ئازار 30, 2020

محمد لادێ - هه‌‌ولێر

 

بێگومان برنج یەکێکە لە هەرە خۆراکە بە تام و بەهادارەکان و لەهەمان کاتیشدا لێنانی ئاسانە، بەڵام ئایا بە شێوەیەکی دروست ئامادەی دەکەین؟

بە دڵنیاییەوە هەموو ئەوە دەزانین کە ئەگەر بمانەوێت ژەمێکی بە تام ئامادە بکەین، نابێت برنجێکی ورد بەکار بهێنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند هەڵەیەکی باو هەیە کە لەکاتی ئامادەکردنی برنجدا دەیانكەین، کە لە تام و بەها خۆراکیەکانی کەم دەکاتەوە لێرەدا بە چەند خاڵێک ئەو هەڵانە دەخەینە ڕوو:

1. لێنانی برنج لەناو مەنجەڵێکی هەڵەدا؛ هەمێشە هەوڵ بدە مەنجەڵێک بەکار بهێنیت کە بنێکی ئەستوری هەبێت بۆ ئەوەی گەرمی بە یەکسانی بە هەموو لایەکانی مەنجەڵەکەدا بڵاو ببێتەوە، چونکە بە پێچەوانەوە مەنجەڵی تەنک وا دەکات ئەو بەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاگرەکەیە بسووتێت و بەشەکانی تریش گەرمیەکی کەمیان پێ دەگات.
2. تێکەڵکردنی ڕێژەیەکی نادروست لە پێکهاتەکان؛ ڕەنگە شێوازی ئامادەکردنی برنجەکە لە بەرگەکەیدا ئاماژەی پێکرابێت، بەڵام ئەو ڕێنماییانە هەمیشە ئەنجامی دروست نادەن بە دەستەوە، بۆیە پێویستە پابەند بین بە بەکارهێنانی ڕێژەی دروست کە بۆ هەر175 تا 185 گرام برنج پێویستمان بە 240 مللتر ئاو هەیە، بەڵام ئەگەر برنجی قاوەیی بەکار بهێنین پێویستمان بە300 مللتر ئاو هەیە بۆ هەر175 تا185 گرام برنج.
3. ڕێگەنەدان بە دروستکردنی بڕی هەڵمی پێویست؛ ئاشکرایە کە هەڵم لە لێنانی برنجدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، بۆیە پێویستە دوای تەواو کوڵان و نەمانی ئاوی برنجەکە ڕێگە بدەین هەڵمێکی باش لەناو مەنجەڵەکە دروست ببێت، ئەمەش بە دانانی لەسەر ئاگرێکی کز و داخستنی سەری مەنجەڵەکە کە وا دەکات برنجێکی بە تاموچێژ و بێ کە وکووڕی ئامادە بکەین.
4. تێکدانی برنج ؛ هەرگیز برنج تێک مەدە لە کاتێکدا کە هێشتا لە باری کوڵاندایە و ئاوی تێدا ماوە، چونکە بەم کردارە دەنکۆلە نیشاستەکانی ناو برنجەکە چالاک دەبن و لە برنجەکە جیا دەبنەوە و دەبنە هۆی نەرمبوون و پێکەوەنووسانی دەنکەکانی برنجەکە،، بۆیە هەتا دەکرێت لە تێکدانی خۆ بپارێزە.
5. تێنەکردنی خوێ؛ تێکردنی خوێ لە برنج جگە لەوەی تام و بۆنێکی سەرنجڕاکێش بە برنجەکە دەبەخشێت هەروەها ناهێڵێ برنجەكەیش ورد بێت، بۆیە پێویستە هەر لەگەڵ دەس کردن بە لێنانی خۆێی تێ بکرێت.

© 2017 Hawler