ئەنتەرنێت جیهانێكی گەورەیە و بەكارهێنەرانیشی دەتوانن لەو جیهانە بە باشترین شێوە تێ بگەن و سوود وەربگرن. ئێستاسش بەرپرسانی چەند وڵاتێك لە هەوڵی ئەوەدان چۆن بتوانن سوود لە ئەنتەرنێت وەربگرن بۆ ئەوەی بزانن داواكارسی خەڵكی لە حكوومەت چییە. بەریتانیا و وەرگرتنی ڕای خەڵكی لە ڕێی ماڵپەڕەكانەوە دوومانگ پاش ئەوەی كە (دەیڤید كامیرۆن) بوو بە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، ناوبراو ویستی ڕای خەڵكی دەربارەی حكوومەتی بەریتانیا وەربگرێت. ئەو دەیویست بزانێت كە خەڵكی دەیەوێت حكوومەت گرنگی بە چ جۆرە بوارێكی ژیان بدات و چۆن وڵات پێش بكەوێت. بۆ ئەم مەبەستەیش قسەی لەگەڵ دامەزرێنەر و بەرپرسی ماڵپەڕی (فەیسبووك) (مارك زوكەربێرگ) كرد. (فەیسبووك) بە سەركەوتووترین و گەورەترین ماڵپەڕی بواری كۆمەڵایەتی دادەنرێت، چونكە زیاتر لە 500 ملیۆن ئەندام و بەكارهێنەری هەیە. (كامیرۆن) و (زوكەربێرگ) باسی ئەوەیان كرد كە چۆن دەكرێت سوود لە ئەنتەرنێت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە وڵاتدا. ئەوان هەروەها باسیان لەوە كرد چۆن دەكرێت لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە خەڵكی یارمەتی حكوومەت بدەن. هەفتەنامەی "ئیكۆنۆمیست" ئەو پرسیارەی وروژاندووە كە ئایا شتێكی ژیرانە و ڕاستە كاتێك سەرۆكوەزیرانی وڵاتێكی وەكوو بەریتانیا پەنا بۆ (فەیسبووك) ببات بۆ ئەوەی بزانێت خەڵكی چییان دەوێت و چۆن خەڵكی ڕۆڵێكی كاریگەر دەگێڕن لە حكوومەتدا؟ "ئیكۆنۆمیست" ئاشكرای كردووە كە ئەگەر وا دابنێیت (فەیسبووك) وڵاتە و (زوكەربێرگ)ـیش سەرۆكەكەیەتی، ئەوە شتێكی پڕوپووچانە و بێ مانایە، چونكە ئەو وڵاتە زەوییەكی نییە بۆ ئەوەی بەرگری لێ بكەیت، هیچ پۆلیسی نییە بۆ ئەوەی كار بۆ جێبەجێكردنی یاسا بكات و چەندین شتی دیكەیش. پاشانیش ئەندامبوون لەو ماڵپەڕە ئاسانە و وەكوو ئەوە نییە كە ببیتە خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتێك. بە پێی هەفتەنامەكە، زۆرینەی بەكارهێنەرانی ئەم ماڵپەڕە خەسڵەتی دەوڵەتبوون لە (فەیسبووك)ـدا دەبینن. (دەیڤید پۆست) پڕۆفیسۆری یاسایە لە زانكۆی (تێمبڵ) و دەڵێت: "(فەیسبووك) ئامرازێكە كە خەڵكی بەیەكەوە دەبەستێت و یارمەتیدەرێكیشە بۆ ئەوەی ئەو كەسانە چارەنووسی خۆیان كۆنتڕۆڵ بكەن و لەم ڕوانگەیەیشەوە لە وڵاتێك دەچێت." (پۆست) دەڵێت ئەگەر گرووپەكانی ماڵپەڕەكە لەبەرچاو بگریت، كەواتە دەتوانیت بڵێیت ڕاستترین پێناسەی وڵاتی سەردەمی مۆدێرن، ماڵپەڕی (فەیسبووك"ـە. (بیندكیت ئەندەرسن)ـیش كە پسپۆڕێكی سیاسییە، دەڵێت ئەو گرووپانەی (فەیسبووك) ئێستا بوونەتە كۆمەڵگەیەك و ئەندامی هەر گرووپێكیش هەست دەكات پێوەندیی لەگەڵ ملیۆنان كەسی دیكەدا هەیە. كۆنتڕۆڵكردنی (فەیسبووك) بەكارهێنەرانی (فەیسبووك) هەست دەكەن ئەو ماڵپەڕە وڵاتێكی لیبڕاڵە. وڵاتێكە كە تێیدا هەموو كەس دەتوانێت ڕای خۆی بە ئازادانە بڵێت، یارمەتیی بۆ هەر بۆنەیەك كۆ بكاتەوە و شتە هەڵەكان ڕاست بكاتەوە. " ئیكۆنۆمیست" ئاماژەی بەوە داوە كە لە كاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەكانی ساڵی ڕابردووی ناو كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرەكیترین سەرچاوەی زانیاری بۆ كەناڵە بیانییەكان (فەیسبووك) و چەند ماڵپەڕێكی دیكەی كۆمەڵایەتیی وەكوو (تویتەر) بوون، ئەمەیش ئەوە پێشان دەدات كە ئەنتەرنێت هێزێكی گەورەیە لە ژیانی ئەمڕۆدا. ئەو پرسیارەی كە لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە كە ئایا (فەیسبووك) شوێنێكە كە پێویستی بە بەڕێوەبردن هەبێت؟ (براد بورهام) لە ڕێكخراوی (یونیەن سكوێیەر) دەڵێت پێویستە بەرپرسانی (فەیسبووك" بیر لەوە بكەنەوە ئەم ماڵپەڕە زیاتر ڕێكوپێك بكەن بە شێوەیەك كە بەكارهێنەر بتوانێت كات و پارەی خۆی خەرج بكات بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا شت دروست بكات. (بورهام) هەروەها دەڵێت كە (فەیسبووك) بووەتە ڕێپێشاندەرێكی زۆر باشی بواری ئابووریی ئۆنلاین. بەرپرسانی (فەیسبووك) ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان ماڵپەڕەكە لە چەندین بوارەوە ڕێكوپێك بكەن، چونكە بەجێهێشتنی بە شێوەیەكی خراپ دەبێتە هۆی ئەوەی دوابكەوێت، هەروەكوو چۆن لە (مای سپەیس) بینیمان. عەلی حەسەن زەڵمی