
ههولێر
خەندەكانی منداڵیم
سادەو ساكارو پڕچێژن
لەگەڵ خەونەكانی لاویەتیم
بەڕۆژی روناك دەینێژن
****
دڵم وەك پارچە شوشەیێ
هەزارانجار شكاوە
فرمێسكیشم بەسەر خاكدا
وەك نمە باران تكاوە
****
ئیدی مەڵێن رۆژ یاخیەو
مانگە شەویشت تاریكە
خۆشم نازانم رێی دڵم
بۆ هێندە تەسك و باریكە
****
لەوانەیە هەندێ هیوا
لەبەر دەستمدا فڕیبێ
بەڵام قەت نەمدیوە دوژمن
فرمێسكەكانمی سڕیبێ
****
ئێستا هەر خۆم و منداڵیم
خوایە وەتەن دەڵێینەوە
یان بەپیری بەیەك دەگەین
یان لە خاكا دەتوێینەوە.