بەرپرسانی حكوومەتی ئیسڕائیل ئاشكرایان كرد كە ئامادە نین هیچ مەرجێكی فەلەستین جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆكان دەست پێ بكەنەوە.
جێگری سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیل (سیلڤان شالۆم) ڕوونی كردەوە حكوومەتی ئیسڕائیل لە كاتی ئێستادا لەسەر دروستكردنی كۆمەڵگە جوولەكەنشینەكان بەردەوامە و هیچ جۆرە مەرجێكی بەرپرسانی (فەلەستین)ـیش جێبەجێ ناكات بۆ ئەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆكان دەست پێ بكەنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند كە ماوەی چەندین مانگە بەرپرسانی ئیسڕائیل ئامادەییان پێشان داوە بۆ ئەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆكان دەست پێ بكەنەوە، بەڵام سەرۆكی دەستەڵاتی فەلەستینی (مەحموود عەباس) مەرج دادەنێت و ئەوەیش شیاوی قبووڵكردن نییە.
لە لایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل (ئەڤیگدەر لیبەرمان) ڕایگەیاند كە پێویستە پڕۆسەی دروستكردنی كۆمەڵگە جوولەكەنشینەكان لە پاش مانگی (ئەیلوول)ـیش بەردەوام بێت، چونكە هاووڵاتیان پێویستییان بە شوێنی حەوانەوە هەیە و ئەركی حكوومەتی (ئیسڕائیل)ـیشە ئەو شوێنە دابین بكات.
|