جێگری ئاساییشی كەركووك، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕایگەیاند: “پاراستنی ئەمنییەتی دەرەوەی خۆپێشاندانەكەی 28ـی تەمووزی پێرار لە كەركووك، ئەركی ئاساییش بووە و ئێمە ئەركەكانی خۆمان ئەنجام دا و توانیمان زۆر بە چاكی ئەو گەڕەكانە بپارێزین.” ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش، گوتی كە جێگەی داخە بە هۆی كردە تیرۆریستییەكەوە، 24 كەس شەهید و زیاتر لە 200 كەسیش بریندار بوون. ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی (دڵشاد پیرۆت)، بە “هەولێر”ـی گوت: “دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەیەكی حزبە كوردستانییەكاندا كە لە بارەگای لقی سێدا ئەنجام درا، پێشنیازی خۆپێشاندانێكی جەماوەری لەم شارەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵی ناحەزانی ئەم شارە و پێكەوەژیانی ئاشتیانە خرایە ڕوو، ئەوە بوو لە 28ـی تەمووزدا خۆپێشاندانێكی فراوانی جەماوەری ساز كرا كە سێ بەشی شاری كەركووك بۆ ئازادیی شارەكەیان بەشدارییان تێدا كرد، بەڵام بە داخەوە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز ڕووبەڕووی كردەوەیەكی تیرۆریستی بوونەوە و بەو هۆیەیشەوە 24 كەس شەهید و زیاتر لە 200 كەسیش بریندار بوون.” (دڵشاد) گوتیشی: “من پێم وایە ئەم خۆپێشاندانە یەكهەڵوێستیی خەڵكی ئەم شارە بوو بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین، بێگومان یەكدەنگیی كوردستانیانیشی پێوە دیار بوو.” جێگری بەڕێوەبەری ئاساییشی پارێزگای كەركووك عەقید (سالار خالید)، سەبارەت بەو كردەوە تیرۆریستییە، ئاماژەی دا: “ئێمە ڕۆژێك پێش ڕووداوەكە پلانێكی ئەمنیی تۆكمەمان لەگەڵ هێزەكانی پۆلیسدا دانا كە تێیدا ئاساییش ئەركی ئەوە بوو ئەمنییەتی دەرەوەی خۆپێشاندانەكە بپارێزێت، ئێمەیش ئەركەكانی خۆمان ئەنجام دا و توانیمان زۆر بە چاكی ئەو گەڕەكانە بپارێزین، هەروەها لە كاتی تەقینەوەكەدا ڕۆڵمان هەبووە و شانبەشانی هێزەكانی پۆلیس شەهید و بریندارەكەكانمان لە شوێنی ڕووداوەكەوە بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، بەڵام لە ناو خۆپێشاندانەكەدا زیاتر پۆلیس ئەركی پاراستنی گرتبووە ئەستۆ.” (جەلیل محەممەد) خوشكەزای شەهید (هاوكار تەیفور عەبدلغەفوور)ـی تەمەن 14 ساڵان دەڵێت،(هاوكار) بە فیشەك شەهید كراوە و لە كۆڵانی بارەگای بەرەی توركمانییەوە تەقە لە جەماوەر كراوە و (هاوكار)ـیش یەكێك بوو لەو شەهیدە بێگوناهانەی كە داوای مافی خۆی دەكرد وەك كەركووكییەك. ئەو گوتی: "حكوومەت هاوكاری كردووین بەڵام چەند جارێكیش وەرمان نەگرتووە." جێی وەبیرهێنانەوەیە كە ئەم خۆپیشاندانە دژ بە بەڕێكردنی ماددەی 24ـی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بوو بە دابەشكردنی بەسەر چوار یەكەی هەڵبژاردندا كە لە لایەن گرووپی 22ـی تەمموزەوە پلانی بۆ دانرابوو. هەژار ڕەشید