تشرینی یەکەم 24, 2021

روحا تا مانگێكی تر، سوور دادەگەڕێت

لە روحای باكووری كوردستان، وەرزی وشكەوەكردنی سوورەبیبەرە هارە دەستی پێكردووە، كە داهاتی ئەو بیبەرە بۆ هەزاران خێزانی ئەو شارە گرنگە و، بژێوی ژیانیانی پێ دابین دەكەن. كە سوورەبیبەری تیژ وشكەوە دەكەن، لە زەوییەكی گەورەی بەتاڵدا کۆی دەكەنەوە، پاشان لە سەربانی ماڵەوە وشكی دەكەنەوە، بەمەش شارەكە بە رەنگی سوور دادەپۆشرێت.

هەموو ساڵێك لە مانگی ١٠دا، لە روحا بە سەدان تەن بیبەری سووری تیژ وشک دەكرێتە وە؛ خێزانەكان بیبەرەكە كۆ دەكەنەوە و ئینجا بژاری دەكەن، پاشان لە سەربانی ماڵەوە وشكی دەكەنەوە، بیبەرەكەش دەبێت تەنیا رەنگی سوور بێت.
محەمەد مەڕمەڕ، یەكێكە لەو كەسانەی بە سەدان تەن بیبەری سووری لە كێڵگەكاندا كڕیوە، دەیهێنێتە روحا و لەوێ لەگەڵ خێزانەكەیدا وشكی دەكەنەوە. دەیانی تری وەكوو محەمەد هەمان شت دەكەن بۆ بژێوی ژیانیان.
مەرمەر لە لێدوانێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (هەولێر) دەڵێت: ”كاتێك بیبەری سوور دەخەینە بەر خۆر، دوای چەند رۆژێک ئاوەكەی لێ هەڵدەچێت، پاشان پڕۆسەی وشكبوونی بیبەری سووری تیژ دەست پێدەكات. بەڵام پڕۆسەكە دەیمێنێت و دوای وشكەوەبوون، دەبێت بخرێتە ناو نایلۆنێكەوە و دووبارە لە سەربان وشك بكرێتەوە و، دوای چەند رۆژێک ئیدی دەبێت زەیتی زەیتوونی پێدا بكەیت تا ببێتە ئەو بیبەرە تیژەی لە بازاڕدا پارەیەكی باش دەكات“.
بە گوێرەی گوتەی مەڕمەڕ، لە ١٠ كیلۆ بیبەری تیژی سوور، دوای وشككردنەوە یەک كیلۆی لێ بەرهەم دێت، بەڵام ئەو كیلۆیە بە نرخی ٧٠ لیرە دەفرۆشرێت و لەناو روحاش ناوبانگی ئەو بیبەرە تیژە زۆرە و بەرناكەوێت بۆ كڕین.
بەشێكی زۆری خێزانەكانی روحا خەریكی وشككردنەوەی بیبەری سووری تیژن، چونكە بۆ بژێوی ژیانیان گرنگە. هەروەها چەندین قوتابی و تەنانەت ئەو كەسانەی لە كۆلێژیش دەخوێنن لەگەڵ دایك و باوكیاندا ئەو كارە دەكەن بۆ بژێوی ژیانیان.
بە گوێرەی زانیارییەكان، پڕۆسەی فرۆشتنی بیبەری سووری تیژ بە كۆمەڵە، بۆ نموونە هەیە چەند ئافرەتێك دەگرێت و بۆ بژاردەكردنی هەر ٣٠ كیلۆیەكی بیبەری سووری تیژ هەشت لیرە دەداتە هەر ئافرەتێك، كاتێك دیفرۆشێتەوە لەو ٣٠ كیلۆیە نزیكەی ٥٠ لیرەی دەستدەكەوێت.
فاتمە نوور تونج قوتابی ئامادەییە، ئەو خەریكی بژاردەكردنی بیبەرە و، بۆ (هەولێر“ دەڵێت پڕۆسەی وشككردنەوەی بیبەری سووری تیژ زۆر گرانە بەو گەرمایە، بەڵام بۆ ئەوەی هاوكاری خێزانەكەم بكەم و داهاتێك بۆ خوێندنەكەم بەدەست بهێنمم ئەو كارە دەكەم.
ئەوەی وای كردووە میدیاكانی توركیا گرنگی پێ بدەن، ئەو سیما جوانەیە كە لە مانگی ١٠ دا بە روحای دەدات، چونكە كاتێك بیبەری سوور لەسەر سەربانەكانیان وشك دەكەنەوە، بەشێكی زۆری ئەو شارە بە رەنگی سوور دادەپۆشرێت و وێنەی جوان دەگرن و بڵاوی دەكەنەوە.
هەروەها بیبەری وشككەرەوەی سووری تیژی روحا، دەركردەی شارە گەورەكانی توركیا دەكرێت و كڕیاری زۆری هەیە، بەتایبەت ئیستانبۆڵ.
جگە لەوەش كاتێك گەشتیار سەردانی روحا دەكەن، بە تایبەت داوای ئەو بیبەرە سوورە دەكەن و لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە

 

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 07 ئەیلول 2021 11:09
© 2017 Hawler