شوبات 21, 2018

کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت و ئامانجەکانی

کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەنێوان (١٢ بۆ ١٤ی شوباتی ٢٠١٨) ەدا لە کوێت بەڕێوەدەچێ، لەو کۆنفرانسەدا عێراق مەبەستیەتی بڕی (١٠٠ ملیارد) دۆلار بۆ کەرتەکانی گواستنەوە و، پیشەسازی و کشتوکاڵ و، نەوت و وزە و بوارە جیاجیاکانی دیکەی خزمەتگوزاری پەیدابکات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی عێراقی لیستی (١٥٧) پرۆژەی بڵاوکردۆتەوە، ئەو پرۆژانە تەنها پەیوەست نین بەناوچە وێرانبوەکانی شەڕی داعش، بەڵکو بەشێك لەو پڕۆژانە بۆ ئەو ناوچانە تەرخانکراون بەتایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی (موسڵ) لەوانەش فڕۆکەخانەی موسڵ، وە هەندێکی دیکەیشیان پرۆژەی وەبەرهێنانی نوێن لەبوارە جیاجیاکاندا بۆ ئەوەی عێراق لەدەرەوەی کەرتی نەوت داهات دروستبکات.
لەو بارەیەوە (مودهر ساڵح) ڕاوێژکاری (حەیدەر عەبادی) بۆ کاروباری ئابوری گوتی، هەموو پڕۆژەکان بەسەریەکەوە نزیکەی (١٠٠ ملیارد) دۆلاریان تێدەچی، لەو پرۆژانە نزیکەی (١٦) پرۆژەی کە لەلیستەکەدا بڵاوکراونەتەوە پرۆژەی گەورەن کە هەریەکەیان نزیکەی(٥٠٠ ملیۆن دۆلار) یانه زیاتریان پێویستە

.
هەڵبەتە دروستکردنەوەی خانو و، نەخۆشخانە و، قوتابخانە و، کەرتەکانی گواستنەوە و گەیاندن و، بازرگانیەکان خاڵی سەرەکی دروستکردنی دەرفەتەکانی کارکردنن بۆ گەنجان، هەروەها بەکاری ئەو کەرتانە هاریکار و هەماهەنگیش دەبن بۆ کۆتایی هێنان بەئاوارەیی هاوڵاتیان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان.
لەنێو پرۆژەکاندا پرۆژەکانی دانانی هێڵی شەمەندەفەر سەرتۆپی لیستەکەن کە عێراق بەنیازە لە بەسڕەوە بۆ بەغداد و لەوێشەوە بۆ موسڵ هێڵێک ڕابکێشێت ئەو ناوچانە پێکەوەببەستێتەوە، پڕۆژەی هێلی شەمەندەفەری باشور لەبەسڕەوە بۆ بەغداد نزیکەی (١٣،٧ ملیارد) دۆلاری تێدەچێت و، هەروەها پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری باکور لە بەغدادەوە بۆ موسڵ نزیکەی (٨،٦٥ ملیارد) دۆلاری پێویست دەبێ، هاوکات هەر لەنێو پرۆژەکانی گواستنەوەدا عێراق بەنیازە پرۆژەی میترۆ لەبەغدای پایتەختی عێراق دروستبکات بەتێچوی (٨ ملیارد دۆلار).
ئەمەریکا پلانی بەشداری پێدانی پارەی نیە

:
بەپێی ڕاپۆرتێکی (دەنگی‌ئەمەریکا) بەرپرسانی ئەمەریکایی ئاماژەیان بەوەداوە ئەوان بەپێدانی پارە بەشداری لەکۆنفرانسەکەدا ناکەن بەڵام هانی وەبەرهێنەران دەدەن تاوەکو بەشداری لەئاوەدانکردنەوەی عێراقدا بکەن، بەشداری نەکردنی ئەمەریکا لەپێدانی پارە بۆ دابینکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیانی ناوچە سوننەنشینەکان لەلایەن چاودێرانەوە بەئەگەرێکی مەترسیدار حیسابی بۆدەکرێ بۆ گێرانەوەی دۆخی یاخیبون و ناسەقامگیری بۆ ناوچەکانیان.
لەبارەی ئامادەبونی ئەمەریکا لەو کۆنفرانسە و بەشداری پێشکەشکردنی دارایی بەرپرسێکی ئەمەریکایی بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێ، (ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئامادەی کۆنفرانسەکە دەبێ، وە ئەمەریکا پلانی نیە هیچ شتێک لەو بارەیەوە (پێدانی پارە) لەئێستادا ڕابگەێنێ.
واشنتن هانی وەبەرهێنەران لەکەرتی تایبەت و، وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی وڵاتانی سوننی باڵادەستی ناوچەکە لەوانە عەرەبستان دەدات تاوەکو پارە بدەنە عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان هاوکات لەپێناو کەمکردنەوەی هەژمونی ئێرانیش لەسەر عێراق

.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نزیکەی (٢٣٠٠) ئەندام لەکەرتی تایبەت بەشداری لەو کۆنفرانسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا دەکەن، لەوێ قسە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاکانی یارمەتیدانی عێراق و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆسەکانی ئاوەدانکردنەوەکە دەکەن.
شیاوی باسکردنە، لەکۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەکوێت، پرۆژەکان بەشێوەی جیاجیا و پێویستی بۆ هەموو ناوچەکانی عێراقن بەهەرێمی کوردستانیشەوە، ئەو کۆنفرانسە دەرفەتێکی گرنگ دەبێ بۆ عێراق تاوەکو سەرنجی وەبەرهێنەران و وڵاتانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕابکێشێت بەشداری بکەن لەهاوکاری ئاوەدانکردنەوەی عێراق.
نوێنەران و وەبەرهێنەران لەیەکیەتی ئەوروپا و، ئەمەریکا و، وڵاتانی کەنداو و، وڵاتانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەبن.
ئەوەی کەتاوەکو ئێستا لەلایەن ئەمەریکاوە بەدیدەکرێ تەنها هانی وەبەرهێنەران دەدات تاوەکو بەشداری لەئاوەدانکردنەوەی عێراقدا بکەن، لەو بارەیەوە (جێرمی کۆنیندایک) لەنێوان ساڵانی (٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧) بەرپرسی ئاژانسی ئەمەریکا بوە بۆ گەشەی نێودەوڵەتی گوتی، بەبەشدارینەکردنی ئەمەریکا لەئاوەدانکردنەوە بەتایبەتی لەو ناوچانەی شەڕی لێبوە و زۆرینەیان سوننەن، ئەوا ئیدارەی (ترەمپ) یارمەتیدەردەبێ بۆ سەرهەڵدانەوەی یاخیبون لەو ناوچانەدا.
هەروەها گوتیشی ئەو موڤیەمان پێشتر بینیوە، ئەگەر ئەمەریکا پارە بۆ ئاوەدانکردنەوە دابین نەکات ئەوا مەترسیەکی ڕاستەقینەدەبێ، کە ئێستا شەڕمان بردۆتەوە و، ئاشتیش دەدۆڕێنین.
هەر لەسەر بەشداری ئەمەریکا لەو کۆنفرانسەدا، بەرپرسێکی ئەمەریکا لەعێراق گوتی، ڕۆڵی ئەمەریکا لەکۆنفرانسی کوێت ئەوەدەبێ کە تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکان بۆ دۆزینەوەی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لەکەرتی تایبەت یان بەشداری هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەتی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی عێراق. هەروەها گوتیشی ئێمە کۆمپانیاکان کۆدەکەینەوە ئەوانەی دەڕواننە عێراق، یان لەوانەیە قسە لەسەر ڕێگاکان بکەین بۆ چۆنیەتی پێدانی پارە بۆ پرۆژەکان

.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمەریکا کە لەمانگی کانونی دووەمی (٢٠١٨) ەدا ڕایگەیاندوە، پلانیان هەیە نزیکەی (١٥٠ ملیۆن) دۆلار تەرخانبکەن بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێڕاق، کە ئەو بڕە پارەیە بۆ دابینکردن و دروستکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و، بازرگانی بچوک خەرجدەکرێ، هەڵبەتە بەو بڕە هاریکارییە داراییانەی کە پێشوترەوە لەساڵی (٢٠١٥) ەوە ئەمەریکا بۆ عێراقی دابینکردون دەکاتە (٢٦٣ ملیۆن) دۆلار.
هەروەها ئەمەریکا لەوەتەی ساڵی (٢٠١٤) ەوە نزیکەی (١،٧ ملیارد) دۆلاری بۆ یارمەتیە مرۆییەکان لەعێراق پێشکەشکردوە، کە گەورەترین بەخشەری نێودەوڵەتی بوە بۆ قەیرانەکانی عێراق

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.


Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.