کانونی دووەم 22, 2018

بەغدا ئامادە نییە ھاوکاریی ئاوارەکانی خورماتوو بکات

ئاوارەکانی خورماتوو لە گەرمیان ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن و بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی گەرمیانیش دەڵێ، نە عێراق و نە ڕێکخراوەکان ئامادە نین ھاوکاریی ئاوارەکانی خورماتوو بکەن.

خەبات ڕەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە ھۆی نزیکیی سنووری جوگرافیی زۆربەی ئاوارەکانی قەزای خورماتوو دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویان لە دەڤەری گەرمیان کردووە و لە کەلار و کفری و دەوروبەری نیشتەجێ بوون، بەڵام بە ھۆی نەبوونی کەمپەوە زۆرێک لە ئاوارەکان لە خانوودا نیشتەجێ بوونە و تا ئێستا ئامارێکی دەقیق لەبەردەستمان نییە بۆ ئەوەی بزانین ژمارەیان چەندە، چونکە ئاوارەکانی خورماتوو زۆرێکیان ئامادە نین لە نێو کەمپەکاندا نیشتەجێ بن.
پێشتر شاکر یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لەھەمبەر ئاوارە کوردەکان و بەغدا بۆ ئاوارەکانی مووسڵ و حەویجە بودجەیەکی تایبەتی تەرخان کردبوو، بەڵام ئامادە نییە کەمترین بودجە بۆ ئاوارە کوردەکانی کەرکووک و خورماتوو تەرخان بکات.
لەبارەی ھاوکاریی ئاوارەکانەوە، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ لە گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەداخەوە تا ئێستا ڕەوشی ئاوارەکانی خورماتوو وەک پێویست نییە، لەبەر ئەوەی نە ڕێکخراوە بیانییەکان و نە حکوومەتی عێراق ھاوکارییان ناکەن، تەنانەت وەزیرە کوردەکەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جگە لەوەی لە سەرەتاوە چەند کامیۆنێکی ھاوکاری گەیاندە ئاوارەکان، دواتر پشتگوێ خراون.
خەبات ڕەشید گوتی: بە ھۆی پشتگوێخستنیان ئاوارەکان لە ژیانێکی سەختدان و ڕۆژانە سەردانمان دەکەن، کێشەکە لەوەدایە لە ترسی تاوانەکانی حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارانی ئێستا، خەڵکی قەزاکە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
لە KDPەوە

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.