 |
| سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا (دێڤید كامیرۆن)........ فۆتۆ ئەرشیڤ |
لە میانەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ توركیا، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا (دێڤید كامیرۆن) ڕایگەیاند كە كەرتی غەززە بووەتە بەندیخانەیەكی گەورە لە ڕووی واقیعییەوە .
لە ڕۆژنامەی (یەدیعوت ئەحرونوت)ـی ئیسڕائیلیدا هاتووە كە (كامیرۆن) دەیەوێت پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ توركیادا بەهێز بكات و بەم هۆیەشەوە ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی هێرشەكەی ئیسڕائیل بۆ سەر كەشتیگەلی ئازادی لە كاتی چوونیان بەرەوە غەززە، گرت .
ئەم لێدوانانەی (كامیرۆن) لە كاتی سەردانە فەرمیەكەیدا بۆ توركیا دێت كە بە یەكەمین سەردانی فەرمی لەم شێوەیە ئەژمار دەكرێت و لە میانەی ئەو سەردانەدا (كامیرۆن) لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) و ژمارەیك لە گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و پرسی بەئەندام بوونی توركیا لە یەكیەتی ئەورووپادا تاوتوێ كرا .
پاشان سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا سەردانی گڵكۆی دامەزرێنەری دەوڵەتی توركیا (كەمال ئەتاتورك)ـی كرد .
پاش كۆبوونەوەكە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە هەڵوێستی توندڕەوانەی ئیسڕائیل كرد و گوتی "دەستدرێژییەكەی ئیسڕائیل بۆ سەر كەشتییە توركییەكان بەهێچ شێوەیەك پەسەند ناكرێت و نابێت كەرتی غەززەیش وەكو بەندیخانەیەكی گەورە بمێنێتەوە " .
شاخەوان جەلال
Hawler.in
|