» (ئەحمەدینەژاد) هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دوپاتكردەوە
» تەقینەوە خۆکوژییەكەی پاكستان زیاتر لە پەنجا قوربانی لێكەوتەوە
» (ناتنیاهۆ) داوای ڕێگەچارەیەكی مێژوویی دەكات
» ئە‌لعێراقیە‌ پێشنیازی دابڕاندنی‌ دە‌زگا سە‌ربازییە‌كان لە سە‌رۆكوە‌زیران‌ دەكات
» ئەلعراقییە" (عەبدولمەهدی) لە (مالیکی)‌ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران باشترە "
» باڵیۆزی‌ ئەمریکا :
» لیستی ئەلعێراقییە‌ دژی ئە‌نجامدانی‌ سە‌رژمێرییە‌ لە‌ کە‌رکوکدا
گۆڕینی قه‌باره‌ی فۆنت
گه‌ڕانه‌وه
       2010-07-29
ڕۆڵی پاكستان لە شەڕی دژ بە (تاڵیبان)ـدا دروستە یان نادروست؟
 
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (هیلاری كلینتۆن) لەگەڵ هاوشانە پاكستانیەكەی (شا مەحمود قورەیشی). واشنتۆن. 24ی ئازاری 2010

پاكستان، چ وەكوو حكوومەت و چ وەكوو وڵات، ڕۆڵێكی دیاری لەو شەڕەدا هەیە كە ماوەی 9 ساڵە حكوومەتی ئەمەریكا دژ بە چەكدارانی (تاڵیبان) لە ئەفغانستان و ئەندام و چەكدارانی (ئەلقاعیدە) لە هەمان وڵات دەستی پێ كردووە.

بڵاوبوونەوەی دۆكیومێنتەكانی (ویكی لیك) پرسیاری گەورەی دەربارەی جیددییەتی حكوومەتی پاكستان لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئارامی و ئاساییش بۆ ئەفغانستان لای هەموو كەس دروست كرد.

مەشقی چەكدارانی (تاڵیبان) لە ناو خاكی پاكستاندا
ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (جەیمز جەونز) دەڵێت: "

حكوومەتی پاكستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی بنكە و بارەگە و شوێنی مانەوەی چەكدارانی (تاڵیبان) لە ناو خاكی وڵاتەكەی تێك بدات، ئەمەیش هەنگاوێكی گەورەیە، چونكە چەكدارانی (تاڵیبان) لەو بارەگە و بنكە و شوێنانە مەشقیان دەكرد و پلانی هێرشكردنیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دادەڕشت"، بەڵام نووسەری بەناووبانگی ئەمەریكایی (دەیڤید ئیگناتیوس) لە بابەتێكدا كە لە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆستگ بڵاوی كردووەتەوە، لە بایەخ و ڕاستیی ئەم قسانەی (جەونز) كەم دەكاتەوە. ناوبراو دەڵێت كە ئێستایش چەكدارانی (تاڵیبان) چەندین بارەگەیان لە ناو پاكستان هەیە و مانەوەیان لەو بارەگایانە بووەتە هۆی كە بتوانن پلانی سەركەوتوو دابڕێژن.

(ئیگناتیوس) لە بابەتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە ساڵی 2006ـدا سوپای پاكستان لەگەڵ سەرۆكخێڵەكانی پاكستان گەییشتە ڕێككەوتنێك بە مەبەستی ڕێگەدان بە چەكدارانی (تاڵیبان) بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئازاد لە ناو خاكی پاكستانەوە بچنە ناو ئەفغانستانەوە و بە پێچەوانەوەیش، بە مەرجێك هێرش نەكەنە سەر سوپای پاكستان. ئەم ڕێككەوتنەیش تاوەكوو ساڵی 2009 كاری پێ كرا و ژەنەڕاڵ (جەیمز جۆنز)ـیش خۆی ددان بەم ڕاستییەدا دەنێت.


بەرپرسانی ئەمەریكا متمانەیان بە بەرپرسانی پاكستان نییە
لە لایەكی دیكەوە (ڕاڵف پیتەرز) لە ڕۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"ـدا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێت كە حكوومەتی ئەمەریكا فێڵی لە گەلی ئەمەریكا كردووە دەربارەی ئەوەی كە حكوومەتی پاكستان یارمەتیدەرە لە سەركەوتنی شەڕی ئەفغانستاندا.

نووسەر لە بابەتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە دۆكیومێنتەكانی (ویكی لیك) جەخت لەوە دەكەنەوە كە سوپای پاكستان و دەستگەی هەواڵگریی پاكستان لەسەر یارمەتیدانی چەكدارانی (تاڵیبان) بەردەوامە بۆ ئەوەی سەربازانی سوپای ئەمەریكا لە ئەفغانستان بكوژن، بەڵام لە هەمان كاتدا حكوومەتی ئەمەریكا ملیۆنان دۆلار وەكوو یارمەتی بۆ حكوومەتی پاكستان دابین دەكات.

(پیتەرز) هەروەها نووسیویەتی كە بەرپرسانی سوپای ئەمەریكا و حكوومەتی ئەمەریكا لەوە دڵنیان كە بەرپرسانی پاكستان گەندەڵن و فێڵیان لێ دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئومێدیان پێیان هەیە و بۆ هەموو شتێك پشت بە ئەوان دەبەستن.

مانەوەی ناوچە سنوورییەكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی (تاڵیبان)ـدا
لە لایەكی دیكەوە (ڕۆن مۆریاو) لە هەفتەنامەی "نیوزویك"ـی ئەمەریكاییدا بابەتێكی نووسیوە و تێیدا دركاندوویەتی كە چەندین ناوچەی سەرسنووری پاكستان و ئەفغانستان هەن كە سوپا و حكوومەتی پاكستان هیچ دەستەڵاتیان تێیاندا نییە.

نووسەر لە بابەتەكەیدا ڕوونی كردووەتەوە كە سێ سەركردەی دیاری بزووتنەوەی (تاڵیبان) بە ناوەكانی (ئەختەر محەممەد مەنسوور) و (مەلا محەممەد ڕەحمانی) و (عەبدولقەیوم زاكیر) لەم ناوچە سەرسنوورییانەدا دەژین و هەر ئەوانیشن سەركردایەتیی چالاكییەكانی چەكدارانی بزووتنەوەكەیان دەكەن.

نووسەری ئەم بابەتە چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی دیاری (تاڵیبان)ـدا ئەنجام داوە و ئەوانیش ئاشكرایان كردووە كە چیدیكە متمانەیان بە حكوومەتی پاكستان نییە و مانەوەی ناوچە سنوورییەكانی نێوان پاكستان و ئەفغانستانیش لە ژێر كۆنتڕۆڵیاندا بووەتە هۆی ئەوەی چالاكییەكانیان زیاتر بكەن.

عەلی حەسەن زەڵمی

 
   
2009 © هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر