌ردوو له‌هجه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای زمانی ئه‌رمه‌نی بوون، ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان پێی ده‌گوترێت زمانی ئه‌رمه‌نی ڕۆژهه‌ڵات: ئه‌و زمانه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌ستی به ستاندارد بوون کرد. له ساڵی 1814 قوتابخانه‌ی نێرسیسیان له تفلیس دامه‌زرا و له ساڵی 1815 ئینستیتوتی لازاریان له مۆسکۆ دامه‌زرا، ئه‌و دوو سێنته‌ره ده‌بن به دوو مه‌ڵبه‌ندی کو‌لتوور و زمان له لایه‌ن ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی ئاواره‌ی ئه‌رمه‌نی بۆ به ستانداردکردنی زمانی ئه‌رمه‌نی ڕۆژهه‌ڵات. له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی دۆڵی ئارارت وه‌ک بنه‌ڕه‌تێک بۆ به ستاندارد کردن هه‌ڵده‌بژێردرێت و بۆ نووسین به کار دێت. 15 ئه‌و له‌هجه ئه‌رمه‌نییه بایه‌خێکی زۆر په‌یدا ده‌کات و ده‌بێ به زمانی ستانداردی ڕه‌سمی کۆماری ئه‌رمه‌نستان که دانیشتوانه‌که‌ی 3.5 ملیۆنه( سه‌رژمێری 2008) هه‌روه‌ها زمانی ئه‌رمه‌نییه‌کانی ناوچه‌ی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ و ئه‌رمه‌نه‌کانی ناوچه‌ی سنووری نێو‌ان ئه‌رمه‌نستان و گورجستان و ئه‌رمه‌نه‌کانی ئێرانه. 16 له‌سه‌رده‌می حکومڕانی یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا، ئه‌و زمانه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به ستاندارد بوونی خۆی په‌ره‌پێدا و له ژیانی سیاسی و ئیداری و زانستی و ئابوری وڵات به‌کارده‌هات. ئه‌و زمانه ستاندار‌ده ئه‌مڕۆ تاکه زمانی ستاندار‌ده بۆ خوێندن و نووسین و سیسته‌می کارگێڕی ئه‌رمه‌نستان.
زمانی ستانداردی دووه‌م پێی ده‌گوترێت زمانی ئه‌رمه‌نی ڕۆژئاوا که له‌لایه‌ن ئه‌رمه‌نه‌کانی ئه‌سته‌نبوڵ، هاو زه‌مان له‌گه‌ڵ زمانی ئه‌رمه‌نی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستی به ستاندارد بوون کرد له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی له‌هجه‌ی ئه‌رمه‌نه‌کانی ئه‌نادۆل که له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و پێش کوشتاری ئه‌رمه‌نه‌کان و ئاواره بوونیان به جیهاندا، له‌و ناوچه‌یه‌دا قسه‌ی پێده‌کرا. ئه‌مڕۆ ئه‌و زمانه ستاندار‌ده زمانی ئه‌رمه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمه‌نستانه که په‌رته‌وازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا بوون. 17 شیاوی گوتنه زمانی ئه‌رمه‌نی ڕۆژئاوا هه‌ر هه‌مان ئه‌لفوبێی ئه‌رمه‌نی ڕۆژهه‌ڵات به‌کاردێنن که ئه‌لفوبێیه‌کی تایبه‌ت به زمانی خۆیانه، واته زمانی ئه‌رمه‌نی سه‌ره‌ڕای جووت ستانداردی زمانه‌که‌یان به‌ڵام له ڕووی ڕێنووسه‌وه، ڕێنووسێکی یه‌کگرتوویان هه‌یه.
دابه‌شبوونی زمانی ئه‌رمه‌نی بۆ دوو ستاندارد، هه‌ر ته‌نیا به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی زمان نییه وه‌ک گۆڕانی فۆنه‌تیکی و مۆرفۆلۆجی و سیمانتیکی، به‌ڵکو به فاکته‌ری دیکه‌ی مێژوویی و سیاسییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه له مێژووی گه‌لی ئه‌رمه‌ن که له ئه‌نجامی دابه‌شبوونی وڵاته‌که‌یان و کۆمه‌ڵکوژی و په‌رته‌وازه بوونیان به جیهاندا، جیاوازی ئه‌و دوو زمانه ئه‌رمه‌نییه‌ی قوڵتر کردۆته‌وه.
به ستانداردکردنی له‌هجه‌ی ئه‌رمه‌نی ڕۆژهه‌ڵات ئامانجێکی سه‌ره‌کی ناسیۆنالیستی ئه‌رمه‌نی بوو که به‌دوای سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و پارێزگاری زمان و گه‌ل و وڵاته‌که‌یدا وێڵ بوو. 18
ئه‌رمه‌نستان دوای سه‌ربه‌خۆ بوونی له یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له ساڵی 1991 بۆ یه‌که‌م جار بایه‌خ به له‌هجه ستاندارده‌که‌ی ڕۆژئاوا ده‌دات، چه‌ند کتێبێکی ده‌رس خوێندن و فه‌رهه‌نگی زمانی ئه‌رمه‌نی ڕۆژئاوا له ئه‌رمه‌نستان چاپ ده‌کرێن. هه‌رچه‌نده به‌شێکی زۆری دانیشتوانی کۆماری ئه‌رمینیا سه‌ر به زمانه ئه‌رمه‌نییه‌که‌ی ڕۆژئاوان، به‌ڵام (ئۆفیسی زمانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت) له ئه‌رمه‌نستان تا ئێستا به ڕه‌سمی ئیعتیرافی به‌و له‌هجه ستاندارده‌ی ڕۆژئاوا نه‌کردووه. له‌م ده ساڵه‌ی ڕابردوو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆر دراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو ستاندار‌ده ورده ورده بکه‌ن به‌یه‌ک زمانی ستاندارد بۆ گشت ئه‌رمه‌نه‌کانی سه‌رانسه‌ری دنیا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕیفۆرمی ڕێنووسی هه‌ر دوو ستاندارده‌که کراوه. ئه‌و پرسه تا ئێستا له ژێر باس و لێکۆلینه‌وه‌دایه. 19
له‌م ڕوونکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا له‌باره‌ی هه‌ردوو ستانداردی زمانی ئه‌رمه‌نی بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌رمه‌نستان له وڵاته‌که‌ی خۆیان ته‌نیا یه‌ک ستانداردیان هه‌یه ئه‌وه‌ی دی له وڵات به‌کار نایه‌ت، واته له سیسته‌می خوێندن و ئیداری وڵات ئه‌رمه‌نستان کێشه‌ی جووت ستانداردی نیه، بۆیه وه‌ک زمانی ڕه‌سمی وڵات ته‌نیا ئه‌و ستاندار‌ده به‌کار ده‌هێنرێت، ئه‌وه‌ی دی هه‌رچه‌نده لای ئه‌رمه‌نه‌کانی هه‌نده‌ران به ستاندارد ناسراوه به‌ڵام کێشه‌ی بۆ وڵاته‌که‌ی دروست نه‌کردووه ته‌نیا زمانێکه بۆ ئه‌و ئه‌رمه‌نانه‌ی که له ده‌ره‌وه ده‌ژین.
ئه‌وه‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپور له‌باره‌ی ئه‌رمه‌نه‌وه ده‌یڵێ و ده‌یکاته به‌هانه‌یه‌ک بۆ جووت ستانداردی زمانی کوردی له کوردستانی عێراق ده‌بینین ئه‌وه‌ش له ئه‌فسانه‌وه نزیکتره تا ڕاستی، به‌هانه‌یه‌کی پته‌و نیه تا بڵێین نمونه‌ی جووت ستاندارد له زمانی نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ت هه‌یه و ده‌کرێ زمانی کوردیش سود له ته‌جره‌به‌که‌ی ئه‌وان وه‌ربگرێ.
په‌رته‌وازه بوونی ئه‌رمه‌نه‌کانی سه‌ر به له‌هجه‌ی ڕۆژئاوا جیاوازییه‌کانی ئه‌و دوو له‌هجه‌یه‌ی زێده‌تر کردووه، چونکه هه‌ردوو له‌هجه له دووری یه‌کتر و به جیا له‌گه‌ڵ یه‌ک په‌ره‌ی سه‌ندووه تا له‌پاشان بوون به دوو ستاندارد. به‌ڵام هه‌رچی کرمانجی ناوه‌ڕاست و بن له‌هجه‌ی بادینی کرمانجی باکووره بارودۆخه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو له‌هجه‌ی زمانی ئه‌رمه‌نی ته‌واو له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازن، ئه‌م دوو له‌هجه کوردییه له پاڵ یه‌کن و له‌گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵن له ڕووی ئیداریشه‌وه له چوارچێوه‌ی سنووری جوغرافی هه‌رێمی کوردستاندان.
یه‌ک ستانداردی زمانی ئه‌رمه‌نی له وڵاته‌که‌یان، دوباره پشتگیری له‌و ڕایه ده‌کات که زمانێک ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌نده دوو له‌هجه‌ی جیاواز و جووت ستانداردیش بێت، به‌ڵام وه‌ک زمانی ڕه‌سمی وڵات بۆ په‌روه‌رده و کارگێڕی ده‌بێ ته‌نیا یه‌ک ستانداردی هه‌بێ. گه‌لی ئه‌رمه‌ن هه‌رچه‌نده زمانه‌که‌یان بووه به دوو ستاندارد، به‌ڵام بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی زمانه‌که‌یان کۆڵ‌یان نه‌داوه، ئه‌مڕۆ گشت ئه‌رمه‌نه‌کان به‌ره‌و یه‌ک زمانی ستانداردی یه‌کگرتوو هه‌نگاو ده‌نێن.
زمانی ئه‌لبانی، جووت ستاندارد یا یه‌ک ستاندارد؟
زمانی ئه‌لبانی وه‌ک زمانی ئه‌رمه‌نی و گریکی به لقێکی سه‌ربه‌خۆی خێزانی زمانه هیندۆ – ئه‌و‌روپییه‌کان داده‌نرێت. زیاتر له 6 ملیۆن که‌س قسه‌ی پێده‌که‌ن، له باشووری ڕۆژئاوای بالکان، له کۆماری ئه‌لبانیا و کۆسۆڤۆ زمانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکه، له هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌ی بالکان، وه‌ک ماسادۆنیا، مۆنتینگرۆ و سێربیا قسه‌ی پێده‌کرێ. هه‌روه‌ها له یۆنان و ئیتاڵیاش که‌مینه‌یه‌کی ئالبانی هه‌یه.
زمانی ئه‌لبانی کۆمه‌ڵێک له‌هجه‌ی جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام بۆ دوو له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی گێگ Gheg و تۆسک Tosk دابه‌ش ده‌بێت. ڕوباری شکومبینی Shkumbini له ناوه‌راستی ئه‌لبانیا ئه‌و دوو له‌هجه‌یه له‌یه‌ک داده‌بڕێت. گێگ له باکووری وڵات قسه‌ی پێده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ کۆسۆڤۆ و مۆنتینگرۆ و سێربیا و به‌شی ڕۆژئاوای کۆماری مه‌سادۆنیا. تۆسک له باشووری وڵات قسه‌ی پێده‌کرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌لبانییه‌کانی ئیتاڵیا و یۆنان و بولغاریا و ئۆکرانیا. 20 هه‌ردوو له‌هجه‌که له ڕووی فۆنه‌تیک و مۆرفۆلۆجی و سینتاکس و لێکسیکه‌وه له‌یه‌ک جیاوازن. 21
زمانی ئه‌لبانی به هه‌دردوو له‌هجه‌که‌یه‌وه هه‌ر له‌سه‌ده‌ی پازده‌هه‌مه‌وه پێی نووسراوه و ئه‌ده‌بیاتی هه‌یه. یه‌که‌م نووسراو به زمانی ئه‌لبانی له ساڵی 1462 به ناوی ( شێوازی ته‌عمیدکردن)به له‌هجه‌ی گێگ بووه، دواتر له کۆتایی ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م نووسین به له‌هجه‌ی تۆسک ده‌ست پێده‌کات، یه‌که‌م نووسراو به‌م له‌هجه‌یه کتێبێکه به ناوی(به‌شێک له ئینجیل). یه‌که‌م چاپ کراو له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م به له‌هجه‌ی گێگ بووه، دواتر هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا چاپکراو به له‌هجه‌ی تۆسکیش ده‌رده‌که‌وێت. له ساڵی 1897 یه‌که‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی(کۆنیتزا ئه‌لبانیا) نووسین به هه‌ردوو له‌هجه بڵاو ده‌کاته‌وه. به‌م شێوه‌یه هه‌ردوو له‌هجه‌کان به جیا و له‌گه‌ڵ یه‌ک په‌ره ده‌ستێنن، به ئه‌لفوبی جیاوازیش ده‌نووسرێن وه‌ک ئه‌لفوبێی لاتینی، عه‌ره‌بی، گریکی تا له ساڵی 1908 دوای سه‌ربه‌خۆیی ئه‌لبانیا له کۆنگره‌ی مه‌ناستیر بڕیار ده‌درێت ئه‌لفوبێی لاتینی بۆ هه‌ردوو له‌هجه‌ی زمانی ئه‌لبانی به کاربێت. 22 نووسین به ئه‌لفوبێیه‌کی یه‌کگرتوو بۆ هه‌ردوو له‌هجه هه‌نگاوێکی یه‌کجار گرنگ و زه‌مینه خۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی باس له زمانێکی ستانداردی یه‌کگرتوو بۆ هه‌موو ئه‌لبانییه‌کان بکرێت.
نووسین به‌م دوو له‌هجه‌یه هه‌تا ساڵه‌کانی دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت. له ساڵی 1940 کاتێک حکومه‌تی نوێی ئه‌لبانی دێته سه‌رکار، هه‌ردوو له‌هجه‌که هاوشان له‌گه‌ڵ یه‌ک به‌ره‌و پێش چوو بوون، هیچ کامێکیان له ڕووی ئه‌ده‌بیات و چاپکردنه‌وه له‌وه‌ی دی باڵاده‌ستتر نه‌بوو. به تێپه‌ڕ بوونی کات، له‌هجه‌ی تۆسک له باشوور له بواری نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌دا به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی وه‌ک زمانی دیفاکتۆ بۆ ئه‌لبانییه‌کان باڵا ده‌ستی خۆی ده‌نوێنێ. له‌هجه‌ی تۆسک وشه و ده‌سته‌واژه‌ی زۆری له‌هجه‌ی گێگ ده‌گرێته خۆی به فۆنه‌تیکی تۆسکی، ئیدی ده‌بێته زمانێک ته‌نیا به ڕێزمان و فۆنه‌تیک له‌هجه‌ی تۆسکه به فه‌رهه‌نگۆکی وشه vocabulary به وشه‌کانی له‌هجه‌ی گێگ یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێت. 23 له ساڵی 1952 یه‌کێتی نووسه‌رانی ئه‌لبانیا بڕیار ده‌دات له‌مه‌و‌دوا بۆ چاپه‌مه‌نی ته‌نیا له‌هجه‌ی تۆسک به کاربێت بۆ ئه‌وه‌ی چیدی درێژ‌ه به دوو ستاندارد نه‌درێ. ئه‌م بڕیاره بۆ ناوخۆی ئه‌لبانیا ته‌ئسیری ده‌بێ به‌ڵام لای هه‌موو ئه‌لبانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لبانیا وه‌ک یه‌ک به هه‌ند وه‌رناگیرێ. 24
دواتر له ساڵی 1956 مانیفێستۆی (ڕێنوسی ئه‌لبانی) ده‌رده‌چێت که تیایدا به وردی گرفته‌کانی به ستانداردکردنی ئه‌لبانی باسکرا بوو. 25 دوای ئه‌وه نووسه‌رانی گێگ واز له نووسین به له‌هجه‌که‌ی خۆیان دێنن و به زمانه ستاندارده‌که ده‌نووسن. ئه‌مانه هه‌موو چه‌ند هانگاوێک بوون به‌ره به‌ره له‌هجه‌ی تۆسکی ستاندارد جێگه‌ی گێگ بگرێته‌وه. 26
دوای ئه‌وه، گرنگترین هه‌نگاوێک که هه‌ڵنرابێت بۆ به ستانداردکردنی زمانی ئه‌لبانی له ساڵی 1967 بوو، کاتێک کتێبێک له‌باره‌ی (بنه‌ماکانی ڕێنوسی ئه‌لبانی) ده‌رده‌چێت، ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌ساسێکی یه‌کجاری داده‌نێت که زمانی ستانداردی نیشتیمانی یه‌کگرتووی پێ بنووسرێت، ساڵێک دواتر له پریشتینای پایته‌ختی کۆسۆڤۆ( که ئه‌وسا سه‌ر به یۆگوسلاڤیا بوو) کۆنگره‌یه‌کی زمانه‌وانی ده‌گیرێت، ئه‌و زمانه ستاندارده‌ی به له‌هجه‌ی تۆسک که له ئه‌لبانیا به کارده‌هات، وه‌ک زمانی ڕه‌سمی قبوڵ ده‌که‌ن، ده‌ستبه‌رداری له‌هجه ستاندارده‌که‌ی خۆیان ده‌بن که له‌مه‌وپێش ستانداردی گێگیان بۆ نووسین به کار ده‌هێنا. 27 قبوڵ کردنی ئه‌و ستاندار‌ده له‌لایه‌ن کۆسۆڤییه‌کان سه‌رکه‌وتنێک بوو بۆ ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه که له ئه‌لبانیاوه ده‌ستی پێ‌کرد. له ساڵی 1972 جارێکی دی کۆنگره‌ی ڕێنوس ده‌گیرێ و نوێنه‌رانی کۆسۆڤۆ و مه‌سادۆنیاش به‌شدار ده‌بن، له ژێر دروشمی” یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک زمانی نووسین” زمانی یه‌کگرتووی ئه‌لبانی قبوڵ ده‌که‌ن و به ڕه‌سمی ڕایده‌گه‌یه‌نن. 28
له‌م کورته باسه‌ی به ستاندارد بوونی زمانی ئه‌لبانی بۆمان ڕۆشن ده‌بێته‌وه که ئه‌و زمانه هه‌رچه‌نده بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به دوو له‌هجه‌ی ستاندارد بۆ نووسین به‌کار هاتووه، به‌ڵام دواتر له حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بڕیارێک ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌هجه‌یه‌ک بکرێ به زمانی ستانداردی ئه‌لبانی، که ئه‌مڕۆ ئه‌م زمانه ستاندار‌ده له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌لبانییه‌کان چ له ئه‌لبانیا و چ له کۆسۆڤۆ و مۆنتینیگرۆ و مه‌سه‌دۆنیا و تێکڕای ئه‌لبانییه‌کانی دنیا په‌سند کراوه. که‌واته ئه‌وه‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپور له باره‌ی جووت ستاندادری ئه‌لبانی ده‌دوێ و ده‌یکات به مۆدێلێک بۆ زمانی کوردی، ئه‌مه‌ش ئه‌فسانه‌یه‌که و له ڕاستییه‌وه دووره. وا دیاره ئه‌و ئاگاداری ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی دوایی زمانی ئه‌لبانی نییه که له‌پاشان ده‌بێ به یه‌ک ستاندارد.
ته‌جره‌به‌ی ئه‌لبانیا پێمان ده‌ڵێ دوو ستاندارد له وڵاتێک پیاده کردنی زۆر سه‌خته، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵا‌ته دوو له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی بۆ نووسین هه‌بێ، له کۆتاییدا ده‌بێ هه‌ر یه‌کێکیان ببێ به ستاندارد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی که زیاتر بۆ نووسین به‌کارهاتووه له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه زیاتر پێشکه‌وتوه. ئه‌مڕۆ گشت ئه‌لبانه‌کان چ له ناو وڵات چ له ده‌روه‌ی وڵات ئه‌م زمانه یه‌کگرتووه‌یان قبوڵ کردووه، ئه‌لبانه‌کانی کۆسۆڤو مۆنتینگرۆ و باکووری ئه‌لبانیا که به له‌هجه‌ی گێگی ده‌دوێن له پێناو زمانی ستانداردی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌ستبه‌رداری له‌هجه‌که‌یان بوون و زمانی تاک ستاندادری یه‌کگرتووی ئه‌لبانییان به له‌هجه‌ی تۆسکی قبوڵ کرد.
شۆڤینیزمی سۆرانی !
ئه‌م سه‌ردێڕه‌ی سه‌ره‌وه گوتاری ئه‌میری حه‌سه‌نپوره بۆ زمانێکی یه‌کگرتوی ستانداردی کوردی له کوردستانی باشوور. ئه‌و پێیوایه ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست که ئه‌و به سۆرانی ناوی ده‌بات، بکرێ به زمانی ستانداردی کوردی ئه‌وا کورد هه‌مان سیاسه‌تی شۆڤینیزمی زمانی ده‌گرێته به‌ر که له پێشدا ئه‌تاتورک له تورکیا و ڕه‌زا شا له ئێران له‌سه‌ر نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا پیاده‌یان کردووه.
له پێشدا ده‌بێ بڵێین، ناوزه‌د کردنی پرۆسه‌ی به ستانداردکردنی کرمانجی ناوه‌ڕاست به شۆفینیزم، ناوزه‌د کردنێکی ناقۆڵا و ناپه‌سنده، به تایبه‌ت بۆ که‌سێک که سه‌روکاری له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی هه‌یه، ده‌یه‌وێ ئه‌و جۆره باسانه به شێنه‌یی و به‌ڵگه‌ی زانستی زمان تاوتوێ بکرێن. ئه‌و ستاندارد کردنه هه‌وڵ و ته‌قه‌لای نه‌ته‌وه‌یه‌که له پێناو یه‌کێتی زمان و یه‌کپارچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک چه‌وساندنه‌وه و بێ‌ڕێز کردنی له‌هجه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردی. ده‌کرێ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سه‌یری بکرێت، نه‌ک سه‌ره‌ڕۆیانه به بیانوی زۆر لاواز و کاڵ و کرچ ئه‌و پرۆسه‌یه به شۆڤینیزم له‌قه‌ڵه‌م بدرێ.
نووسه‌ر له‌باره‌ی شۆڤینیزمی زمانی ده‌ڵێ: “ شۆڤینیسمی زمانی بۆچوونێکی سیاسییه که زمان یان له‌هجه‌ی خۆی پێ له زمان یان له‌هجه‌کانی دی باشتر، جوانتر، پێشکه‌وتووتر، ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ڕه‌سه‌نتر، یان ڕێکوپێکتره.” هه‌روه‌ها له‌باره‌ی شۆڤینیزمی سۆرانییش ده‌ڵێ:” “شۆڤینیسمی سۆرانیی” له‌هجه کوردییه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، نرخیان بۆ داده‌نێ، پله‌به‌ندییان ده‌کا، و نه‌زمێکی به‌رزیونزمێتی (هیرارشی) یان پێ سازده‌کا و وایداده‌نێ که ئه‌و پله‌به‌ندییه سروشتیی و پێویست و نه‌گۆڕه و ده‌بێ بپارێزرێ. له لووتکه‌ی ئه‌و نیزامی به‌رزییونزمییه‌دا، سۆرانی له سه‌ر ته‌ختی حکوومه‌ت داده‌ندرێ هه‌تا له‌هجه‌کانی دی خزمه‌تی بکه‌ن. ده‌ڵێن به‌رزه‌نشینیی سۆرانی له به‌رئه‌وه‌یه که له له‌هجه‌کانی دی باشتر، پێشکه‌وتووتر، ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ڕه‌سه‌نتر و ڕێکوپێکتره”. 29 مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون یا پێشکه‌و‌توو بوونی زمانێک له‌گه‌ڵ زمانێکی دی یا له‌هجه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ له‌هجه‌یه‌کی دی، مه‌سه‌له‌یه‌کی زمانه‌وانییه، شۆڤینیزم نییه. بۆ نمونه ده‌گوترێ زمانی ئینگلیزی له زمانی هۆڵه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ند تر و پێشکه‌وتو تره، چونکه ئینگلیزی له ڕووی فه‌رهه‌نگۆکی وشه یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌نده له کاتێک هۆڵه‌ندی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند نییه، ئینگلیزی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌کاردێت، به‌ڵام هۆڵه‌ندی ته‌نیا له وڵاته‌که‌ی خۆیان و باکووری به‌لجیکا و سورێنام به‌کار دێت، کتێب و سه‌رچاوه به ئینگلیزی له هه‌موو بوارێک ده‌ست ده‌که‌ون، به‌ڵام به هۆڵه‌ندی سنوورداره، ته‌نانه‌ت زۆر نووسه‌ری هۆڵه‌ندی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌که‌یان له‌سه‌ر ئاستی جیهان بخوێنرێته‌وه به ئینگلیزی ده‌نووسن به هۆڵه‌ندی نانووسن. بۆیه ده‌کرێ بگووتر‌ێ زمانی ئینگلیزی له هۆڵه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ندتر و پێشکه‌وتوتر و بڵاوتره، ئه‌مه واقیعیه‌تێکی زمانییه له مێژووی زمانه‌کاندا هه‌میشه هه‌بووه و هه‌یه، که‌سیش نکولی لێ ناکات، ئه‌مه شۆڤینیزمی زمانی نییه، هۆڵه‌ندییه‌کان خۆیان ئه‌مه‌یان قبوڵه، هه‌ر بۆیه له منداڵییه‌وه بایه‌خێکی زۆر به زمانی ئینگلیزی ده‌ده‌ن. ئه‌مه به‌و مانایه نییه که هۆڵه‌ندی زمانێکه گرامه‌ری نییه، یا زمانێکی جوان و ڕه‌سه‌ن نییه یا ڕیکوپێک نییه. په‌سند کردنی له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست بۆ زمانی ستانداردی کوردی له‌به‌ر ئه‌وه نییه که له‌هجه‌کانی دیکه‌ی کوردی جوان نین یا ڕێکوپێک نین یا ڕه‌سه‌ن نین، به‌ڵکو به هۆی ئه‌و بایه‌خه زمانییه‌یه که بۆ ستاندارد بوون هه‌یه‌تی و له سه‌د ساڵی ڕابردوو به‌ده‌ستی هێناوه به تایبه‌ت له بواری کۆددانان Codification و ده‌ستور دانان بۆ زمانێکی ستاندارد و پێشکه‌وتنی بۆ خوێندن و نووسین و چاپه‌مه‌نی له له‌هجه‌کانی دیکه‌ی کوردی له پێشتره. ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یه‌وێ به‌و پێناسه‌ی بۆ شۆڤینیزمی زمانی، تۆمه‌تی شۆڤینیزم بداته پاڵ بانگه‌شه‌که‌رانی زمانی یه‌ک ستانداردی کوردی، ئه‌مه ته‌نیا داتاشینی ئه‌فسانه‌یه‌که به ئامانجی شێواندن و ئاوه‌ژوو کردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان.
بۆ ئه‌و شۆڤینیزمه، نمونه‌یه‌ک له نامه‌ی دکتۆراکه‌ی دێنمه‌وه وه‌ک وه‌ڵامێک و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و باڵا ده‌ستییه زمانییه‌ی که کرمانجی ناوه‌ڕاست ئه‌مڕۆ له کوردستانی باشوور هه‌یه‌تی. له لاپه‌ڕه 71 ی کتێبه‌که‌ی (ناسیۆنالیزم و زمان له کوردستان)، کاتێک دێته سه‌ر بایه‌خ و په‌ره‌سه‌ندنی له‌هجه‌ی هه‌ورامی، ده‌ڵێ: “له‌هجه‌ی هه‌ورامی له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م و هه‌ژده‌هه‌م وه‌ک زمانێکی هاوبه‌شی ئه‌ده‌بی په‌ره‌ده‌ستێنێ، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن غه‌یره هه‌ورامییه‌کانیش له ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی به‌کارهاتووه، ئه‌و له‌هجه‌یه وه‌ک زمانی ئه‌ده‌بی شان به شانی زمانی فارسی وه‌ک زمانی دادگا له میرنشینی ئه‌رده‌لان به‌کارهاتووه، هه‌روه‌ها له میرنشینی بابانیش زمانی دادگا بووه، به‌ڵام دواتر لای بابانییه‌کان ده‌گۆڕێ بۆ سۆرانی”. 30 لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته پێش، ئایا ده‌کرێ له‌و سه‌رده‌مه که له‌هجه‌ی هه‌ورامی له‌هجه‌یه‌کی باڵا ده‌ست و هاوبه‌شی دوو میرنشینی گه‌وره‌ی کوردی بووه، که ئاخێوه‌رانی سه‌ر به‌له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست بوون، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زمانییه به شۆڤینیزم ناوزه‌د بکرێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌رده‌لان و بابان له‌هجه‌ی هه‌ورامیان وه‌ک زمانی ئه‌ده‌بی و زمانی دادگا به کارهێناوه، ده‌کرێ بڵێین ئاخێوه‌رانی کرمانجی ناوه‌ڕاست شۆڤینیزمی هه‌ورامیان قبوڵ کردووه؟ یانیش ئه‌مه شۆڤینیزم نییه، پرۆسه‌یه‌کی سروشتی په‌ره‌سه‌ندنی زمانه، ناکرێ پێشگیری لێ بکرێ. ئه‌مڕۆ وه‌ک ده‌بینین هه‌ورامی ئه‌و بایه‌خه‌ی جارانی نه‌ماوه، له‌م دوو سه‌د ساڵه‌ی دواییدا له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست بێ بڕانه‌وه ئه‌و ده‌وره‌ی گێڕاوه.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی له نێوبردنی زمانی و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کوردی له‌لایه‌ن ئه‌تاتورک له کوردستانی تورکیا نه‌بوایه، بۆی هه‌بوو کرمانجی باکوور ئه‌وه‌نده په‌ره‌ی بسه‌ندایه ده‌بوو به تاکه زمانی ستاندادری کوردی بۆ سه‌رانسه‌ری کوردستان، ئێمه له کوردستانی باشوور له پێناو زمانی یه‌کگرتووی کوردی ده‌ستبه‌رداری له‌هجه‌که‌مان ده‌بووین، ڕه‌نگه ئه‌و دێڕانه‌ی ئێستا به کرمانجی باکوور ده‌بوون نه‌ک کرمانجی ناوه‌ڕاست. به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین له‌م سه‌د ساڵه‌ی دواییدا پێشکه‌وتنی زمانی کوردی ڕێچکه‌یه‌کی دیکه‌ی وه‌رگرتووه. ناکرێ ئه‌و پێشکه‌و‌تنه به‌رچاوه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست به جیدی وه‌رنه‌گیرێ وه‌ک زمانێکی ستاندارد و هاوبه‌ش بۆ هه‌موو گه‌لی کورد په‌ره‌ی پێ نه‌درێ.
له کوردستانی عێراق زمانی سریانی به ڕه‌سمی ناسراوه، چونکه زمانه‌که‌یان زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆنی ئه‌و ناوچه‌یه که پاشماوه‌ی زمانی ئارامییه‌کانه، هیچ که‌سێک ناتوانێ ئه‌و مافه له‌و نه‌ته‌وه کۆنه بسێنێته‌وه. یا مافی زمانی تورکمانه‌کانی کوردستان ئه‌مه‌ش وه‌ک زمانێکی جیا له زمانی کوردی، مافێکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه که زمانه‌که‌یان بۆ خوێندن و په‌روه‌رده به ڕه‌سمی بناسرێ. کورد ئه‌گه‌ر مافی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وانه پێشێل بکات ئه‌وا ده‌کرێ تۆمه‌تی شۆڤینیزمی بدرێته پاڵ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ باسی لێده‌کرێ له نێو‌ان دوو له‌هجه‌ی زمانێکه یان جوانتر بڵێین، ڕێکخستنی ناو ماڵی میلله‌تێکه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر فۆرمێکی زمانی نووسین و خوێندن ڕێک که‌ون. ئه‌و کێشه‌یه له نێو زۆربه‌ی میلله‌تان هه‌بووه که به‌م پرۆسه‌یه‌دا تێپه‌ڕیون، هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه باسی ئه‌زمونی میلله‌تی ئه‌لبانی کرا که پرۆسه‌یه‌کی چه‌نده سه‌ختی بڕیوه تا گه‌یشتۆته زمانێکی یه‌کگرتوو.
هه‌ر زمانی کوردی نییه فره له‌هجه‌یه، ئه‌م حاڵه‌ته له نێو تێکڕای زمانه‌کاندا هه‌بووه و هه‌یه، ته‌نانه‌ت زمانه ئه‌وروپییه‌کانیش له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم و به ستانداردکردنی زمانه‌که‌یان هه‌مان گرفت و کێشه‌ی له‌هجه و زمانی ستانداردیان هه‌بووه. هیچ کام له‌م زمانانه نه‌هاتن هه‌موو له‌هجه‌کان بۆ نووسین به کاربێنن، ته‌نیا له‌هجه‌یه‌ک بووه به زمانی ستاندارد. له ساڵی 1789 ته‌نیا نیوه‌ی خه‌ڵکی فه‌ره‌نسا به فه‌ره‌نسی( له‌هجه‌ی پاریسی به ستاندارد کراو) قسه‌یان کردووه، که له‌وانه ته‌نیا له 12- 13% به باشی ئه‌و زمانه‌ی زانیوه، ئه‌وانی دی به له‌هجه‌کانی دی قسه‌یان کردووه که له‌گه‌ڵ زمانی ستانداردی فه‌ره‌نسی جیاواز بووه. سه‌باره‌ت به زمانی ئیتاڵی ستاندارد کراو که له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی له‌هجه‌ی توسکانیTuscan ناوچه‌ی فلۆره‌نسا بوو، چونکه ئه‌و له‌هجه‌یه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری زۆری پێ نووسرا بوو، ده‌بێ به زمانی کولتووری و ستانداردی هه‌موو ئیتاڵیا. دوای یه‌کگرتنی ئیتاڵیا له ساڵی 1860 ته‌نیا 2.5% دانیشتوانه‌که‌ی ئه‌و زمانه ئیتاڵییه‌یان بۆ پێویستییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌یان به کارهێناوه، 31 ئه‌وانی دی به له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شن قسه‌یان کردووه. ئه‌و دوو له‌هجه‌یه که بوون به بنه‌ڕه‌تێک بۆ زمانی ستانداردی فه‌ره‌نسی و ئیتاڵی له سه‌رانسه‌ی وڵاته‌که‌دا بوون به زمانی خوێندن و زمانی ڕه‌سمی وڵاته‌که، ئه‌مه شۆڤینیزم نییه و هیچ که‌سێک ئه‌م پرۆسه‌ی به ستاندارد کردنه‌ی به شۆڤینیزم ناو نه‌بردووه، بایه‌خ و پێشکه‌وتنی ئه‌و له‌هجه‌یه بۆته زه‌مینه خۆشکه‌ر بۆ زمانی ستانداردی نه‌ته‌وه و وڵات.
تێکه‌ڵ کردنی سیاسه‌تی شۆڤینیستی ئه‌تاتورک و ڕه‌زا شا له‌گه‌ڵ هه‌وڵی به ستانداردکردنی زمانی کوردی، تێکه‌ڵ کردنێکی نابه‌جێیه و دووره له ڕاستی. سیاسه‌تی ئه‌تاتورک له دژی هه‌موو نه‌ته‌وه غه‌یره تورکه‌کانی ناو تورکیا بوو، سیاسه‌تی ڕه‌زا شاش له دژی هه‌موو نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌کانی ناو ئێران بوو، له هه‌ردوو وڵات زمانی کوردی زۆر به سه‌ختی نکوڵی لێکراوه و چه‌وساوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پرۆژه‌ی به ستانداردکردنی زمانی کوردی له دژی هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک نییه و مافی زمانی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کیش پێشێل ناکات. ئه‌مە مافێکی سروشتی نه‌ته‌وه‌یه که گه‌یشتۆته قۆناغێک پێویستی به زمانێکی هاوبه‌ش و یه‌کگرتوو هه‌یه بۆ نووسین و خوێندن.
نووسه‌ر له باره‌ی وشه‌ی(مۆڵگه) که نووسه‌رێکی (سۆرانی‌خواز) بۆ هه‌مه‌چه‌شنی له‌هجه‌کان به‌کاری هێناوه، خۆی زۆر قه‌ڵس کردووه، ده‌ڵێ:” ده‌کارهێنانی “مۆڵگه” بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستی سیاسی هه‌وه‌ڵ جار له کوردستانی خواروو له ساڵانی 1961- 1991 دا له ته‌رکیبی “مۆڵگه‌ی جاشان” دا وه سه‌رزاران که‌وت و ئێسته‌ش لایه‌نگرێکی ڕێبازی “ته‌نیا سۆرانی” بۆ له‌هجه ناسۆرانییه‌کان ده‌کاریدینێ”. له پاشان ده‌ڵێ: “ به‌ڵام کاتێکی سۆرانیخوازێک نه‌توانێ به زمانێکی تا ڕاده‌یێک بێ لایه‌نانه بڵێ، بۆ وێنه، “موزاییکی شێوه‌زاره‌کان” و له باتیان وه جنێودان ده‌که‌وێ و ده‌ڵێ “مۆڵگه‌ی شێوه‌زاره‌کان”، ئه‌و بۆچوونه ته‌نیا ڕق له‌دڵی و تووڕه‌یی نییه و هه‌ڵوێستێکی سیاسیی و ئیده‌ئۆلۆژییانه‌یه” 32 له‌باره‌ی وشه‌ی (مۆڵگه) که نووسه‌ر به سوکایه‌تی تێده‌گا بۆ له‌هجه‌کان به‌کارهاتووه به‌تایبه‌ت له‌هجه‌ی بادینی. ئه‌م وشه‌یه هه‌رچه‌نده له بنه‌ڕه‌تدا بۆ (شوێنی حه‌سانه‌وه و مۆڵدانی ئاژه‌ڵ) به‌کارهاتوو، به‌ڵام به‌م ساڵانه‌ی دوایی به‌تایبه‌ت له حه‌فتاکان و هه‌شتاکان له کوردستانی عێراق بۆ شوێنی کۆبونه‌وه‌ی ئاده‌میزادیش به‌کارهاتووه، ئه‌مڕۆ به تایبه‌ت له بواری سه‌ربازی و چه‌کداری له نووسین به شێوه‌یه‌کی فراوان به‌کار دێت، بۆ نمونه ده‌گووترێ ( پێشمه‌رگه‌کان گه‌ڕانه‌وه مۆڵگه‌کانی خۆیان). گۆڕانی مانای وشه له سه‌رده‌مێک بۆ سه‌رده‌مێکی دی له هه‌موو زمانێکدا هه‌یه، بۆ نمونه وشه‌ی (مسرح) له زمانی عه‌ره‌بیدا له بنه‌ڕه‌تدا به مانای شوێنی له‌وه‌ڕاندنی ئاژه‌ڵه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆ شانۆ به‌کاردێت. نووسه‌ر خۆی له مانا لێکدانه‌وه‌ی وشه‌که کورتی هێناوه، که‌چی به ناڕه‌وا ئه‌مه به دیارده‌یه‌کی شۆڤینیزمی سۆرانی له قاڵب ده‌دات و ده‌یکاته ڕق له دڵی سۆرانییه‌کان دژ به بادینی و هه‌ڵوێستێکی سیاسی و ئیدیۆلۆژیانه!!
جووت ستاندارد یان فره ستاندارد
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بدرێ له نووسینه‌کانی ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیره‌کانی وه‌ک به‌ڕێزان حه‌سه‌نی قازی و جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی له باره‌ی به ستانداردکردنی له‌هجه‌کان، ئه‌وه‌ی ئه‌وان مه‌به‌ستیانه ته‌نیا به دوو ستاندارد بۆ زمانی کوردی ناوه‌ستێ، چونکه وه‌ک ئاشکرایه زمانی کوردی ته‌نیا دوو له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی نییه، چوار له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه، هه‌ر بۆیه بانگه‌شه‌کارانی جووت ستاندارد و فره ستاندارد به ناوی هه‌مه‌چه‌شنی کولتووری و مافی یه‌کسانی له‌هجه‌یی و دیموکراسییه‌ت و مافی مرۆڤ و مافی زمانی، زه‌مینه سازی ده‌که‌ن هه‌رچی له‌هجه‌ی کوردی هه‌یه له کوردستان بۆی هه‌بێ ببێ به ستانداردێک، وه‌ک نووسه‌ر خۆی له نووسینێکدا ده‌ڵێت: “ له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه، هیچ له هجه یێک له له هجه یێکی تر باشتر نییه. هه ڕ له هجه یێک ده توانێ ببێته زمانی ستاندارد. ستاندارد بوون پێوه‌ندی به باروودۆخی غه یری- زمانی (واته ئابووری، کۆمه ڵایه تی، سیاسی...) هه یه”.33 ئه‌م قسانه زۆر ڕاسته، به‌ڵام ئه‌مه وه‌ک زه‌مینه خۆشکردن و شه‌رعیه‌ت به‌خشینه بۆ به ستانداردکردنی هه‌موو له‌هجه‌کان. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، له چاوپێکه‌وتنێکی له گۆڤاری مه‌تین سه‌باره‌ت مافی یه‌کسانی به‌کارهێنانی له‌هجه‌کان، له وه‌ڵامی پرسیارێک که ئایا له نێو پرۆسه‌ی جووت ستاندارد کردندا هه‌ر دوو له‌هجه‌ی که‌لهوری و هه‌ورامی چۆن جێگای خۆیان ده‌گرن؟ ده‌ڵێ: “ره‌سمیکردنی سۆرانی و کورمانجی کۆتایی به نا به‌رابه‌ری نێو‌ان له‌هجه‌کان ناهێنێ. له‌کوردستانی عێراقدا، زۆربه‌ی خه‌ڵک به سۆرانی و کرمانجی قسه ده‌که‌ن و ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کانی دی ده‌بێ مافی زمانی وه‌ک خوێندن و نوسین به له‌هجه‌ی خۆیان هه‌بێ. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی فره له‌هجه‌ییدا ڕه‌سمیکردن، چ ئی یه‌ک له‌هجه بێ چ دوو له‌هجه، دابه‌شکردنی نابه‌رابه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانیی، سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، و له بنچینه‌دا کارێکی نادیموکراتییه.” 34 به پێی قسه‌کانی نووسه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌هجه کوردییه‌کان مافی یه‌کسانی زمانی به‌ده‌ست بێنن ئه‌وا پێویسته هه‌موو له‌هجه‌کان بۆ خوێندن و نووسین به‌کاربێن. ئه‌گه‌ر له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست به ستاندارد بکرێ ئه‌وا پێوسته هه‌موو له‌هجه‌کانی دیکه‌ش ئه‌و مافه‌یان بۆ بڕه‌خسێ وه‌ک له‌هجه‌ی کرمانجی باکوور (به‌تایبه‌ت بن له‌هجه بادینییه‌که‌ی)، له‌هجه‌ی گۆران به تایبه‌ت هه‌ورامییه‌که‌ی، له‌هجه‌ی که‌ڵهوری( به تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌ی که کور‌ده فه‌یلییه‌کان له خانه‌قین و مه‌نده‌لی قسه‌ی پێده‌که‌ن). به‌م پێیه، ئه‌وا ته‌نیا له کوردستانی عێراق ئێمه پێویستمان به چوار ستاندار هه‌یه. که‌واته ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌ک هه‌ر نابین به خاوه‌ن زمانێکی یه‌کگرتوو، ئه‌و چه‌ند جیاوازی له‌هجه‌ییش که هه‌مانه ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی که هه‌ر له‌هجه‌یه‌ک له پاشه‌ڕۆژ ببێ به زمانێکی سه‌ربه‌خۆ، ئیدی هیچ زمانێک نا‌بێ ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌ک کۆبکاته‌وه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌ر مانایه‌کی دیکه‌ی هه‌بێ به‌ڵام له ڕووی زمانییه‌وه دابه‌شکردن و په‌رته‌وازه کردنی زمان و میلله‌ته، به ناوی مافی یه‌کسانی له‌هجه‌یی دروست کردنی گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌کی زمانییه، دروست کردنی هه‌رێمی زمانییه له نێو زمانی یه‌ک نه‌ته‌وه‌دا.
مافی له‌هجه‌یی هه‌ر بۆ ئه‌وه نییه که ده‌بێ ئه‌و له‌هجه‌یه به ستاندارد بکرێ، ئه‌گه‌ر نه‌کرا ئه‌وا مافی زمانی پێشێل کراوه. ده‌کرێ هه‌ر له پاڵ ئه‌و زمانه ستاندارده‌وه هه‌موو له‌هجه‌کانی دیکه‌ی کوردی وه‌ک بادینی و هه‌ورامی و فه‌یلی له ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه وه‌ک شیعر و په‌خشانی ئه‌ده‌بی و فۆلکلۆری میللی له گشت قوتابخانه‌کانی کوردستان بخوێندرێ و بایه‌خی پێبدرێ، به‌م شێوه‌یه ده‌کرێ هاوسه‌نگییه‌ک له نێو‌ان له‌هجه‌کان و زمانی ستاندارد به‌رقه‌رار بکرێ.
پرۆسه‌ی به ستانداردکردنی زمان له‌کام وڵات له کام زمان به‌م شێوه‌یه بووه؟ هه‌موو زمانێک له‌هجه‌ی هه‌یه، له‌کام ئه‌و زمانانه‌ی که ئه‌مڕۆ بوون به ستاندارد هه‌موو له‌هجه‌کانی بوون به ستاندارد؟]
ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیرانی که دێنه سه‌ر ئه‌و باسانه ئه‌وه‌نده له ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که دوورن وه‌ک بڵیی له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا ده‌ژین. ئاگاداری ئه‌وه نین که کورد له چ قۆناغێکی مێژوو دایه، پێویستییه‌کانی ئه‌و قۆناغه بۆ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و زمانه‌که‌ی چییه. ئه‌وه له‌بیر خۆیان ده‌به‌نه‌وه که کورد ئه‌مڕۆ به پرۆسه‌ی به نه‌ته‌وه بووندا تێپه‌ڕ ده‌بێ، زمانی یه‌ک ستانداردی کوردی وه‌ک زمانێکی هاوبه‌شی نووسین بۆ کورد ڕۆلێکی یه‌کجار گرنگ ده‌گێڕی له پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی کوردی‌دا.
به‌کار خستنی له‌هجه‌کان وه‌ک زمانێکی ستاندارد ده‌رئه‌نجامێکی زۆر خراپی بۆ سه‌ر کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و کوردی وه‌ک زمان ده‌بێ. زمانی ستاندارد ده‌بێ نه‌خشی یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه بگێڕێ و کارێک بکات ئه‌ندامه‌کانی یه‌ک نه‌ته‌وه له‌ده‌وری زمانێکی نووسین کۆبکاته‌وه نه‌ک له‌یه‌ک دابڕین و بنکۆڵ کردن و په‌رته‌وازه کردنی نه‌ته‌وه.
نووسه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی فره ستانداردی، دێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و پێی وایه زمانی عه‌ره‌بیش زمانێکی فره ستاندار‌ده، ده‌ڵێ: “ زمانی عه‌ره‌بی “الفصحی”ش به ته‌واوی صرف و نحو و ڕێنووسه یه‌کگرتووییه‌که‌ی نه‌یتوانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و نیشتمانه‌که‌ی به‌دی بێنێ و ئێسته به سه‌ر 21 نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت دا دابه‌ش بووه و ستانداردی جۆراوجۆری لێ هه‌ڵده‌قوڵێ” 35 له شوێنێکی دی له چاوپێکه‌وتنێک به زمانی فارسی، ده‌ڵێ: زمانی عه‌ره‌بی ستانداردی قاهیره و دیمه‌شق و مه‌راکش و به‌غدادی... هتد هه‌یه. 36 به ڕاستی سه‌یره نووسه‌رێکی ئه‌کادیمی بواری زمان‌ناسی له‌مه‌ڕ زمانی عه‌ره‌بی ستاندارد ئه‌وه‌نده بێ‌ئاگا بێ پێی وابێ زمانی عه‌ره‌بی ئه‌و هه‌موو ستاندارده‌ی هه‌یه. زمانی عه‌ره‌بی زمانێکی یه‌ک ستانداردی تۆکمه و پته‌وه، له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بی یه‌ک زمانه بۆ نووسین و خوێندن و ڕاگه‌یاندن و کارگێڕی، به‌ڵام له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی هه‌یه وه‌ک دیمه‌شقی و قاهیره و به‌غدا و مه‌راکشی، که ئه‌و له‌هجانه‌ش ته‌نیا بۆ ئاخاوتنن نه‌ک نووسین. ئه‌م ئه‌فسانه داتاشینه‌ی نووسه‌ر بۆ زمانی عه‌ره‌بی که گوایه زمانێکی فره ستاندار‌ده بۆ ئه‌وه‌یه تا پاساوی جووت ستانداردی و فره ستانداردی بۆ زمانی کوردی پێ بکات. به‌ڵام خۆزگه ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیرانی زمانی عه‌ره‌بییان ده‌کرده سه‌رمه‌شقی خۆیان بۆ به ستانداردکردنی زمانی کوردی، ئه‌وسا تێده‌گه‌یشتن که زمانێکی یه‌کگرتوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی فره له‌هجه و فره کو‌لتوور چه‌نده گرنگه.
زمانی ستاندارد بۆ کوردستانی باشوور نه‌ک بۆ کوردستانی گه‌وره
ئه‌مڕۆ باس‌وخواس له‌باره‌ی زمانی کوردی ستاندارد بۆ کوردستانی باشووره، ئه‌و هه‌رێمه ئه‌وه بیست ساڵێك ده‌بێ له ژێر ئیداره‌ی کورد خۆیه‌تی، بۆ سیسته‌می کارگێڕی و خوێندن له قوتابخانه‌کان و زانکۆکان پێویستی به زمانێکی ستانداردی یه‌کگرتووی کوردی هه‌یه. بۆیه که باس دێته سه‌ر زمانی ستانداردی کوردی مه‌به‌ست له‌م به‌شه‌ی کوردستانه، چونکه له‌وێ زمانی کوردی له پاڵ زمانی عه‌ره‌بی به ڕه‌سمی ناسراوه. ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئێمه بۆ کوردستانی گه‌وره پێویستیمان به زمانێکی سه‌رانسه‌ری نییه، به‌ڵام له بارودۆخی ئێستا که زمانی کوردی به دوو ئه‌لفوبێی جیاواز ده‌نووسرێ، ئه‌م دوو ڕێنوسه جیاوازه بۆته کۆسپێکی سه‌ره‌کی له‌به‌رده‌م یه‌کگرتنی میلله‌تی کورد، تا ئه‌لفوبێ یه‌کگرتوو نه‌بێ ناکرێ باس له زمانێکی سه‌رانسه‌ری بۆ کورد بكرێ. وه‌ک ئه‌زمونی ئه‌لبانیا که له‌سه‌ره‌وه باسی کرا، له پێشدا ئه‌لفوبێ کرا به‌یه‌ک ئه‌وجا هاتنه سه‌ر باسی زمانی ستاندارد بۆ هه‌موو ئه‌لبانییه‌کان.
ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیره‌کانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانه بۆ جووت ستانداردییه‌که‌یان بێننه‌وه، ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که له‌به‌ریه‌ک ده‌ترازێنن و به‌ره‌و ئاقارێکی دیکه‌ی ده‌به‌ن و له ڕاستی مه‌سه‌له‌که ته‌واو دوور ده‌که‌وێته‌وه. به شێوه‌یه‌کی ڕۆمانسی، باس له کوردستانی گه‌وره ده‌که‌ن که ئه‌و هه‌موو له‌هجه و شێوه‌زار و زاراوه‌ی تێدایه، زۆربه‌ی دانیشتوانی کورد سه‌ر به له‌هجه‌ی کرمانجین، که‌واته یه‌ک ستانداردی ده‌بێته مایه‌ی فه‌رامۆش کردنی هه‌مه‌چه‌شنی زمانی و کولتووری کوردی. ڕه‌نگه له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی گه‌وره ئه‌و یه‌ک ستانداردییه‌ی کوردستانی باشوور بۆ کوردستانی باکوور ده‌ست نه‌دات، چونکه ئه‌وان نه ئه‌و له‌هجه‌یه به باشی تێده‌گه‌ن، نه‌ده‌توانن ئه‌و ڕێنوسه بخوێننه‌وه، نه له‌وێ مافی زمانی و کولتووری نه‌ته‌وه‌ییان به‌ده‌ست هێناوه تابتوانن ئه‌و زمانه پیاده بکه‌ن. بۆیه ئێمه ده‌بێ بزانین باسی زمانی کوردی ستاندارد بۆ کام به‌شی کوردستان ده‌که‌ین.
له کوردستانی باشوور نه‌ک ئه‌مڕۆ، ده‌بوایه بیست ساڵ پێش ئێستا ئه‌و کێشه زمانییه چاره‌سه‌ر بکرا بایه، زمانی یه‌ک ستانداردی کوردی بۆ خوێندن و زانکۆ و کاروباری ئیداری حکومه‌ت پیاده بکرا بایه. به‌ڵام له ئه‌نجامی نه‌بوونی ئه‌کادیمیایه‌کی زمانی چاڵاک و نه‌بوونی پلانێکی زمانی پێشکه‌توو بۆ نه‌ته‌وه، بێسه‌روبه‌ری و شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێی سیاسی و حزبی، له‌هجه په‌رستی و ناوچه په‌رستی، ئه‌و کێشه‌یه‌ی به‌م ڕۆژه گه‌یاند، که ئه‌مڕۆ زمانی کوردی و بوونی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کی گه‌وره داناوه.
مافی زمانی یا مافی له‌هجه‌یی
ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیره‌کانی که دێنه سه‌ر پرسی به ستاندار کردن، هه‌مان ئه‌و مافه‌ی که زمانێک پێویسته هه‌یبێت ده‌یده‌ن به له‌هجه‌یه‌ک، واته مه‌فهومی له‌هجه و زمان له‌گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵ ده‌که‌ن، یا هه‌ر له‌هجه‌یه‌کی کوردی‌یان لێ ده‌بێ به زمانێک. بۆ نمونه ده‌ڵێن له سویسرا چوار زمانی ڕه‌سمی هه‌یه، له به‌لجیکا سێ زمانی ڕه‌سمی هه‌یه، له که‌نه‌داش دوو زمان هه‌یه، ئیدی بۆ ده‌بێ له کوردستان دوو زمانی ستاندارد نه‌بێ. 37 به‌ڵێ ئه‌وانه زمانن و زمانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆن به له‌هجه ناژمێردرێن، مافی خۆیانه ڕه‌سمی بن. به‌لجیکا سێ زمانی ڕه‌سمی هه‌یه، که یه‌کێکیان هۆڵه‌ندییه پێی ده‌ڵێن (فلامیش)، له‌گه‌ڵ زمانی فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی. ئه‌مانه هه‌رسێک زمانی سێ نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی هاوسێی ئه‌و وڵاته‌ن که سێ زمانی ستانداردیان هه‌یه.
هه‌روه‌ها سویسرا چوار زمانی تێدایه هه‌ر چوار زمانه‌که زمانی چوار نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه. به‌ڵام که باسی کرمانجی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ کرمانجی باکوور ده‌کرێ ئه‌مانه دوو له‌هجه‌ن نا‌بێ وه‌ک دوو زمان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێ. ئه‌گه‌ر بن له‌هجه‌ی بادینی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه و له‌هجه نییه، ئه‌وا پێویسته مافه زمانییه‌کانی دابین بکرێ و وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێ، ئه‌گه‌ر له‌هجه‌یه‌کی زمانی کوردییشه- که هیچ گومان له‌وه‌دا نییه له‌هجه نه‌بێت- ئه‌وا ده‌بێ وه‌ک له‌هجه سه‌یری بکرێ. به‌ڵام بانگه‌شه‌کارانی زمانی جووت ستاندارد و فره ستاندارد هه‌رچه‌نده زمان‌ناسی شاره‌زایان تێدایه که دێنه سه‌ر مشتومڕی به ستانداردکردنی زمانی کوردی، ڕیسه‌که‌یان لێ ده‌بێته‌وه به خوری، زمانی سریانی و تورکمانی و عه‌ره‌بی و له‌هجه‌ی کرمانجی و سۆرانی و هه‌ورامی و فه‌یلی و زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی، . هه‌موو له‌یه‌ک ئاست داده‌نێن و وه‌ک زمانی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن.
ئه‌میری حه‌سه‌نپور چ له نامه دکتۆراکه‌ی و چ له نووسینی دیکه‌ی ته‌ئکید له‌سه‌ر له‌هجه بوونی له‌هجه کوردییه‌کان ده‌کاته‌وه، له چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ گۆڤاری ئارمانج، ده‌ڵێ: “زاراوه به‌شێكه له زمانێک. كاتێک ئێمه ده‌ڵێین كرمانجی، سۆرانی، دملی[زازایی]، هه‌ورامی زاراوه‌ی كوردین، به‌ر له هه‌موو شتێک له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه لێک نیزیكن.” له وه‌ڵامی پرسیارێکی دی که له‌سه‌ر چ ئه‌ساسێک ئه‌و له‌هجانه کوردیین، ده‌ڵێ: “ له سه‌ر ئه‌ساسی فۆنۆلۆژی، گڕامێر، سێنتاكس و مۆڕفۆلۆژی لێک نیزیكن. كاتێک تۆ سۆرانی ده‌گه‌ڵ فارسی پێكبگری، ده‌بینی كه زیاتر له كرمانجی نیزیكه تا له فارسی. ڕاسته فارسی، سۆرانی، كرمانجی ڕه‌گ و ڕیشه‌یان یه‌كه، به‌ڵام كرمانجی و سۆرانی له چاو فارسی لێک نیزیكترن. بێگومان هۆیه‌كه‌ی دیكه‌ی مێژوویی و سیاسییه كه كرمانجی، سۆرانی، دملی، هه‌ورامی، هه‌موو خۆیان و یه‌كتر به كورد ده‌زانن. له لای ئه‌حمه‌دی خانییش كورد و كرمانج هه‌ر یه‌ک ما‌نایان هه‌بووه.” 38 پێناسه‌که‌ی بۆ له‌هجه کوردییه‌کان زۆر ڕاست و به‌جێیه. لێره‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه که ئه‌و هیچ گومانی نییه که کرمانجی ناوه‌ڕاست و باکوور دوو له‌هجه‌ی کوردیین، زمانی سه‌ربه‌خۆ نین. که‌چی خودی نووسه‌ر که دێته سه‌ر پرسی به ستاندارد کردن، (سۆرانی و کرمانجی) لێ ده‌بێته دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ، هه‌موو مافه‌کانی زمانێکی سه‌ربه‌خۆ به‌م دوو له‌هجه کوردییه ده‌دات وه‌ک به‌کارهێنانیان بۆ ئیداره و په‌روه‌رده، له‌سه‌ر پاره و پاسپۆرت نووسینیان،. هتد. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: “وادیاره شۆڤینیسمی سۆرانی ناتوانێ له‌و چوارچێوه‌یه بێته‌ده‌ر که شۆڤینیسمی نه‌ته‌وه‌کانی دی دایانڕژتووه. بۆ وێنه، کاتێکی من پێشنیارده‌که‌م که له “حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان” دا ده‌کرێ دوو له‌هجه ڕه‌سمی بن و به‌ڵگه ڕه‌سمییه‌کان وه‌کوو پاسپۆرت و پاره به هه‌ردوو له‌هجه بنووسرێن، سۆرانیخوازه‌کان وه‌پێش حاکمه‌کانی به‌غدا ده‌که‌ون و به سه‌رسووڕمانه‌وه ده‌ڵێن شتی وا هه‌رنابێ و به سووکایه‌تیکردنه‌وه ده‌ڵێن ئه‌وه کۆمێدییه”. 39 بۆ نمونه کاتێک نووسه‌ر ئیشاره‌ت به پاره‌ی چه‌ند وڵاتێک ده‌دات، که به چه‌ندین زمانی جیاواز نووسراون، ئیدی ئه‌مه ده‌کاته پاساوێک بۆ ئه‌وه‌ی پاره و دۆکۆمێنته ڕه‌سمییه‌کانی هه‌رێم به دوو له‌هجه‌ی کرمانجی باکوور و ناوه‌ڕاست بن، نووسه‌ر ده‌ڵێ: “ره‌نگه ئه‌وه ئاشکرابێ که له ڕوانگه‌ی ئه‌تاتورک و ڕه‌زاشا و حاکمانی به‌غدا و زمانناسه‌کانیان نه‌ته‌وه یه‌که و یه‌ک زمانی هه‌یه و زمانه‌که‌ی یه‌ک له‌هجه‌ی ئه‌ده‌بیی و ستانداردی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی شۆڤینیسته‌کان له خه‌یاڵی خۆیاندا به نه‌ڕه‌خساویی داده‌نێن له مێژه له ژیانی زمانیی و سیاسیی گه‌لانی دنیادا له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ڕه‌خساوییدا وه‌دیهاتوه.
ئێسته‌کانێ پاره‌ی کاغه‌زیی ده ڕووپیی هیندی به حه‌ڤده زمان، پاره‌ی چینی به پێنج زمان، پاره‌ی سریلانکا و سویسی هه‌رکامیان به چوار زمان و ناسنامه‌ی سویسی به پێنج زمان ده‌نووسرێن. هه‌روه‌ها له پارلمانی کانادا به دوو زمان و له بلژیک به سێ زمان قسان ده‌که‌ن.” 40 زۆر سه‌یره نووسه‌ر وڵاتێکی وه‌ک هیندستان که قاڕه‌یه‌که دانیشتوانه‌که‌ی 1.18 ملیاره، مۆزائیکێکی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی هه‌مه‌چه‌شنه، زمانی هه‌مه‌چه‌شنی تێدایه، ئه‌مه ده‌کاته به‌هانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ئاخێوه‌رانی کرمانجی باکوور و ناوه‌ڕاست بکا به دوو نه‌ته‌وه و دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌و زمانانه‌ی له‌سه‌ر پاره‌ی کاغه‌زی ده ڕوپییه‌ی هیندی هه‌یه، زمانی نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی هیندستانه نه‌ک له‌هجه‌کانی زمانێک، که ئه‌مانه‌ن: هیندی، ئه‌سامی، بێنگاڵی، گوجاراتی، پونجابی، نیپاڵی، که‌شمیری، تامیلی، تێلوگو، کاننادا، مالایالام، ئۆریا، کۆنکانی،.. هتد، هه‌ر یه‌ک له‌و زمانانه چه‌ندین له‌هجه و بن له‌هجه‌ی هه‌مه‌جۆری هه‌یه، سه‌ر به خێزانه زمانی جیاوازیشن، هه‌ندێکیان به ڕێنوسی جیاوازیش ده‌نووسرێن. له هیندستان نه‌ک حه‌ڤده زمان، زیاتر له سه‌د زمان هه‌یه. به پێی سه‌رژمێری 2001، 29 زمان له هیندستان ئاخێوه‌رانی ژماره‌یان له ملیۆنێک زیاتره،( بۆ نمونه زمانی هیندی 422 ملیۆن ئاخێوه‌ری هه‌یه، بێنگاڵی 180 ملیۆن، گوجاراتی 46 ملیۆن، ئه‌سامی 13 ملیۆن، که‌شمیری 5.5 ملیۆن، پونجابی 29 ملیۆن، تامیلی61 ملیۆن، کاننادا 38 ملیۆن، تێلوگو 74 ملیۆن..)، 60 زمان ئاخێوه‌رانی ژماره‌یان له ملیۆنێک که‌متره و له 100 هه‌زار زیاتره، 122 زمان ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی له 10 هه‌زار زیاتره و له 100 هه‌زار که‌متره. 41 ئه‌مه زۆر ئاسییه بۆ وڵاتێکی وه‌ک هیندستان به‌م هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازه، له‌سه‌ر پاره‌که‌ی نه‌ک به حه‌ڤده زمان به چه‌ندین زمانی دیکه‌ی جیاوازی نه‌ته‌وه و گه‌له جۆربه‌جۆره‌کانی ئه‌و وڵا‌ته بنووسرێن، ئه‌مه فره زمانی و فره کولتووری ئه‌و وڵا‌ته نیشان ده‌دات. به‌ڵام به نیسبه‌ت کرمانجی ناوه‌ڕاست و باکوور یا به قه‌ولی خۆی( کرمانجی و سۆارنی) ئه‌مانه دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و دوو زمانی جیاواز نین، ئه‌مانه دوو له‌هجه‌ی زمانی کوردیین نا‌بێ وه‌ک دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر پاره بنووسرێن. ده‌کرێ له‌سه‌ر پاره‌ی عێراقی به زمانی هه‌موو نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی عێراق بنووسرێت وه‌ک عه‌ره‌بی، کوردی، تورکمانی، سریانی، ئه‌مه زۆر ئاساییه.
به‌ڵام نووسینی به دوو له‌هجه‌ی کوردی، دابه‌شکردنی کور‌ده به‌سه‌ر دوو زمان و دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. نووسه‌ر ده‌یه‌وێ له ڕێی پاره‌ی ده ڕوپییه‌ی هیندی ئه‌فسانه‌یه‌ک داتاشێ بۆ ئه‌وه‌ی پاساوی جووت ستانداردی و فره ستانداردی زمانی کوردی پێ بکات، له‌پاڵ ئه‌وه‌ش (بادینی و سۆرانی) بکات به دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و دوو زمانی جیاواز..!! پێویست ناکات له‌سه‌ر پاره‌ی وڵاته‌کانی دی وه‌ک پاره‌ی چینی و سریلانکی و سویسی بدوێین چونکه ئه‌وانیش هه‌مان حاڵه‌تی پاره‌ی هیندیان هه‌یه.
ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیرانی له‌گه‌ڵ له‌هجه کوردییه‌کان دوچاری وه‌هم و ئیشکالیه‌تێکی گه‌وره بوون، لای ئه‌وان له‌هجه کوردییه‌کان ئه‌گه‌ر زمانێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌بن ئه‌وا که‌متر نین، بۆیه وا به کوڵ و دڵ به ناوی ئازادی زمانی و دیموکراسییه‌ت خۆیان لێ بووه به ڕزگارکه‌ری چه‌وساوه‌کان له ژێر ده‌ستی (شۆڤینیزمی سۆرانی)، شێلگیرانه پێداگری له مافی یه‌کسانی به‌کارهێنانی هه‌موو له‌هجه‌کان ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌مه هه‌تا چه‌ند گونجاوه و چۆن جێبه‌جێ ده‌کرێ؟ پاشه‌ڕۆژی زمانی یه‌کگرتووی کوردی و نه‌ته‌وه‌ی کورد چی به‌سه‌ر دێ، لای ئه‌وان جێگه‌ی باس نییه و گرنگیش نییه. ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌وه نییه که یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌بێ یه‌ک زمانی هه‌بێ، لای ئه‌وان یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌کرێ دوو زمانی ستانداردی هه‌بێ یا زیاتر، نمونه‌شیان ئه‌و زمانانه‌یه که له‌سه‌ره‌وه باسی لێوه کرا. لای ئه‌وان مه‌سه‌له‌ی به دیموکراسی کردنی مافه‌کانی زمان گرنگترن نه‌ک مه‌سه‌له‌ی یه‌ک پارچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌نده ئه‌مه له ئاکامدا به مه‌رگی زمانی کوردیش ته‌واو بێت. 42 وه‌ک نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێ “سۆرانی، ئێسته له پله‌ی ده‌سه‌ڵاتداریدایه و سۆرانی-ئاخێوان ده‌بێ زیاتر و زووتر له کورمانجی-ئاخێوان و ئاخێوه‌رانی له‌هجه‌کانی دی ئاڵای دێمۆکراسی زمانیی و مافی زمانیی هه‌ڵبکه‌ن، و ئه‌و ناکۆکییه وه‌ک کێشه‌ی ماف و دیمۆکراسی چاولێبکه‌ن نه‌ک وه‌ک کێشه‌ی ده‌م به‌هاوارانه‌ی “چه‌ند پارچه بوونی نه‌ته‌وه”.43
تێکه‌ڵکردنی مافی له‌هجه‌یی و زمانی و به‌ستنه‌وه‌یان به مه‌سه‌له‌ی دیموکراسییه‌ت و مافی مرۆڤ، ئه‌و باسه‌ی زۆر به چڕی ته‌مومژاوی کردووه.
نووسه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئیشاره‌ت به جاڕنامه‌ی جیهانی مافی زمانی ده‌کات و ده‌ڵێ: “ له دنیای زمان و سیاسه‌تدا له سی ساڵی ڕابردوودا، هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌و نیزامێکی زمانیی دیمۆکراتی هه‌ڵێندراوه. بۆ وێنه، له زانستی زمانناسیدا ئێسته باسی “زمانناسیی ڕزگاریخوازانه” ده‌کرێ و پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و زمان به شێوه‌یێکی به‌رینتر له جاران لێکده‌درێته‌وه و تیۆریزه‌ده‌کرێ. له بواری مافیشدا، مافی زمانیی ئێسته به شێوه‌یێکی به‌رین و قووڵ وه‌کوو “به‌یانییه‌ی جیهانی مافه زمانییه‌کان”(1996) گه‌ڵاله‌کراوه و له لایه‌ن یۆنێسکۆ، و زۆربه‌ی ڕێکخراو و بزووتنه‌وه‌کانی مافی مرۆڤ، و زمان‌ناسان په‌سندکراوه” 44 دوباره نووسه‌ر له‌هجه له‌گه‌ڵ زمانێکی سه‌ربه‌خۆ تێکه‌ڵ ده‌کا. ئه‌وه‌ی له جاڕنامه‌ی جیهانی مافی زمانی هاتووه زۆر ڕاسته، میلله‌تی کورد ئه‌وه سه‌ده‌یه‌که له‌پێناو ئه‌و مافانه خه‌بات ده‌کات، ئه‌مڕۆ ناکرێ ئه‌و مافانه له نه‌ته‌وه‌یه‌کی دی زه‌وت بکات. ئه‌و جاڕنامه جیهانییه دژ به چه‌وسانه‌وه‌ی زمانییه که له هه‌ر شوێنێکی جیهاندا دژ به گه‌لێک یان نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو ئه‌نجام بدرێ، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر کورد مافی زمانی له تورکمانه‌کانی کوردستان زه‌وت بکات یان له مه‌سیحییه سریانییه‌کان، ئه‌وا ده‌کرێ بڵێین چه‌وسانه‌وه‌ی زمانییه له‌لایه‌ن کورد. جاڕنامه‌ی جیهانی باسی له‌هجه‌کانی زمانێک ناکات که له نێو‌ان خۆیان ڕێک ده‌که‌ون له‌هجه‌یه‌ک بکه‌ن به زمانی ستاندارد بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان، باسی ئه‌وه ناکات که زمانێک چه‌ند له‌هجه‌ی هه‌یه هه‌ر هه‌مووی ده‌بێ بۆ نووسین بخرێته کار و به ستاندارد بکرێ، ئه‌وان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به میلله‌تێک نییه که ده‌یه‌وێ کاروباری زمانی خۆی ڕاسته ڕێ بکات. زۆر نابه‌جێیه، دیموکراسییه‌ت و مافی مرۆڤ و جاڕنامه‌ی جیهانی مافی زمانی بکرێن به ئامرازێک بۆ له‌بار بردنی پرۆسه‌ی به ستانداردکردنی زمانی کوردی له کورستان. ئه‌مه ته‌نیا بۆ چاوبه‌ست و چه‌واشه کردنی ئه‌سڵی بابه‌ته‌که‌یه و ماسی گرتنه له ئاوی لێڵ.
من وه‌ک کوردێکی که به له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست ده‌دوێم، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی بۆ له‌هجه‌که‌ی خۆم هه‌مه، هه‌مان خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌موو له‌هجه‌کانی دیکه‌ی کوردی هه‌یه، هه‌موویان بۆمن کوردیین. سه‌باره‌ت به ستانداردکردنیش هه‌ر له‌هجه‌یه‌کی کوردی بکرێته بنچینه‌یه‌ک بۆ به ستانداردکردنی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی به لامه‌وه زۆر ئاسییه. من ده‌ستبه‌رداری له‌هجه‌که‌م ده‌بم له‌پێناو زمانێکی یه‌کگرتووی نووسین که هه‌موو کورد به‌یه‌که‌وه کۆده‌کاته‌وه. خۆشه‌ویستی له‌هجه‌یی نابێت وا له من بکات ته‌عه‌سوب بنوێنم و ئامانجی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ زمانێکی یه‌کگرتوو بکه‌م به قوربانی له‌هجه‌یه‌کی ناوچه‌یی.
زۆر له‌وانه‌ی که‌دێنه سه‌ر باسی به ستانداردکردنی کرمانجی ناوه‌ڕاست بۆ کوردستانی عێراق هه‌ر وا له مه‌سه‌له‌که تێده‌گه‌ن که ئیدی له‌هجه‌کانی دی وه‌ک بادینی و هه‌ورامی و فه‌یلی له‌لایه‌ن کورده‌وه ده‌چه‌وسێته‌وه مافه زمانییه‌کانی پێشێل ده‌کرێ. به‌ڵام ئه‌مه وا نییه، یانیش ئه‌گه‌ر به ستاندارد نه‌کرێ ئه‌وا له‌هجه‌که به‌ره‌و له ناوچوون ده‌چێت و بایه‌خی نابێت. له‌هجه ده‌کرێ له زۆر بواری هونه‌ری و کولتووری به‌کار بێت و درێژ‌ه به مانه‌وه‌ی خۆی بدات.
لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی باسی له‌هجه‌ی میسری بکه‌ین که له‌هجه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی عه‌ره‌بییه. ئه‌و له‌هجه‌یه به‌شێکی زۆری عه‌ره‌ب قسه‌ی پێده‌که‌ن، میسر وڵاتێکی پڕ له دانیشتوانه. به هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م له‌هجه‌یه له بواری هونه‌ری وه‌ک شانۆ و دراما و ته‌مسیلی و سینه‌ما، گۆرانی،...هتد له مێدیای وڵا‌ته عه‌ره‌بییه‌کان به شێوه‌یه‌کی فراوان به کاردێت، بووه به له‌هجه‌یه‌کی باڵا ده‌ستی نێو له‌هجه‌کانی زمانی عه‌ره‌بی، له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌توانن تێی بگه‌ن یا قسه‌ی پێ بکه‌ن. وه‌ک ده‌بینین زمانی ستانداردی عه‌ره‌بی که پێی ده‌ڵێن عه‌ره‌بی(فصحی) له‌هجه‌ی میسری له ناو نه‌بردووه و مافی به‌کارهێنانی له‌هجه‌که‌ی لێ زه‌وت نه‌کردووه. ده‌کرێ له‌باره‌ی له‌هجه‌کانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی وه‌ک لوبنانی و عێراقی و سوری و مه‌غریبی،. هه‌مان شت بگوترێ. به پێی تیۆره‌که‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپور بێ ئه‌وا هه‌موو گه‌لانی عه‌ره‌بی دوچاری چه‌وسانه‌وه‌ی زمانی هاتوون، چونکه له‌هجه‌که‌یان نه‌کراوه به زمانی ستانداردی نووسین و خوێندن، شۆفینیزمی زمانی ستانداردی عه‌ره‌بی به له‌هجه‌ی قوڕه‌یشی هه‌موو مافه زمانییه‌کانی گه‌لانی عه‌ره‌بی پێشێل کردووه..! نه‌خێر ئه‌و زمانه ستاندار‌ده عه‌ره‌بییه گشت عه‌ره‌بی هه‌ر له خه‌لیجه‌وه تا ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سی گه‌یاندۆته‌وه یه‌ک، ده‌توانن به زمانێکی یه‌کگرتوو، ئه‌لفوبێیه‌کی یه‌کگرتوو له‌گه‌ڵ یه‌ک ئاخاوتن بکه‌ن و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و شارستانی یه‌کدی بخوێننه‌وه. ئه‌و زمانه ستاندار‌ده وای کردووه هه‌موو عه‌ره‌ب سه‌ره‌ڕای جیاوازی کولتووری و مێژوویی و جوغرافی، سه‌ره‌رای بوونی زیاتر له بیست ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی سه‌ربه‌خۆ، به هۆی ئه‌و زمانه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک په‌یوه‌ندیان هه‌بێ و هه‌ست به ئیتیما بۆ یه‌ک نه‌ته‌وه بکه‌ن، هه‌ر ئه‌و زمانه ستاندارده‌ش وا ده‌کا که له داهاتوو – هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر خۆیان بیانه‌وێ- سنوره‌کان هه‌ڵگرن و ببن به یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن یه‌ک ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
یه‌کێک له‌و وڵا‌ته عه‌ره‌بیانه‌ی که له‌هجه‌که‌ی ته‌واو له‌گه‌ڵ له‌هجه‌کانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی جیاوازه، له‌هجه‌ی مه‌غریبه. من به‌ش به‌حاڵی خۆم دوو جار سه‌فه‌ری مه‌غریبم کرووه و له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا گه‌ڕاوم. له مه‌غریب هه‌رچه‌ند هه‌وڵم ده‌دا به‌و له‌هجه عه‌ره‌بیه عێراقییه‌ی که ده‌یزانم له‌گه‌ڵیان بدوێم، به‌ڵام جیاوازی نێو‌ان ئه‌و دوو له‌هجه عه‌ره‌بییه ئه‌وه‌نده زۆر بوو نه ئه‌وان له من حاڵی ده‌بوون و نه منیش له‌وان حاڵی ده‌بووم. زمانی ستانداردی عه‌ره‌بی که له‌و وڵا‌ته ده‌خوێندرێت، هه‌موو خوێنده‌وارێک ده‌توانێ قسه‌ی پێ بکات، منیش له قوتابخا‌نه به‌و زمانه ستاندار‌ده خوێندومه ئیدی ده‌متوانی له‌گه‌ڵیان وه‌ک زمانێکی هاوبه‌ش به ئاسانی گفتوگۆ بکه‌م. ئه‌مه بایه‌خی زمانی ستاندار‌ده بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که زمانه‌که‌ی فره له‌هجه و فره زاراوه‌یه و میلله‌ته‌که‌شی فره کولتووره. ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و زمانه ستاندارده‌یان نه‌بێ له‌هجه‌ی مه‌حه‌لی خۆیان بکه‌ن به ستاندارد چی‌یان به‌سه‌ر دێ؟ ئه‌مه پرسیارێکه بۆ ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیرانی.
ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ زمانی کوردی داوای ده‌که‌ن، تا ئێستا هیچ زمانناسێک ئه‌و کاره‌ی به زمانه‌که‌ی نه‌کردووه. هه‌ر میلله‌تێک له قۆناغی به ستانداردکردنی زمانه‌که‌یان به گیانی هاوکاری و له‌یه‌کگه‌یشتن و قوربانی دان پێکه‌وه له‌سه‌ر له‌هجه‌یه‌ک ڕێک که‌وتون و بوون به خاوه‌ن زمانێکی یه‌کگرتوو. ته‌جره‌به‌ی به ستانداردکردنی زمانه‌کانی دنیا ئه‌وه نیشان ده‌دات.
له‌م سه‌رده‌می به جیهانی بوون و زۆری په‌یوه‌یندییه‌کان و زاڵ بوونی زمانه گه‌وره‌کانی جیهان به تایبه‌ت زمانی ئینگلیزی، زمانه بچوکه‌کان له‌به‌رده‌م ئه‌و شه‌پۆله تونده‌ی به جیهانی بوون توانای خۆگرتنیان نییه و وه‌ک گه‌ڵای دار هه‌ڵده‌وه‌رن. ئه‌مڕۆ له جیهاندا هه‌ر دوو هه‌فته جارێک زمانێک له ناوده‌چێت و ده‌مرێت، هه‌ندێک له شاره‌زایانی زمان‌ناسی پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ن که له‌و حه‌وت هه‌زار زمانه‌ی که ئه‌مڕۆ له دنیا قسه‌ی پێده‌کرێ، ڕه‌نگه تا کۆتایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م ته‌نیا هه‌زار زمانێک بمێنێته‌وه.45 بۆیه نه‌ک هه‌ر زمانی کوردی به‌ڵکو زمانه زیندووه‌کانی ئه‌و‌روپاش که به ژماره که‌من و ته‌نیا له وڵاته‌کانی خۆیاندا به‌کاردێن وه‌ک هۆڵه‌ندی و سوێدی و دانیمارکی و. هتد ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له پاشه‌ڕۆژدا زمانه‌کانیان بایه‌خی نه‌مێنێت و زمانێکی جیهانی جێگه‌ی بگرێته‌وه، ئه‌مه چ جای زمانی کوردی که زمانێکی یه‌کگرتوو و به‌هێز و فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی نووسینی نییه، کتێبخانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی نییه، ته‌نیا به شێوه‌یه‌کی مه‌حه‌لی به کاردێت. ئاخۆ چاره‌نوسی ئه‌و هه‌موو له‌هجه ستاندارده‌ی کوردی چی به‌سه‌ر بێت؟ یا ئه‌و ستاندارده‌ی بۆ بن له‌هجه‌ی بادینی پێشنیار ده‌کرێ له‌به‌رده‌م ئه‌م گه‌رده‌لوله تونده‌دا چۆن خۆی ده‌گرێ؟ چۆن ده‌توانێ بکه‌وێته سه‌رپێ و ببێ به ستاندارد و وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پێویستییانه بداته‌وه،
ئه‌وان داوای به ستانداردکردنی له‌هجه‌کان ده‌که‌ن به‌ڵام هه‌رگیز باسی ئه‌وه ناکه‌ن ئه‌مه چۆن پیاده ده‌کرێ و میکانیزمه‌که‌ی چییه؟ باسی ئه‌وه ناکه‌ن ئه‌دی کورد بۆ ئیداره و سیسته‌می خوێندن له قوتابخا‌نه و زانکۆکان به چ زمانێک بێ، ئه‌وان ڕه‌نگه بڵێن هه‌ر ناوچه‌یه‌ک به له‌هجه‌که‌ی خۆی بێ، ئایا ئه‌مه تا چه‌ند کارێکی عه‌مه‌لییه، له کوردستان چوار زمانی ئیداری هه‌بێ و چوار زمانی خوێندنی په‌روه‌رده هه‌بێ چوار زمانی خوێندنی زانکۆ هه‌بێ. بۆ نمونه کتێبی جوغرافیا یان مێژوو، یان بیرکاری ده‌بێ به چوار له‌هجه چاپ بکرێن، هه‌ر قوتابییه‌کی کورد به له‌هجه‌که‌ی خۆی بخوێنێ و هیچ کامیان له یه‌کتر تێنه‌گه‌ن، هیچ کامیشیان نووسینی ئه‌ویدی نه‌خوێنێته‌وه، ئایا ئه‌مه ده‌بێ به چی؟ ئه‌و وڵا‌ته چی به‌سه‌ر دێ؟ چ فه‌وزایه‌کی زمانی بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه دروست ده‌بێ؟
دوای کاره‌ساتی ئه‌نفال و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، له هه‌موو کورد ئاشکرا بوو که ڕژێمی به‌عس هیچ هه‌نگاوێک بۆ زمانی کوردی و فه‌رهه‌نگی کوردی هه‌ڵنانێت مه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی سڕینه‌وه و ڕیشه‌کێش کردن و شێواندنی فه‌رهه‌نگی کوردی نه‌بێت. له‌و ڕۆژه سه‌ختانه ئه‌و ڕژێمه به مه‌به‌ستی قووڵکردنه‌وه‌ی جیاوازی زمانی له نێو کورد و خستنه‌وه‌ی دوو به‌ره‌کی، له به‌غدا دوو ڕۆژنامه به زمانی کوردی ده‌ر ده‌کات: (ئاسۆ) به له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست، (بزاڤ) به له‌هجه‌ی کرمانجی سه‌روو به شێوه بادینییه‌که‌ی. وه‌ک ده‌بینین ئه‌م جووت ستانداردییه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌و به‌رنامه کۆنه‌یه، ئه‌مجاره له ڕێی ڕۆشنبیران و زمانناسانی کورد بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێ و هه‌وڵی پیاده کردنی ده‌درێ، ئه‌مجاره نه‌ک ته‌نیا بۆ دوو ڕۆژنامه به‌ڵکو بۆ دوو زمانی ستاندارد و دوو هه‌رێمی زمانی..!
ئه‌نجامی باسه‌که
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له پرۆسه‌ی به نه‌ته‌وه بوونیدا، هه‌وڵی پێکهێنانی زمانێكی یه‌کگرتووی ستاندارد ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی گشت ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه یه‌ک زمانی نووسین و خوێندنیان هه‌بێ. به دوو ستانداردکردنی دوو له‌هجه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا به‌کارهێنانی هه‌موو له‌هجه‌کانی بۆ نووسین، بێجگه له‌وه‌ی که زمانه‌که هه‌رگیز یه‌کگرتوو نا‌بێ له پاشه‌رۆژیشدا ده‌رئه‌نجامێکی ترسناک و خراپی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌که و زمانه‌که ده‌بێ.
ئه‌زمونی نه‌رویج ئه‌وه نیشان ده‌دات که جووت ستانداردی ته‌جره‌به‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو نییه بۆ یه‌ک نه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده به هۆی بارودۆخی مێژووی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له وڵاته‌که پیاده کراوه، به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه نه‌ته‌وه‌ی نه‌رویجی و زمانه‌که‌ی له زمانێکی هاوبه‌ش و یه‌کگرتوو کۆبکه‌نه‌وه. ئه‌زمونی زمانی ئه‌رمه‌نیش ئه‌وه نیشان ده‌دات که سه‌ره‌ڕای جووت ستانداردی زمانه‌که‌ی به‌ڵام له وڵاته‌که‌یان هه‌ر یه‌ک ستاندارد به ڕه‌سمی ناسراوه، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌رێ هه‌ردوو ستاندارد بکرێن به‌یه‌ک. ته‌جره‌به‌ی زمانی ئه‌لبانیش، که نمونه‌ی زمانێکه ماوه‌یه‌ک جووت ستاندارد بووه، به‌ڵام دواتر، نه‌ته‌وه‌که له‌سه‌ر یه‌ک زمانی ستاندارد ڕێک ده‌که‌ون، ئه‌مه‌ش دوباره پشتگیری له‌و ڕایه ده‌کات که یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌بێ یه‌ک زمانی ستانداردی هه‌بێ. ئه‌زمونی ئه‌و سێ زمانه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که جووت ستانداردی زمانی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک دیارده‌یه‌کی ته‌ندروستی زمانی نییه، نامۆیه به پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی و کێشه و گرفتی زۆر بۆ وڵاته‌که و نه‌ته‌وه‌که ده‌خوڵقێنێ. ئه‌گه‌ر له بارودۆخێکی مێژوویی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیش به ناچاری بۆ زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک هاتبێته پێش، ئه‌وا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌میشه هه‌وڵی یه‌کگرتن و یه‌کخستنی زمانه‌که‌ی داوه.
جووت ستانداردی بۆ زمانی کوردی که له چوار له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی پێکدێت دیارده‌یه‌کی نه‌گونجاو و ناپه‌سنده، پیاده کردنی له کوردسانی باشوور زه‌مینه خۆش ده‌کات بۆ هه‌موو له‌هجه سه‌ره‌کییه‌کانی دی که ئه‌وانیش هه‌مان ڕێچکه‌ی به ستاندارد بوون بگرنه به‌ر.
که‌واته ئه‌و جووت ستانداردییه‌ی که ئه‌میری حه‌سه‌نپور و هاوبیرانی بۆ کوردستانی باشوور ده‌یخه‌نه ڕوو، دوباره کردنه‌وه‌ی ته‌جره‌به‌یه‌که پڕه له گرفت و کێشه و دوو به‌ره‌کی زمانی له نێو یه‌ک نه‌ته‌وه. پیاده کردنیشی له هه‌رێمی کوردستاندا، فه‌وزایه‌کی زمانی لێده‌که‌وێته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و کاته‌ش چاره‌سه‌ر کردنی زۆر دژوار بێت. له ئه‌نجامیشدا وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه هه‌ر ده‌بێ له‌سه‌ر یه‌ک زمانی ستاندارد ڕێک که‌وننه‌وه.
په‌رواێز و سه‌رچاوه‌کان
-1 چه‌ندین دابه‌شکردنی جیاواز سه‌باره‌ت به له‌هجه سه‌ره‌کییه‌کانی زمانی کوردی هه‌یه. ئێمه له‌م باسه‌دا پشت به دابه‌شکردنه‌که‌ی دکتۆر فوئاد حه‌مه خورشید ده‌به‌ستین که زمانی کوردی بۆ چوار له‌هجه‌ی سه‌ره‌کی دابه‌شکردووه: له‌هجه‌ی کرمانجی باکوور، له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌راست، له‌هجه‌ی کرمانجی باشوور، له‌هجه‌ی گۆران. له‌هجه‌ی کرمانجی ناوه‌ڕاست چونکه شوێنه جوغرافییه‌که‌ی له ناوه‌ڕاستی کوردستان هه‌ڵکه‌وتووه ، ئه‌و ناوه گونجاوتره تا کرمانجی خواروو. کرمانجی ناوه‌راست ئه‌و بن له‌هجانه ده‌گرێته‌وه: موکری، سۆرانی، ئه‌رده‌لانی، سلێمانی، گه‌رمیانی. ئه‌مڕۆ به هه‌ڵه له نێو خه‌ڵک و هه‌تا ڕاده‌یه‌ک له نووسینیش به تایبه‌ت له نووسینه‌کانی ئه‌میری حه‌سه‌نپور ئه‌و له‌هجه سه‌ره‌کییه به سۆرانی ناو ده‌با، ئه‌مه له کاتێک سۆرانی ته‌نیا بن له‌هجه‌یه‌کی ئه‌و له‌هجه سه‌ره‌کییه‌یه. بڕوانه: الدکتور فؤاد حمه خورشید، اللغة و اللهجات الکوردیة، دار الثقافة و النشر الکردیة، بغداد، 2005.
-2 ئه‌میری حه‌سه‌نپور، کوردی وه‌ک زمانێکی جووت ستاندارد. بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: http://www.kurdishacademy.org/?q=node/22
-3 ئه‌میری حه‌سه‌نپور، شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی، به‌شی یه‌ک، هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگی هه‌ولێر، ژماره 22، ئاداری 2010.
4- Johan Myking, Standardization and language planning of Terminology: the Norwegian experience, International Congress on Terminology, Donostia – San Sebastian, 1997.
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی پرۆفیسۆر یۆهان مایکینگ له گۆڤای ناوبراو بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له ئینته‌رنێت به فایلی پی دی ئێفش ده‌ست ده‌که‌وێ.
5- Ernst Håkon Jahr, The standardization of modern Norwegian: origin, development and prospects, p.1.
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی پرۆفیسۆر ئێرنست هاکۆن یار، محازه‌ره‌یه‌ک بووه له ئینستیتوتی که‌ته‌لان له به‌رشه‌لۆنه له ساڵی 2008 پێشکه‌ش کراوه. په‌یوه‌ندیم به نووسه‌ر خۆی کرد، گووتی: تا ئێستا له هیچ کتێب و گۆڤارێک بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه. له‌م وێبسایه‌ته ده‌ست ده‌که‌وێ: http://www.edocfind.com/en/ebook/The%20standardization%20of%20modern%20Norwegian:-1.html
6- Ibid., p.1.
7- Brief History of the Norwegian language – A summery of 1500 years.
بۆدرێژه‌ی ئه‌م باسه بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه:
http://www.norwaves.com/brief-history-norwegian-language-summary-1500-years.html
8- Gjert Kristoffersen, The phonology of Norwegian, Oxford University Press, 2000, p.5.
9- Larson Karen A, Learning without lessons: socialization and language change in Norway, University Press of America,1985, p.40.
10- Ibid., p. 43.
11- Johan Myking، Standardization and language planning of Terminology: the Norwegian experience, p.3.
12- Ernst Håkon Jahr، The standard of modern Norwegian: origin, development and prospects, p.5-6.
13- Ibid., p.16.
14- Kevork B. Bardakjian and Robert W. Thomson, A textbook of western Armenian, Delmar, New York : Caravan Books, 1977, p.1.
15- Jasmine Dum-Tragut, Armenian, Modern Eastern Armenian, John Benjamins Pub. Company, Philadelphia, 2009, P. 3.
16- Ibid., p.2.
17- Herausgegeben von , Ulrich Ammon, Sociolinguistics: an International Handbook of the Science of Language and Society, Volume 3, Thomas Muntzer, Berlin, 2006, p.1900.
18- Jasmine Dum-Tragut, Armenian, Modern Eastern Armenian, p.4
19- Herausgegeben von, Sociolinguistic, p. 1901.
-20 بۆ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی له‌هجه‌کانی ئه‌لبانی و دابه‌شبونی جوغرافی و خه‌ریته‌ی له‌هجه‌کانی، بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه:
www.albanianlanguage.net
21- Leonard Newmark, Standard Albanian: a reference grammar for students, Stanford University Press, 1982, p.6.
22- Arshi Pipa, The politics of language in socialist Albania, Distributed by Columbia University Press, 1989, p. 1-2.
23- Ibid., p.xii.
24- Leonard Newmark, Standard Albanian: a reference grammar for students, p8.
25- Ibid., p.8
26- Arshi Pipa,The politics of language in socialist Albania, p.4
27- Leonard Newmark, Standard Albanian: a reference grammar for students, p.8.
28- Arshi Pipa, The politics of language in socialist Albania, p.5.
-29 ئه‌میری حه‌سه‌نپور،شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی، به‌شی یه‌ک، هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگی هه‌ولێر، ژماره 22، ئاداری 2010. هه‌روه‌ها بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه:
http://ruwange.blogspot.com/2010/03/blog-post.htm
30- Amir Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan 1918 – 1985, Mellen Research University Press, San Francisco, 1992, p.71.
31- E. J. Hobsbawm, Nations and Nationalism since 1780 : programme, myth, reality, Cambridge University Press, 1990, p.60-61.
-32 بڕوانه ماڵپه‌ڕی ڕوانگه : http://ruwange.blogspot.com/2010/03/2.htm
-33 بڕاونه ئه‌میری حه‌سه‌نپور، کوردی وه‌ک زمانێکی جووت ستاندارد له ماڵپه‌ڕی:
http://www.kurdishacademy.org/?q=node/22
-34 گۆڤاری مه‌تین، ژماره 190، ساڵی 2010.
-35 بڕوانه ئه‌میری حه‌سه‌نپور، شۆڤینیسمی سۆرانی و ئه‌فسانه‌کانی، به‌شی یه‌ک، هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگی هه‌ولێر، ژماره 22، ئاداری 2010.
-36 بۆ ده‌قی چاوێکه‌وتنه‌که بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: http://www.kotikieli.com/kurdi/farsi/farsi.dwt له‌و شوێنه‌ی که باس له فره ستانداردی زمانی عه‌ره‌بی ده‌کات ده‌قه فارسییه‌که‌ی ئه‌مه‌یه: “ در مورد عربی هم، با تجزیه‌ی سرزمین های عربی به حدود بیست دولت-ملت و ڕشد ناموزون اجتماعی-اقتصادی امروز زبان عربی چند استاندارد دارد: قاهره، دمشق، مراکش، بغداد و غیره.”
-37 بۆ بیروڕای جه‌عه‌فه‌ر شێخولئیسلامی له باره‌ی فره‌ستانداردی و پشتگیری بۆ ئه‌میر حه‌سه‌نپور بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: http://ruwange.blogspot.com/2008/04/blog-post_30.html، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی تێکه‌ڵ کردنی له‌هجه له‌گه‌ڵ زمانێکی سه‌ربه‌خۆی ستاندارد بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: http://wwww.kurdishacademy.org/?q=fa/node/712. بۆ بیروڕای حه‌سه‌نی قازی له باره‌ی جووت ستانداردی بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ره: http://wwww.kurdishacademy.org/?q=fa/node/95.
-38 وتوێژ ده‌گه‌ڵ دکتۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپور، زمان و زاراوه، بۆ ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: http://hedih.blogspot.com/2004/02/blog-post_07.html
-39 ئه‌میری حه‌سه‌نپور، شۆڤینیسمی سۆارنی و ئه‌فسانه‌کانی، به‌شی یه‌ک، هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگی هه‌ولێر، ژماره 22، ئاداری 2010.
-40 هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
-41 بۆ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی زمانه‌کانی هیندستان بڕوانه ماڵپه‌ری ویکیپێدیا : http://en.wikipedia.org/wiki/Languages_of_India
-42 له چاوپێکه‌وتنێکی جه‌عفه‌ر شێخولئیسلامی ئیشاره‌ت به‌وه ده‌دات که ڕه‌نگ بێ زمانی کوردیش هه‌مان چاره‌نووسی زمانی لاتینی بۆ بره‌خسێ و هه‌ر له‌هجه‌یه‌کی کوردی ببێت به زمانێکی سه‌ربه‌خۆ، هه‌روه‌ک چۆن زمانی لاتینی له ئه‌وروپا کۆتایی هات و زمانی فه‌ره‌نسی و ئیتاڵی و ئیسپانی و ڕۆمانی و که‌ته‌لانی لێ په‌یدا بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و پێی وایه له‌هجه کوردییه‌کان زمانه کوردییه‌کانن له‌هجه نین. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که، بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: http://hedih.blogspot.com/2004/02/blog-post_23.html
-43 ئه‌میری حه‌سه‌نپور، شۆڤینیسمی سۆارنی و ئه‌فسانه‌کانی، به‌شی یه‌ک، هه‌فته‌نامه‌ی فه‌رهه‌نگی هه‌ولێر، ژماره 22، ئاداری 2010.
-44 هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
54 بۆ درێژه‌ی ئه‌م باسه بڕوانه ئه‌م ماڵپه‌ڕه: www.nationalgeographic.com/mission/enduringvoices
|
| |
بابه‌تی دیکه‌ی نووسه‌ر |
| » جوت ستاندارده‌که‌ی ئه‌میری حه‌سه‌نپور و ئه‌فسانه‌کانی |
| |
|
|
| |
|