شوبات 21, 2018

ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەستپێکردنە لەئابورییەوە، هێنــــانـەوەی کۆمەڵگا تێکشکاوەکانە بۆناو یەکتری و پێدانی دەسەڵاتە بەخەڵک

(ئەلستەر بێرت) وەزیری دەوڵەت بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە (هیوف‌پۆست) دا ڕاپۆرتێکی لەسەر دواڕۆژی عێراق نوسیوە، تیایدا نوسەر ئاماژەی بەگرنگی یەکگرتوویی عێراقیەکان کردوە هاوشانی بیناکردنەوەی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی وڵاتێکی ڕێچکە سەرکەوتوو و سەقامگیر دابڕێژنەوە.

پار ئەو دەمانە، هێزە ئازاکانی عێراق لەشەڕی دژی داعشدا بوون لەیەکێک لەچڕترین شەڕەکانی نێوشاردا کە لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە بەئاڵۆزترین شەڕ دادەنرێ، ئەویش شەڕی ڕزگارکردنی موسڵ بوو لەژێر دەستی داعش.
ئەمڕۆکە هێشتا ترس و ئازارەکانی ئەو شەڕە دەبینین، کاریگەرییەکانی لەڕۆژئاوای موسڵ گەورەن، بەنزیکەیی زۆربەی خانوەکانی تێکچون، لەکاتێکدا زۆربەی خاشاک و خۆڵ و لاستیکی کۆڵانەکان لابردراوە، بەڵام شەقامەکان هێشتا لەمین و تەقەمەنیەکان پاکنەکراونەوە.
نوسەر لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا نوسیویەتی، بیناکردنەوە یان ئاوەدانکردنەوەی عێراق زیاترە لەدانانی خشت و خانوو، ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەستپێکردنە لەئابورییەوە، هێنانەوەی کۆمەڵگا تێکشکاوەکانە بۆناو یەکتری و پێدانی دەسەڵاتە بەخەڵک بۆ ئەوەی لەماڵەکانی خۆیانەوە پشتگیری ئەو ڕێڕەوەبکەن.
سەرکردەکانی نێودەوڵەتی لەکۆنگرەی کوێتن بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، بەریتانیا بەتوندی دەوەستێت وەکو هاوبەشێکی درێژخایەن بۆ یارمەتیدانی عێراق لەهەڕەشەکان و هەروەها گێرانەوەی ئاسایش و سەقامگیری، دیارە ئەوە ئەو بەڵێنەیە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەکاتی سەردانی بۆ عێراق لەتشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بەبەرپرسانی عێراقی داوە.
(بێرت) لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ، لەکۆنفرانسەکەدا ڕۆڵ و دەوری بەریتانیاتان بۆ ڕووندەکەمەوە، کەچۆن بەشێوەیەکی بەهێز و بەبەکارهێنانی شارەزایانمان بۆ بەدەستهێنانی گەورەترین کاریگەری کاردەکەین. ئەوە ئەوەدەگەێنێ ئامانجەکانمان لەپێناو دابینکردنی یارمەتیە مرۆییەکاندا کۆدەکەینەوە و بۆ یارمەتیدانی زۆرترین خەڵکانێک کەپێویستیان بەیارمەتی و چادێرییە.
بەریتانیا هەموو ساڵێک نزیکەی (یەک ملیارد دۆلاری) بۆ هاریکاری دەرەوە دابینکردوە، وە بۆ ماوەی (١٠ ساڵی) داهاتوو یارمەتی کۆمپانیا بەریتانیاییەکان لەگەیاندنی پرۆژەی گەورەی ژێرخانی وڵاتەکە دەکەین.
هەر لەسەر کارو چالاکیەکانی بەریتانیا نوسەر نوسیویەتی، لەمانگی ڕابردوودا ڕێکەوتنێکمان ڕاگەیاند بۆ خزمەتگوزارییەکانی بەریتانیا لەجیهان و چاککردنەوەی تۆڕباینەکانی هەوا و، پێدان و دابینکردنی کارەبا بۆ ملیۆنان کەس لەعێراق کە پشتی پێ دەبەستن. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی گەورەترین نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە دەکەین، شارەزا ئازاکانی بەریتانیا کار لەگەڵ عێراقیەکان دەکەن بۆ ڕاماڵین و خاوێنکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەکانی موسڵ لەتەقەمەنی و مینەکان، ئەو ئیشە کەچەند مانگێکە دەستی پێکردوە و وە بەردەوامیشە.

پاکێجی نوێی بەریتانیا:
وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا کەبەشداری کۆنفرانسەکەی (کوێت) ە لەنوسینەکەیدا دەڵێ، ئەمڕۆ پاکێجی تازەی بەریتانیا ڕادەگەێنم کە هاوکاری و یارمەتی فریاگوزاری بەریتانیایە بۆ ئەو پێویستیانەی لەوێ زۆر پێویستین، ئەویش ژمارەی ئەو خانوانەی کەوا لەڕۆژئاوای موسڵ دروستیان دەکەین دەیانکەین بەدوو ئەوەندە، هەروەها ئاوی خاوێن دابیندەکەین بۆ نزیکەی نیو ملیۆن خەڵکی ئەو ناوچەیە تاوەکو نەکەونە بەر شاڵاوی کۆلێرا و ڕێگربێ لە نەخۆشیەکانی دیکە. بەڵام هەموو ئەو شتانە بێ ئەنجامدەبن ئەگەر بێتو یارمەتیدەرنەبین بۆ بیناکردنەوەیەکی بەهێز و، لێبوردەیی کۆمەڵگایەکان کە هەموانی پێکەوە تێدابن.
بەرهەڵستی گەورە بەڵام کاریگەر و گرنگ ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان چاکبکەینەوە کەوا بەهۆی توندوتیژیی و شەڕی داعشەوە دابەشبون و، ڕق و کینە و دووبەرەکی زیاترکردوە لەنێوانیاندا. دواڕۆژی ئەو وڵاتە پشتدەبەستێتە سەر پاڵپشتی هەموو عێراقیەکان جا ئاین و نەتەوە و، پێکهاتەیان هەرچیەک بێت.
سوننی و، شیعە و، یەزیدی و، هەموو ئاینەکانی دیکە پێویستە لەناودابن و، نوێنەرایەتی یەکگرتویی عێراق بکەن، عەرەب و کورد و تورکمانەکان پێویستە پێکەوە خۆیان دروست و چاکبکەنەوە. ئاشتبونەوەی بەپەلەی پێکهاتەکان یەکێکە لەگرنگی و پێویستیەکان بەپەلەکان.
لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا و لەبارەی پاکێجی بەریتانیا بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق نوسەر نوسیویەتی، ئەو خەڵکە گەنجانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا گەورەبون دژوارترین ئازاریان چەشتوە، ئەوان توشی لێدان و زۆری و، مێشک شوشتن و، چەندین تاوانی دیکەبوون لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە. ئەو کەسانەی ڕزگاربون پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی تەندروستی مێشکی هەیە تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە و ژیانێکی ئاسایی بژین، ئەوان پێویستیان بەوەیە ببینن کەئەوانیش لەدواڕۆژی عێراقدا جێیان هەیە.
بۆیە حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ یونسێف دا کاردەکات بۆ پێدانی پشتگیری تایبەت بۆ ئەو کەسانە، دابینکردنی یارمەتی لەڕووی یارمەتی دەروونی و ڕاوێژکارییەوە بۆ نزیکەی (١٢ هەزار) منداڵی عێراقی کە پێویستیان بەچاودێری تایبەت هەیە و لەو ئازارانەدەن، وە بەشێکیان کەسوکارەکانیان لەدەستداوە. بەپاڵپشتیکردنی ئەو منداڵانەی پێویستیان بەچاودێری تایبەت هەیە یارمەتیدەردەبین بۆ دڵنیابون لەوەی جارێکی دیکە توندڕەوی چەکداری لەعێراق نەێتەوە، هەروەها بەدڵنیاییەوە ئەو هەوڵانە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئێمە خۆشمان، وە هەموو کارێک دەکەین کەپێمان بکرێ بۆ وەستاندنی داڕووخانی وڵاتەکە بۆ ناو ئاژاوە و بیری ئایدولۆژی.
کەوابێ دواڕۆژی عێراق دادوەری یان حوکمی لەسەردەدرێ نەک لەسەر ژمارەی دروستکردنەوەی خانوەکان و، یان چۆن ژێرخان و دامەزراوەکان بەزوویی دەکەونەوە کار، ئەگەرچی ئەوانەیش پێوەری گرنگن بەڵکو دەکرێ حوکم لەسەر دواڕۆژی عێراق بدەین کە ئاخۆ کۆمەڵگا دابەشبوەکان دێنەوە یەک و پێکەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیری دەدەن

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.