 |
| (بارزانی) پێشوازی لە (ئەحمەد تورك) كرد. دوێنێ |
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، دوێنێ لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە شاندێكی پارتیی ئاشتی و دیموكراسی "بەدەپە" بە سەرۆكایەتیی (ئەحمەد تورك)، كرد.
لە دیدارێكدا، گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتیی سازكردنی كۆنفڕانسێك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستاندا كرا كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد بەشداری تێدا بكەن.
(سەرۆك بارزانی)، سەبارەت بەو كۆنفڕانسە، جەختی كردەوە كە دەبێ زەوینەسازی بۆ ئەو كۆنفڕانسە بكرێت و مەبەستیش لە سازدانی، چەسپاندنی خەیاری ئاشتی بێت وەك خەیارێكی ستراتیژیی كورد و، ڕایگەیاند كە دەبێ هەموو لایەك هەوڵی ئاشتی بدەن و نابێ شەڕ خەیاری كورد بێت.
(بارزانی)، هەروەها ڕایشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە پشتگیری لە خەیاری ئاشتی دەكات و هیوادارە هەموو پارتییەكانی توركیا، پشتگیری لەو خەیارە بكەن، چونكە دنیا گۆڕاوە و ئەو چەند ساڵەی ڕابردوویش سەلماندیان كە كێشەی كورد بە شەڕ چارە ناكرێت، بەڵكوو دەبێ لە ڕێی دیالۆگ و دانوستان و لێكتێگەییشتنەوە بێت.
لە لایەن خۆیەوە، (ئەحمەد تورك) ڕایگەیاند كە دەبێ كوردیش هەلی ئاشتیی بۆ خۆی بڕەخسێنێ و ئەو كۆنفڕانسەی كە سازیش دەكرێت، بیرۆكەی (سەرۆك بارزانی)ـییە كە بەر لە دوو ساڵ خستبوویە ڕوو، ئامانجیش لە سازدانی ئەو كۆنفڕانسە، چەسپاندنی ئاشتییە لە هەموو ناوچەكەدا.
ئەمەو لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، (ئەحمەد تورك) باسی لە كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی پارتیی ئاشتیی و دیموكراسی "بەدەپە" لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستاندا، كرد.
|