» تەقینەوەكەی پاكستان زیاتر لە سەد قوربانى لێكەوتەوە
» ئەمەریكا گەمارۆی خستە سەر بانكێكی بازرگانی ئێران و ئەوروپا
» قەیرانی سیاسی ئوسترالیا كۆتایی هات
» ( عەبدولمەهدی):"لە پێناوی بەرژەوەندی وڵات ئامادەم دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیران هەڵگرم"
» ئالیەتێك بۆ دیاری كردنی سەرۆكوەزیران دەستنیشان كرا
» هێڵەسورەكانی سەر (مالیكی) هەڵگیران
» (پترایۆس) لەبارەی سوتاندنی (قورئان)ـەوەهۆشیاری دا
گۆڕینی قه‌باره‌ی فۆنت
گه‌ڕانه‌وه
       2010-07-27
منداڵانی ئیشکەر لە مەترسیدان
 
ئیشکردنی منداڵان لەسەر شەقام و بازاڕەکان

(سۆران شێروان) کە تەمەنی 11 ساڵ بوو و لە نزیک قەڵای هەولێر لە قرچەی گەرمای نیوەڕۆدا خەریکی بۆیاخکردنی پێڵاوی موشتەرییەکانی بوو، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت کە حەز دەکات وەکوو منداڵانی دیکە یاری بكات و کاتەکانی هاوین بە بەشداریكردن لە خولە جیاجیاکاندا پڕ بکاتەوە، بەڵام بە هۆی هەژاری و پیربوونی دایک و باوکییەوە، ناچارە لە بەیانییەوە تاکوو ئێوارە ئیش بکات. شارەزایەکی دەروونییش، ئاشکرای کرد کە ئیشکردنی منداڵان لەسەر شەقام و بازاڕەکاندا، کاریگەرییەكی دەروونیی خراپی لەسەریان هەیە.

منداڵێکی دیکە لە شەقامی شێخەڵڵای شاری هەولێر کە سەرقاڵی فرۆشتنی تۆزی شەربەت بوو، کاتێک ڕووبەڕووی چەند پرسیارێكمان كردەوە، هیچ وەڵامێکی نەداینەوە، بەڵام چەند دوکاندارێک کە باوکی ئەو منداڵەیان دەناسی و زانییان لە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـەوە هاتووین، لێم کۆ بوونەوە، یەکێکیان بە دەنگێکی بەرز گوتی: “(هەژار) منداڵەکەیشی هەر چارەڕەشە دەنا چ خودا هەڵدەگرێت بەو گەرمایە لە دەرەوە ئیش بکات.”

هاوكات دوکاندارێکی دیکە پێی ڕاگەیاندین كە ئەگەر حکوومەت دەیەوێت خزمەتی منداڵانی ئیشکەر بکات، با بە باوکە هەژارەکانیان ڕابگات.

لە لایەكی دیكەوە، بەرپرسێک لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت کە ئیشکردنی منداڵانی تەمەن خوارووی 15 ساڵ، بە گوێرەی یاسا قەدەغەیە.

ئەو، هۆکاری سەرەکیی ئیشکردنی منداڵانی، بۆ نزمی ئاستی هۆشیاریی خێزانەکان گەڕاندەوە و گوتی كە وەزارەتەکەیان لە هەوڵی ئەوەدایە کێشەی خێزانەکانی ئەو منداڵانە چارە بکات، چونکە بەشێکیان خۆیان حەزیان لە ئیشکردنی بازاڕە و ئاستی هۆشیاریی خێزانەکانیشیان ئەوەندە بەرز نییە کە ڕێگەیان لێ بگرن، هەروەها بەشێکیشیان خێزانەکانیان هەژارە و ناچارن ئیش بکەن.

لە نزیک بازاڕی سەیداوە، (ڕەوەند)ـی 10 ساڵان خەریکی فرۆ‌شتنی كەلوپەل بوو، کاتێک پرسیارمان لێ کرد، یەکسەر پەنجەی بۆ لای باوکی ڕاداشت کە چەند مەترێک دوورتر لەو، عارەبانەیەکی پڕ لە کەلوپەلی پێ بوو و هاواری دەکرد: “هەرچی هەڵدەگری بە هەزار دینار.”

باوکی (ڕەوەند)، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: “من بۆیە ئیش بە منداڵەکەم دەکەم، تا فێری ئیشکردن بێت.”

ئەو گوتیشی كە ئیشکردن لە بازاڕدا باشترە لەوەی لە‌ کوچە و کۆڵانان بخولێتەوە و جگە لەوەیش، لە نزیکەوە خۆی باشتر دەتوانێت چاودێریی منداڵەکەی بکات.

باوکی (ڕەوەند)، کە ماڵەکەیان لە نزیک کەسنەزانە، باسی لەوە کرد کە هیچ بنکە و سەنتەر و ناوەندێک لە نزیک ماڵەکەیاندا نییە تا منداڵەکەی لە خولی جیاجیادا بەشداری بکات و خۆیشی ئەو توانایەی نییە لە ناوەندی شاردا هاتوچۆ بە منداڵەکەی بکات.شارەزایانی دەروونی، پێیان وایە کە ئیشکردنی منداڵان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتووی ژیانیان دادەنێت.

پسپۆڕی دەروونناسی (نەوزاد کەلهوڕ)، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕوون کردەوە کە ئیشکردنی منداڵان لەسەر شەقام و بازاڕەکان، ئێستاکە لە کوردستاندا بووەتە دیاردەیەک کە بە زیانی داهاتووی منداڵان و کۆمەڵگەی کوردی دەشکێتەوە.(کەلهوڕ)، باسی لەوەیش کرد کە منداڵانی ئیشکەر کاتێک چاو لە هاوتەمەنەکانیان دەکەن کە لە ناز و نیعمەتدا دەژین، هەست بە کەموکورتییەکی زۆر لە ژیانیاندا دەکەن و جگە لەمانەیش، منداڵانی ئیشکەر بە هۆی ئەوەی کە ئاستی هۆشیارییان لە خوارەوەیە، لەوانەیە لە لایەن کەسان و باند و گرووپی ناحەزەوە تووشی مەترسی ببنەوە و ئەمەیش کاریگەرییەكی خراپی دەروونی لەسەر منداڵەکان دادەنێت و لەوانەیە خۆیشیان لە داهاتوودا گیرۆدەی پێڕۆکردنی توندوتیژی ببنەوە.
سلێمان تاشان
Sleman_aziz@yahoo.com






 
   
2009 © هه‌موو مافه‌کانی پارێزراوه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر