بڕیارە 30ـی ئەیلوولی داهاتوو، هەڵبژاردنی یەكیەتیی مامۆستایانی كوردستان بە بەشداریی 114 هەزار و 170 مامۆستا كە مامۆستایانی بنەڕەتی و ئامادەیی و لقی زانكۆیش دەگرێتەوە، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت. بە پێی نووسراوێكی یەكیەتیی مامۆستایان كە وێنەیەكی لای “هەولێر”ـە، هەڵبژاردنەكە بە شێوەی لیستی داخراو ئەنجام دەدرێت و، پێویستە 25%ـی ئەندامانی هەر لیستێك مێیینە بن. بە گوێرەی سیستمەكە، دەبێ هەر 300 مامۆستایەك نوێنەرێكیان هەبێت كە بەمەیش 380 تا 400 مامۆستا لە هەڵبژاردنەكەدا دەردەچن و بۆ كۆنگرەی داهاتووی یەكیەتییەكە سەر دەكەون. لەم بارەیەوە، سەرۆكی لقی هەولێری یەكیەتیی مامۆستایان مامۆستا (كەمال حەمەد زراری)، باسی لەوە كرد كە ئەوان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ لیستی كراوەدا بوون، بەڵام تا ئێستا بڕیار وایە بە لیستی داخراو بێت و گشت حزبەكان بە لیستی خۆیان بەشدار دەبن. ئەو گوتیشیس كە دەبێ لە ماوەی دوو مانگی دوای هەڵبژاردندا، كۆنگرەی یەكیەتییەكە ساز بدرێت. بە پشتبەستن بە نووسراوەكەی یەكیەتییەكە، دەبێ لە پڕۆسەی دەنگداندا چەند مەرجێك ڕەچاو بكرێت، لەوانە: پێویستە مامۆستا ناسنامەی یەكیەتییەكەی هەبێت و ناوی لە لیستی مووچەدا هاتبێت. هەروەها ئەو مامۆستایانەی كە لە ڕۆژی 1/9ـوە دەستبەكار دەبن، ئەگەر ناسنامەیان بۆ نەكرابێت، ئەوا بە پشتگیریی قوتابخانەكەیان بەشداریی دەنگدان دەكەن و دەبێ ناوەكەیان لە لیستی مووچەیشدا هاتبێت. بۆ ئەو مامۆستایانەی كە ساڵێك بەسەر خانەنشینبوونیاندا تێپەڕ بووبێت، دەتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن بە مەرجێك لە دانی ئابوونە بەردەوام بووبن. لە دوای ساڵی 1992ـەوە، هیچ هەڵبژاردنێكی سەرانسەریی یەكیەتیی مامۆستایان لە هەرێمدا نەكراوە. ساڵانێكیش یەكیەتییەكە بەسەر هەردوو لقی هەولێر و سلێمانیدا دابەش ببوو، بەڵام لە 3ـی نیسانی 2007ـدا، یەك خرایەوە. بە گوێرەی نووسراوەكەی یەكیەتیی مامۆستایان، یەكیەتییەكە 12 لقی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا هەیە. بۆ ڕۆژی دەنگدان 168 بنكە و 182 وێستگە بۆ دەنگدانی مامۆستایان لە هەرێمدا دەكرێنەوە و، پڕۆسەی دەنگدانیش لە 8ـی بەیانییەوە تا 5ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. (مامۆستا كەمال)، دەربارەی ئەوەی كە تا چەند یەكیەتییەكە لە ئاست هێنانەدیی خواستەكانی مامۆستایاندا بووە، ئاماژەی دا كە ناكرێ بڵێین داخوازییەكانی مامۆستایان 100% جێبەجێ كراون، بەڵام دەكرێ بگوترێ زۆرینەیان بە دی هێنراون. ئەو ڕوونی كردەوە كە پێشتر زیاتر لە 6 هەزار پارچەزەوییان بۆ مامۆستیان دەستەبەر كردووە و، هەروەها بڕیاریشە شاری مامۆستایان لە نزیك هەولێر بونیاد بنرێت، ئەمە بێجگە لەوەی تواندرا دەرماڵەی پیشەیی مامۆستایان كە بڕابوو، بگەڕێندرێتەوە. زۆر جار یەكیەتیی مامۆستایان بە پاشكۆی حزب ناوزەد دەكرێت و گلەیی ئەوەیش دەكرێت كە نەتواندراوە سەربەخۆیانە كارەكانی بكات. لە وەڵامی ئەمەدا، (كەمال زراری) پێی وابوو كە هەندێك لەم ڕەخنانە ڕاستن، بەڵام ئێستا ڕێكخراوەكە ئەندامی گشت حزبەكانی تێدایە و هەمووان لەژێر چەتری یەك ڕێكخراودا كار دەكەن. بە ڕای (زراری)، لەبەر ئەوەی ئەندامانی ئەم ڕێكخراوە، ئەندامانی حزبەكانی كوردستانیشن، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوە بێت ڕێكخراوەكە بە حزبی ناو دەهێندرێت، لە كاتێكدا ڕێكخراوەكە بە یەك چاو تەماشای مامۆستایانی كردووە و كاری بۆ هێنانەدیی داخوازییەكانیان كردووە. ئەو دەڵێت: “ئەوەی مەبەستمانە، خزمەتكردن و هاریكاریكردنی مامۆستایان و بەدەمەوەچوونیانە لە كاتی نەخۆشی و لێقەمان و پرسەكانیاندا.” (ئەسعەد ئیسماعیل) كە لە یەكێك لە گوندەكانی سنووری هەولێردا مامۆستایە، گلەیی ئەوەی لە یەكیەتیی مامۆستایان هەبوو كە ئەو پارەیەی بە ناوی پێشینەی هاوسەرگیرییەوە پێی دراوە، لێی وەردەگرێتەوە، لە كاتێكدا بڕەكەیشی ئەوەندە نییە. بەڵام دەستخۆشی لەو هەوڵەیش كرد كە یەكیەتییەكە توانی 100 هەزار و 50 هەزار دەرماڵەی مامۆستایان كە بۆ ماوەیەك بڕدرا، بگەڕێنێتەوە. دانا وەهبی