جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (ئەڤین عومەر)، ڕایگەیاند: “ئەو نەوتەی ئێستا دەڕواتە دەرەوە، نەوتی خاو نییە، چونكە دەستووری ساڵی 2005، كە 80%ـی خەڵكی كوردستان دەنگیان پێ دا، ڕێگە بە هەرێمی كوردستان نادات نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە بكات، بەڵكوو تەنیا دەتوانین بەرهەمە نەوتییەكان(لێكەوتەكان) هەناردە بكەین، ئێستایش نەوتی خاو بۆ دابینكردنی پێویستییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بە كار دەهێنین، كە ئێستا ڕێژەی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیانی كوردستان زیاتر لە 16 سەعاتە و ئەمەیش دەرئەنجامی هەبوونی گازوایلی خۆمانە كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان گازوایل بۆ وێستگە كارەباییەكان دابین دەكات.” (ئەڤین عومەر)، هەروەها ئاماژەی دا: “لە نەوتە خاوەكە تەنیا گازوایل دەردەهێنین و ئەو نەوتە ڕەشەی كە دەمێنێتەوە، سوودی لێ وەرناگرین بە پێی ئەوەی لە ناو هەرێمی كوردستاندا بازاڕی نییە، بۆیە بە ناچاری هەناردەی دەرەوەی كوردستانی دەكەین كە ئەویش بە ڕێگەیەكی یاسایی كراوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تەندەراتی ئەنجام داوە.” داهاتی فرۆشتنی نەوتی ڕەش دەچێتە سەر بوودجەی هەرێم جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سرووشتییەكان، باسی لەوەیش كرد كە لە بانكێكی هەرێمی كوردستاندا، حیسابێكی تایبەتی بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتە ڕەشەكە كراوەتەوە و لە كۆتایی ساڵیشدا، داهاتی نەوتە ڕەشەكە لەگەڵ داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆ دەكرێتەوە و دەچێتە سەر بوودجەی هەرێمی كوردستان و لە پەرلەمانیشدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام بەشێك لە پارەی ئەو داهاتە، بۆ كرێی ئەو تانكەرە گازانەی كە گازوایل لە پاڵاوتەكان ڕەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكەن، تەرخان دەكرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەچێتە سەر داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. (ئەڤین)، ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە پاڵاوتەكانی “بازیان، كەڵەك و تاوكێ”ـدا، نەوتەكە دەپاڵێورێت و گازوایلەكەی بۆ وێستگەی كارەبا دەچێت و نەوتە ڕەشەكەیش دەدرێت بەو كۆمپانیایەی كە تەندەرەكەی بۆ دەرچووە و لە ڕێگەی ئەوانەوە ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت. گوتیشی: “ئێمە وەكوو لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سرووشتییەكان، دوای ئەوەی كە لیژنەكەمان پێك هێندرا، پاش دوو ڕۆژ و بۆ هەماهەنگیكردن، كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەكاندا كرد و هەروەها بەدواداچوونی تەواویشمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە كردووە.” ئەو هەروەها ڕایشیگەیاند: “سیاسەتی حكوومەتی كوردستان لە كابینەی بێنجەمدا زۆر سەركەوتوو و بوێرانە بوو، چونكە توانییان شەڕێكی قوڕس بۆ بەرزكردنەوەی ئابووریی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیدا بكەن، هەروەها گومانیش لەوەدا نییە كە دانانی پاڵاوتە و دەرهێنانی نەوت و ڕەوانەكردنی نەوت بە پێی دەستوور، یاساییە.” ڕۆژنامەی “ڕۆژنامە” لێدوانەكانی شێواندووە (ئەڤین عومەر)، دەڵێت: “من وەكوو پەرلەمانتار و توێژەرێكیش كە توێژینەوەیەكی زانستی و یاساییم لەسەر دەرهێنانی نەوت و هەناردەكردنی نەوت هەیە، نەمگوتووە هەناردەكردنی نەوتی ڕەش یاسایی نییە و ئێستایش دەڵێم دەستخۆشی لە كارەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەكەم، چونكە نەوت ستراتیژییەت و سیاسەتی هەموو وڵاتێكە، بەڵام ڕۆژنامەی “ڕۆژنامە” لێدوانەكانی منی شێواندووە.” لە بارەی ئەوەیش كە بۆچی پارساڵ داهاتی نەوت لەسەر بوودجەی هەرێم نەبوو، ئەو گوتی: “لەبەر ئەوەی سەرەتا كارەكانی وەزارەتی سامانە شرووشتییەكان ئەزموونی بوون، ئەو گازانەی كە بۆ وێستگەكانی كارەبایان دەنارد، بە پێی گوتەی وەزیری كارەبا، گازوایل بۆ پاڵاوتەكان دەنێردرانەوە، لەبەر ئەوەی جەودە و نەوعییە دەرنەدەچوو، چونكە نەیاندەویست ئەو گازوایلە كاریگەری لەسەر ئامێرەكانی كارەبا هەبێت، بەڵام لە مانگی 12ـی پارساڵدا، كارەكانیان بە ڕێكی ئەنجام دا و سەركەوتوو بوون و، لەو كاتەیشەوە تەندەریان كرد و حیسابی تایبەتیان لە بانك بۆ كردەوە و 3 مانگ جارێكیش تەندەرەكان نوێ دەكرێنەوە.” لوقمان مستەفا