بە پێی ئامارێكی بنكەی هاتوچۆی دەربەندیخان، لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەنیا كۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ گەییشتووەتە 53 ڕووداو و لە ئاكامدا 54 قوربانیی لێ كەوتووەتەوە، كە ژمارەی مردووەكان گەییشتووەتە 6 كەس و ژمارەی بریندارەكانیش 48 كەس بووە. هەروەها بە هۆی دووبارەبوونەوە و زۆریی ڕووداوەكانەوە، هاووڵاتیان و بە تایبەتی دانیشتووانی ناوچەكە، مەترسییان لێ نیشتووە و كەمتر لە جاران هاتوچۆ دەكەن. مەترسیی هاووڵاتیان یەكێك لە سەرەكیترین گرفتەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان، لە ئێستادا گرفتی هاتوچۆیە كە بووەتە مایەی نیگەرانیی هاووڵاتیان، هۆكارەكەیشی بۆ خراپیی ئەو دوو شاڕێگە سەرەكییە دەگەڕێتە كە شارۆچكەكە بە هەریەك لە كەلار و سلێمانییەوە دەبەستێتەوە و بە گوندی میرەدێ و ناوچەی مەیداندا تێدەپەڕێت. هەروەها ئاماری ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئاماژەی مەترسیدار دەدەن و بوونەتە مایەی ترساندنی هاووڵاتیان. لەو بارەیەوە، خاتوو (فەریدە عەبدولڕەحمان) وەك هاووڵاتییەكی ناوچەكە، باس لەوە دەكات كە زۆریی ڕووداوەكان و خراپیی ئەو دوو ڕێگەیە هێندە ترساندوونی، ناوێرن وەك پێویست سەردانی دەرەوەی شارەكە بكەن. ئەو گوتی: “ئەگەر بەو دوو ڕێگەیەدا بمانەوێت سەردانی سلێمانی یان ماڵەخزمێك بكەین، تا دەگەڕێینەوە دڵمان لە مشتماندایە.” ئاماری ڕووداوەكان بە پێی ئامارێك كە بنكەی هاتوچۆی دەربەندیخان بە “هەولێر”ـی داوە، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، واتا لە 1/1/2010ـوە تا 30/ 6/ 2010، تەنیا كۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە نێوان دەربەندیخان و ناوچەی مەیدان لە لایەك و دەربەندیخان و گوندی میرەدێ لە لایەك كە مەودایەكی زۆر دوور نییە، گەییشتووەتە 53 ڕووداو و لە ئاكامدا 54 قوربانیی لێ كەوتووەتەوە، كە ژمارەی مردووەكان گەییشتووەتە 6 كەس و ژمارەی بریندارەكانیش 48 كەس بووە. بارهەڵگر و ماتۆڕەكان زۆرترین ڕووداو لە ئامارەكەدا، ڕوون كراوەتەوە كە لەو ماوەیەدا 40 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و 7 ماتۆڕ و 22 ئۆتۆمبێلی تایبەت و 2 ئۆتۆمبێلی كرێ و ئۆتۆمبێلێكی كشتوكاڵی زیانیان بەر كەوتووە. هەروەك لە ئامارەكەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئۆتۆمبێلە بارهەڵگر و ماتۆڕەكان دیارترین جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە بوونەتە مایەی كەوتنەوەی ڕووداوەكان. لەو بارەیەیشەوە، هاووڵاتی (سەعید ئەحمەد) كە شۆفێرە، باس لەوە دەكات كە ڕێگەی دەربەندیخان ڕۆژانە چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بەسەردا تێدەپەڕێت و هەندێك لە شۆفێرەكانیشیان گوێ بە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ نادەن. گوتیشی: “دەبووایە بارهەڵگرەكان لە ڕێگەی قەرەداغەوە هاتوچۆیان بكرادیە.” بەڵام لێپرسراوی بنكەی هاتوچۆی دەربەندیخان ملازم (رێژەن بورهان)، بۆ “هەولێر”ـی ڕوون كردەوە كە ڕێگەی قەرەداغ شاخاوییە و هاوكات چەند پردێكی تێدایە كە تەحەموولی 20 تۆن قورسایی زیاتر ناكەن. هۆكاری ڕووداوەكان لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، ملازم (رێژەن) هۆكاری زۆریی ڕووداوەكانی هاتوچۆی، بۆ قەرەباڵغیی ڕێگەكە و سەختیی هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكە و یەكسایدیی ڕێگەكە و گوێنەدانی شۆفێران بە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ گەڕاندەوە. هەندێك لە هاووڵاتیانیش، هۆكاری زۆریی ڕووداوەكان بۆ كەمیی نیشانەكانی هاتوچۆ و درەنگبەدەمەوەهاتنی حكوومەت بۆ چاككردنەوەی ڕێگەوبانەكە، دەگەڕێننەوە. لە لایەن خۆیشیییەوە، لێپرسراوی بنكەی هاتوچۆی دەربەندیخان، ئەو بۆچوونەی ڕەت كردەوە و گوتی: “لە دوو ساڵی ڕابردووەوە تاوەكوو ئێستا، لە سەدا سەدی نیشانەكانی هاتوچۆ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانەوە دانراون.” هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە هەندێك لەو نیشانانە، بە هۆی ڕووداوەكان و پێكدادانی ئۆتۆمبێلەوە شكاون. ئەو هەروەها ئاماژەی دا كە ئەوان هەوڵی خۆیان بۆ چاككردنەوەی ڕێگەوبانەكە خستووەتە گەڕ و، هەنووكە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانكردنەوە سەرقاڵی چاككردنەوەی ڕێگەكەن. سالار تاوەگۆزی