ئازار 30, 2020

تارا محەمەد ئەمین: تابلۆکانم هەمەڕەنگن و کاری جیاواز دەکەم تابتوانم لە هەموو دەرگاکان بدەم

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

تارا محەمەد ئەمین تەمەنی ٥٢ ساڵە و خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی دانیمارکە. وەک خۆی لەم دیمانەیەی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" تابلۆکانم هەمەڕەنگن و زۆرکاری جیاواز بەسەر دەکەمەوە تابتوانم لە گشت دەرگاکان بدەم.


لەسەر چالاکییەکانت بدوێ؟سەرەتای چالاکییە هونەرییەکانم دەگەڕەێتەوە بۆ ساڵی1989، کە یەکەم پێشانگای هاوبەشم بوو لەگەری دەبۆکە لەگەڵ هاوڕێم ( ڕوناک عوسمان)، لەساڵی 1998 لە کتێبخانەی شاری کۆنگسبێرک لە ووڵاتی نەرویج پێشانگەیەکی هاوبەشم لەگەڵ( ئەنوەر سابیر) ی هاوسەرم کردەوە، هەروەها لەساڵی 1999 پێشانگای هاوبەشم لە شاری ڕاولاند لە تەلەمارک لەگەڵ هاوسەرم کردەوە، لەساڵی ١٩٩٨ و ٢٠٠٦ بەشداری پێشانگای ساڵانەی یانەی شاری کۆنگسبێرگم کردووە، لەساڵی 2007 پێشانگایەکی هاوبەشم لەگەڵ هاوسەرم کردەوە لە هۆڵی گەلەری مۆزەخانە لە سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بەشداری پێشانگای هاوبەشم کردووە لە نەرویج لەگەڵ کۆمەڵەی هونەری شێوەکارانی شاری (فرێدریکستاد)، لە ساڵی 2019 پێشانگای هاوبەشمان کردووە لەگەڵ ئەنوەر سابیر لە شاری (فرێدریکستاد )لە نەرویج.

لەکەیەوە دەستت بە نیگارکێشان کردووە؟
چرۆکردن وئارەزووی وێنەکێشان لای من لەتەمەنی نۆ ساڵانەوە سەوز بوو.

نەخشاندن لای تۆ چ مانایەک دەبەخشێت؟
نەخشاندن ئەگەر لە پێناسە کارایەکەیەوە باسی بکەم، پاڵنەرێکی مێژووییە و ئازاری گەلێک و کاردانەوەی دیمەنەکانە، هەروەها وەکو دەبینرێ تابلۆکانم هەمەڕەنگن و زۆرکاری جیاواز بەسەر دەکەمەوە تابتوانم لە گشت دەرگاکان بدەم.

چۆن بوو دونیای هونەرت هەڵبژارد؟
هەستم کرد هونەر بەشێکی دانەبڕاو و کاریگەری دووبارەبوونەوەی زۆری هەبوو لەسەر ڕۆح وهەستی ڕۆژانەم، بۆیە هونەر پێشەنگ بوو لای من و هونەرم هەڵبژارد.

تا ئێستا بەشداری چەند پێشانگات کردووە؟
بەشداری ١١ پێشانگای هاوبەشم کردووە.

خۆشەویسترین تابلۆ لای تۆ چ یایبەتمەندی و جیاوازییەکی هەیە؟
کۆی تابلۆکانم لای من خۆشەویستن، بەتایبەت پۆرترێتی دایک و باوکم کە بە قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ کێشاومە و زۆرم خۆشدەوێن و زۆریش‌ بەنرخن لەلام، هاوکات ئەو تابلۆیانەی کە بۆمێژوو نەهامەتی گەلەکەمان یان ڕووداوێکی نەخوازراو یان پاڵنەرێک کێشاومە، ئەو جۆرە کارانەم لەگەڵ بەکارهێنانی بڕێک فەنتاسیایە، کە ماناو ئاماژەیەکی جوان ببەخشێ یان سوودێ بگەیەنێ یان کێشەیەک چارەسەر بکات، ئەمانەش نرخ و بەهای خۆیان هەیە.

جوانترین پەیامی تابلۆکانت چییە؟
دەکرێت بڵێم هەر تابلۆیەکم گوزارشتێکی تایبەت بەخۆی هەیەو بۆ کات و زەمەن و ڕووداو و مێژوو وێنەم کێشاوە، هاوکات جیاوازن لە بەکارهێنانی کەرەستەکانی شێوەکاریدا، لەبەر ئەو هۆکارانە ئەستەمە پەیامێک لەکۆمەڵێک تابلۆی جیاوازدا کۆبکرێتەوە.

فەلسەفەی هونەر چییە؟
بە تێڕوانینی‌ من فەلسەفەی هونەر سەرەتا ناوەرۆک و مێژووە، گرێ دراوە بە داهێنان و ئازادی و سەربەستی ڕەها لە ئایدیا، هاوکات ئێستاتیکاش تەواکەریەتی.

© 2017 Hawler