نیسان 07, 2020

چاوان فەرەیدوون: بەوێنە ڕۆمانتیکییەکانم ڕوخسارێکی خەماوی و ماندوو پیشان دەدەم

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

خانمە نیگارکێش چاوان فەرەیدون تەمەنی ٢٣ ساڵە و لەدایکبووی شاری سلێمانییە و جگە لەکاری ھونەری سەرقاڵی خوێندنی زانکۆیە لە بەشی بازرگانی. وەک خۆی لەم دیمانە تایبەتەی ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ، بۆ وێنەکێشان جگە لە ڕێبازی ریالیزم رێبازی رۆمانتیکی زۆر سەرنجم ڕادەکێشێت، دەشڵێت، پێشانگایەکی جیاواز دەکەمەوە و دەمەوێت هەموو کەسێک لە پەیامی تابلۆکانم تێبگات.

چۆن تێکەڵ بە دونیای وێنەکێشان بوویت؟
ھونەری وێنەکێشان بەھرەیەک بوو کە هەر لە منداڵیەوە ھەم بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی حەز و خولیای زۆرم بۆی نەبوو زۆر پەرەم پێنەدەدا و بە منداڵی ھەرگیز خەونم بەوەوە نەبینیوە کە ڕۆژێک ببمە وێنەکێش و زیاتر خولیای ڕاگەیاندن و شانۆم بووم و لە ھەردوو بوارەکەشدا کارم کردووە، بەڵام ھەستم دەکرد کە پێش ناکەوم تێیدا لەبەر ئەوەی پشتگیری و هەلومەرجێکی باشم بۆ نەڕەخسابوو بۆیە لە ھەردوو بوارەکە دابڕام،، من زۆرک ەم وێنەم دەکێشا بەڵام دەوروبەرەکەم پاڵپشتییان دەکردم بۆ ئەوەی بەردەوام بم و ھونەر بکەمە پیشەیەک بۆخۆم و، لە وێنەی کەسە نزیکەکانی خۆمەوە دەستم پێکرد و بێ گومان سەرەتا بە نائەکادیمی دەستم پێکرد، چونکە من کەسێکی ئەکادمی نەبووم و فێرگەیەک نەبووە کە گرینگیم پێبدات.
کاریگەریی کام ڕێبازت لەسەر بووە بۆ وێنەکێشان؟
سەرەتای دەستپێکردنم بە وێنەکێشان کاریگەریی ھونەری ریالیزمم لەسەرم بوو کە شێوازێکی سەردەمی ھونەری بوو، ئەم شێوازە جیاوازە لە رێبازەکانی تری وەک سریالی و ڕۆمانتیک، کەمتر ڕەنگدانەوەی ڕۆحییە بەڵکو رەنگدانەوەیەکی واقعیە، واتە ئەوشتەیە کە تۆ وێنەی دەکێشیت و لە راستیدا ھەیە و لە خەیاڵەوە نەھاتووە. ئەم ھونەرە لە ئەورووپاوە سەری ھەڵدا کە وێنەکێشی فەرنسی (Gustave Courbet گوستاف کوربێت) پێشەنگ بوو لە پەرەپێدانی ئەم ڕێبازە و خۆشبەختانە ئێستە لەناو کوردیشدا شێوەکاری زۆر بەتوانامان ھەیە، کە لەسەر ئەم ڕێبازە کار دەکەن. جگە لە ریالیزم رێبازی رۆمانتیکی زۆر سەرنجم ڕادەکێشێت و بەتەواوەتی دەربڕینی تێڕوانینتە بۆ دەوروبەر و ئەو رووداوانەی کە ڕوودەدەن، بۆیە لە ئێستادا ھونەرم لە قاڵبی حەزو ئارەزوو دەرھێناوە و کردوومەتە پیشەی خۆم.
تا ئێستە چەند پێشانگای هاوبەش و تایبەتت کردۆتەوە بۆ وێنەکێشان؟
تا ئێستە هیچ پێشانگایەکی تایبەت بەخۆم نەکردۆتەوە. بەڵام بەتەمام لە داهاتوودا پێشانگایەک بکەمەوە تایبەت بەخۆم نەک هاوبەش، چونکە دەمەوێت پێشانگایەکی جیاواز بێت و شێوازی نمایشکردنی تابلۆ کانیش جیاواز بێت و هەموو کەسێک بتوانێت لە پەیامی تابلۆکان تێبگات.
خۆشەویستترین تابلۆ کە کێشابێتت تا ئێستە کامەیە؟
وێنەی کارەکتەری زولەیخا زۆر خۆشەویستە لام کە تا ئێستە کێشاومە، چونکە لای من وێنەی ئەو کارەکتەرە زۆر پەیام لەخۆی دەگرێت وەک خەم و چاوەڕوانی و کۆڵنەدان. بینەر دەتوانێت لە ھەر لایەکەوە پەیامێک وەربگرێت و ھاندەرێکی باش بێت و پەیامی ئەم تابلۆیە نیشاندەری ئەو راستیەیە کە مرۆڤ چەند خاوەنی پلەوپایە بێت چەند لەلوتکەدا بێت ڕۆژێک ھەر دەبێت لە لایەنێکی ژیانیدا شکست بێنێت، بۆیە دەبێت ھەمیشە کەوتنمان لەپێش چاو بێت و گومڕا نەبین. جگە لەو تابلۆیانەی کە لەسەر داخوازی خەڵک دەیکێشم و پەیامم تەنیا نیشاندانی توانای دەست و نیگارکێشانمە، بەڵام ئەو کارانەی کە لەچوارچێوەی ڕیالیزمدا نین بەردەوام روخسارێکی خەماوی و ماندوو نیشان دەدەم. ئەمەیش رەنگدانەوەی ژیانی خۆم و دەوروبەرەکەمە و مەرج نییە ھونەرمەند پەیوەست بێ بە گەیاندنی پەیامێکی دیاریکراو و بەپێی بارودۆخیش پەیامی ھونەرمەند دەگۆڕێت و زۆربەی کاتیش کارە ھونەرییەکان بە نیازی پێزانین بەو جوانی و ھەست و سۆزە بەھێزانەی کە دەیبەخشن دروست دەکرێن.
بەکێ دەوترێت هونەرمەندی وێنەکێش؟
لای من ھونەر بەرجەستە کردنێکی ڕۆحیە بۆ کێشانی تابلۆیەک و پێویستە سەرەتا لە مێشک و ھزری خۆت دروستی بکەیت ئەنجا لەڕێی دەستەکانتەوە بیگەیەنیت بە بینەر، بۆیە مەرج نیە ئەوەی دەستی وێنەکێشانی ھەبێت ھونەرمەند بێت چونکە ھونەر لە ناخی مرۆڤەکانەوە دروست دەبێت و ھونەرمەند خاوەنی ئیلھامە، من پێموایە بۆ ئەوەی تابلۆیەکی جوان بێتە بەرھەم یان پارچە موزیکێک یان ھەر بەرھەمێکی تری ھونەری سەرەتا پێویستە پاڵنەرێکی ڕۆحیت ھەبێت و ھەستێک لەناختدا ھەبێت ئینجا لەرێگای بەکار ھێنانی جەستەت و ئەمرازەکان بیگەیەنیتە بەرامبەرەکەت، ڕوونکردنەوەیەکی گشتی لەسەری ئەوەیە کە ھونەر کردارێکی هزرییە و لەگەڵ کرداری پەیوەندیداری تر وەکو، داھێنان و بەرھەمھێنان لە لقەکانی فەلسەفەدا باس کراوە.
ئامانجت چییە لەناو دونیای وێنەکێشان؟
ئامانجم ئەوەیە بگەمە ئاستێکی زۆر باشتری ھونەری و کار لەسەر ڕێبازە جیاوازەکانی ھونەر بکەم، بەدەر لەوەش دەمەوێت وەکو ئافرەتێک پەیامێک بگەیەنم بە کچانی وڵاتەکەم کە خۆشبەختانە خانمی دەستڕەنگین و بەتوانامان زۆرە، بەڵام حەزدەکەم ھاندەرێک بم بۆ ئەوەی زیاتر کچان بێنە ناو ئەم بوارانەوە تا پێکەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیات بنێین کە ئافرەتان و کچان پشکی شێریان لە ئاراستەکردنیدا ھەبێت.

© 2017 Hawler