كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵ دەدات مەرجە پێویستەكانی سەلامەتی بۆ سەرجەم میوانخانەكانی هەرێم دابین بكات. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێریش، دەڵێت كە زۆربەی هۆتێلەكانی ئەو پارێزگایە، مەرجی سەلامەتییان تێدایە. لەگەڵ كرانەوەی هەرێم بە ڕووی جیهاندا لە ڕووی بازرگانی و گەشتوگوزارییەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو گەشتیارە بیانیانە لە زیادبووندایە كە ڕوو لە كوردستان دەكەن و، بۆ ماوەیەكی زۆر لە میوانخانەكاندا دەمێننەوە، بۆیەیش پاراستنی سەلامەتییان ئەركێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستانە. ڕووداوەكەی هۆتێل "سۆما"ـی شاری سلێمانی كە بە هۆیەوە 27 گەشتیار گیانیان لە دەست دا، لایەنە پێوەندیدارەكانی ئاگادار كردەوە بۆ ئەوەی بە جیددی بە هەیكەل و چۆنیەتیی میوانخانەكانی ئەو هەرێمەدا بچنەوە. سەرۆكی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی هەرێمی كوردستان (هێرش ئەحمەد)، بۆ "هەولێر" ئاماژەی دا كە ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆك و سبەی لە هەولێر و دووسبەیش لە پارێزگای سلێمانیدا، لەگەڵ خاوەنی هەموو هۆتێلەكاندا كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن. (هێرش ئەحمەد)، گوتی كە مەبەست لەو كۆبوونەوەیە، ئەوەیە كە لێكۆڵینەوە لە هۆتێلەكانی ئەو پارێزگایانەدا بكرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت تا چەند مەرجەكانی سەلامەتییان تێدا هەیە كە پێویستە لە هۆتێلدا بوونیان هەبێت. سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێم، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە لەو كۆبوونەوەیەدا چەند كۆمپانیایەكی بیانیی تایبەت بەو بوارە ئامادە دەبن، بۆ ئەوەی لە چۆنیەتیی تایبەتمەندیی هۆتێلەكان بكۆڵنەوە و، ئەو مەرجە سەلامەتییەیشیان بۆ دابین بكەن كە پێویستە هەیان بێت. لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر ئەندازیار (مەولوود جەبار)ـیش، بە "هەولێر"ـی گوت كە بە مەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان، ئەوان دوو لیژنەی پشكنینی بەردەوامیان هەیە و لیژنەیەك بە ڕۆژ و لیژنەیەكیش بە شەو لە سەعات 5ـی ئێوارەوە تا 10ـی شەو سەرجەم هۆتێل و بنكە گەشتوگوزارییەكان بەسەر دەكەنەوە. (مەولوود جەبار)، هەروەها ئاماژەی دا كە ئەو ڕێنماییانەی كە ئەوان جەختی لێ دەكەنەوە 13 ڕێنمایین و لە نێویاندا خاڵی هەشتەم ئاماژە بە سەلامەتیی گیانیی گەشتیاران دەكات، وەكوو بوونی ئامێری ئاگركوژێنەوە، پەیژەی دەربازبوون، زەنگی ئاگاداركردنەوەی دووكەڵ و ڕاهێنانی كارمەندان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێك. بە پێی گوتەی ئەو بەرپرسە، لەگەڵ ئەوەیشدا كە هەندێك كەموكوڕی هەیە، زۆربەی هۆتێلەكانی شاری هەولێر 100% مەرجی سەلامەتییان تێدایە. گوتیشی: "لەگەڵ وەزیری گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێردا كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و، تێیدا جەختمان لە چارەكردنی كەموكوڕییەكان و هاوكاریی هەموو لایەك لە كاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێكدا، كردووەتەوە." ئەندازیار (بیلال عەزیز)، دەڵێت كە ئەو هۆتێلە گەورانەی كە ئێستا لە هەولێردان وەكوو شیراتۆن و خانزاد و ئەوانەیش كە ئێستا دروست دەكرێن و خاوەنی چەند ئەستێرەیەكن، لە دروستكردنیاندا ڕەچاوی ستانداردی جیهانی كراوە و مەرجەكانی سەلامەتییشیان تێدا هەیە، بەڵام ئەو هۆتیلە بچووكانەی كە لە ناوەوەی هەولێردان و ساڵانێكە بنیات نراون، بە گوێرەی سیستمی ئەندازیاریی ئەو كاتە دروست كراون، بە جۆرێك ڕەنگە تێیاندا ڕەچاوی هەموو خاڵێك نەكرابێت. وەكوو ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بۆ دەكات، ئەركی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزارە كە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكات، ئەوەیش بۆ ئەوەی بزاندرێت تا چەند ئەو میوانخانانەی كە گەشتیاری ناوخۆ و بیانی دەحەوێننەوە، دەتوانن سەلامەتییان دابین بكەن. ڕەوەز كۆیی