پەرلەمانی هەرێمی (كەتەلۆنیا)ـی ئیسپانیا شەڕە گای لە هەرێمەكەی قەدەغە كرد و ئەمەیش یەكەمین هەرێمە لەو وڵاتە ئەو یاسایە دەربكات.
ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ـی ئەمەریكایی لە هەواڵێكدا ئاشكرای كردووە كە 180 هەزار كەس نامەیەكیان دابووە پەرلەمانی هەرێمەكە و جەختیان لەوە كردبووەوە كە شەڕە گا شتێكی وەحشیگەرانەیە و پێویستە قەدەغە بكرێت.
ڕۆژنامەكە بڵاوی كردەوە كە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمەكەیش دەنگیان داوە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە یارییە قەدەغە بكرێت و لە سەرەتای ساڵی داهاتوویشدا جێبەجێ دەكرێت.
ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی ئیسپانیا پێیان وایە شەڕە گا بەشێكە لە كولتووری دەوڵەمەندی خەڵكی وڵات و دەبێت بپارێزرێت. ئەم بڕیارەی پەرلەمانی (كەتەلۆنیا)ـش نیگەرانیی لای هەندێك كەس دروست كردووە و ترسی ئەوەیان هەیە كە هەمان جۆر بڕیاریش لە تەواوی هەرێمەكانی دیكەی وڵاتدا بدرێت. |