» (ئەحمەدینەژاد) هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دوپاتكردەوە
» تەقینەوە خۆکوژییەكەی پاكستان زیاتر لە پەنجا قوربانی لێكەوتەوە
» (ناتنیاهۆ) داوای ڕێگەچارەیەكی مێژوویی دەكات
» ئە‌لعێراقیە‌ پێشنیازی دابڕاندنی‌ دە‌زگا سە‌ربازییە‌كان لە سە‌رۆكوە‌زیران‌ دەكات
» ئەلعراقییە" (عەبدولمەهدی) لە (مالیکی)‌ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران باشترە "
» باڵیۆزی‌ ئەمریکا :
» لیستی ئەلعێراقییە‌ دژی ئە‌نجامدانی‌ سە‌رژمێرییە‌ لە‌ کە‌رکوکدا
گۆڕینی قه‌باره‌ی فۆنت
گه‌ڕانه‌وه
       2010-07-28
پڕۆژەیەكی گەشتیاری، ناڕەزایی هاووڵاتیانی گەڕەكێكی لێ دەكەوێتەوە
 
ئەو زەوییەی كە پڕۆژەكەی لەسەر دروست كراوە، دەبووایە بكرابایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی (قلیاسان)

پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە نزیك سەیرانگەی (چەقچەق)، ناڕەزایی هاووڵاتیانی گەڕەكی (قلیاسان)ـی لێ دەكەوێتەوە و ئەندازیارێكیش لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات خاوەنی پڕۆژەكە پابەند نەبووە بەو دیزاین و نەخشەی پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی كردووە و بەشی زیادەی لە پڕۆژەكەدا دروست كردووە و گۆڕینی بۆ هەندێك بەشیش كردووە. سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێت كە ئەو زەوییەی كە پڕۆژەكەی لەسەر دروست كراوە، دەبووایە بكرابایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی (قلیاسان) نەك پڕۆژەی گەشتوگوزاری.

لە پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە بۆ گەشتیاری
پارچە زەوی (88م) كەرتی 9ـی (قلیاسان)ـی ژووروو كە بە پێی گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەو زەوییەی كە پڕۆژەكەی لەسەر دروست كراوە، دەبوایە بكرابایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی (قلیاسان)، نەك پڕۆژەی گەشتوگوزاری، چونكە ئەو گەڕەكە بە هۆی سنوورداریی ڕووبەرەكەیەوە، زەوی بۆ نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان نییە و لە ئێستادا بە دەست ئەو گرفتانەوە دەناڵێنێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوە شی خستە ڕوو كە بەر لەوەی ئەو زەوییە بكرێتە پڕۆژەی گەشتوگوزاری، داوا لە شارەوانیی سلێمانی كراوە ئەو ئەو پارچە زەوییە تەرخان بكرێت بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بەڵام ئەوان گوتوویانە كە ئەو زەوییە زەوی گەشتوگوزارە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی كە لە كاتێكدا ئێستا ڕوون بووەتەوە كە ئەو زەوییە زەویی شارەوانی بووە بۆ ئەوەی نەكرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ (قلیاسان)، بۆیە بە ناوی زەویی گەشتوگوزارەوە ناسێنراوە.

بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە، سەرچاوەیەكی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە ئەو زەوییە زەوی شارەوانی بووە و تا ئێستایش بە شێوەیەكی دروست ساغ نەبووەتەوە.

زیادەڕەویی زۆر لە پڕۆژەكەدا كراوە
بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەردەستی “هەولێر”ـدان، ئەو پڕۆژە گەشتیارییە پێك هاتبوو لە هۆتێلیكی 3 نهۆمی لەگەلأ ڕێستۆرانتێكدا، بەڵام لە ئێستادا لە نێو پڕۆژەكەدا زیادەڕەویی زۆر كراوە وەك دروستكردنی چەندین كابینەی گەشتیاری كە لە دیزاینی سەرەتای پڕۆژەكەدا نییە، ئەمە بێجگە لەوەی كە نهۆمێكی دیكەیش بۆ پڕۆژەكە زیاد كراوە و بڕیارە بەدەر لەو نهۆمەی بە زیادەڕەویی دروست كراوە، نهۆمێكی دیكەیش لەسەر پڕۆژەكە دروست بكرێت.

بە پێی بەڵگەنامەیەكی دیكە كە لای “هەولێر”ـە، ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی كە ژمارەیان 5 ئەندازیارە و لە 19\5ـدا كە لە لیژنەی ئیستلامدا بوون، بە هۆی بوونی كەموكوڕیی پڕۆژەی كابینە گەشتیارییەكانەوە، ئامادە نەبوون ئیستیلامی بكەن.

ئەندازیار (ئاری ئەحمەد حەمە) لێپرسراوی بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی گوتی: “پڕۆژەی هۆتێل (ژیان) كە پڕۆژەیەكی گەشتیاری بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، دەبووایە لە ساڵی 2005تدا تەواو بووایە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەشێكی بنەڕەتیی پڕۆژەكە تەواو نەبووە و بەدەر لە ڕێنماییە یاساییەكان، خاوەنی پڕۆژەكە هاتووە كۆمەڵێك كابیناتی گەشتیاری بە ناوی (قارەمان) لەسەر بەشێكی دیكەی پڕۆژەكە دروست كردووە كە لە نەخشەی بنەڕەتیی پڕۆژەكەدا نییە و ئێستا بە بێ ئاگاداری ئێمە پڕۆژەكە كراوەتەوە بە بێ ئەوەی مەرجە یاساییەكانی تێدا بێت.”

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (ئاری ئەحمەد) گوتی: “خاوەنی پڕۆژەكە پابەند نەبووە بەو دیزاین و نەخشەیەی پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی كردووە و بەشی زیادەی لە پڕۆژەكەدا دروست كردووە و گۆڕینی بۆ هەندێك بەشیش كردووە.

هاووڵاتیانی گەڕەكەكە ناڕەزایی دەردەبڕن
بەشێكی زۆر لەو ماڵانەی گەڕەكی (قلیاسان) كە پڕۆژەكە لە بەردەمیاندایە، ناڕەزایی لە پڕۆژەكە دەردەبڕن. (ئەرسەلان ئەحمەد) كە ماڵیان لە نزیك پڕۆژەكەیە، ئەوەی خستە ڕوو: “بە هۆی ئەو پڕۆژەیەوە نرخی ماڵەكانمان دابەزیوە و ئەمە بێجگە لەوەی كە دەبووایە شوێنی ئەو پڕۆژەیە بكرابایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكەكەمان، نەك بكرێتە پڕۆژەی گەشتیاری.”

ئەو هاووڵاتییە ئەوەیشی نەشاردەوە كە بە هۆی ئەو پڕۆژەیەوە، شەقامی بەردەم ماڵەكان لە 15 مەترەوە كراوەتە 12 مەتر و پڕۆژەكەی پێ گەورە كراوە. هاوكات هاووڵاتییەكی دیكەی هەمان گەڕەك بە ناوی (خالید ئەحمەد) گوتی كە نەدەبووایە ئەو پڕۆژەیە لەوێدا بكرێت، چونكە گەڕەكی (قلیاسان) پێویستی بە زەوی هەیە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان، بەڵام لە ئێستادا بواری ئەوە نییە كە هیچ كام لەو پڕۆژانەی بۆ بكرێت. ئەو هاووڵاتییە ڕوونیشی كردەوە كە چەندین جار داوایان كردووە ئەو پارچە زەوییە بكرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بەڵام كەس وەڵامی نەداونەتەوە.

خاوەنی پڕۆژەكە ئاگادار دەكرێتەوە
بە پێی بەڵگەنامەیەكی دیكە كە لە 31\5\2010ـدا دەرچووە، داوا لە خاوەنی پڕۆژەكە كراوە پڕۆژەكەی ئیستیلام ناكرێت و داوای لێ كراوە سێتی نەخشەی نوێی پڕۆژەكەی بهێنێت.

سەبارەت بە تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر سێتی نەخشەی نوێدا و ڕادەستنەكردنی بە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار، ئەندازیارێكی ئاگادار لەو كێشەیە ئەوەی خستە ڕوو كە بە هۆی ئەوەی كە هەندێك بەڕێوەبەری بەش و ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی هاوكاریی تەواوی خاوەنی پڕۆژەكە دەكەن، بۆیە ئەویش بەردەوامە لەسەر سەرپێچییەكانی و ئێستا دەیەوێت ئەو هەیكەلی بینایەی بە ناوی (هۆتێل)ـەوە كردوویەتی، بیكاتە نەخۆشخانەی تایبەت.
ئارام كۆشكی

 
   
2009 © هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر