کانونی یەکەم 10, 2019

پزیشكان بە پێویستی دەزانن خانمان لە كاتی منداڵبوونی پێشوەختە بگەیەندرێنە نەخۆشخانە

لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە، 17ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیهانی منداڵە ناكامەكان ناساندوە، تاوەك بتواندرێت لەم ڕۆژەدا زیاتر هانی خێزانەكان بدەن كە هەوڵ بدەن لەدایكبوونی منداڵەكانیان بخەنە كاتی ئاساییەوە.

ساڵانە لە جیهاندا نزیكەی 15 ملیۆن منداڵ بە ناكامی لەدایك دەبن،ئەمەش دەگاتە نزیكەی 10% منداڵانی لەدایك بوولە جیهاندا، هەربۆیە چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی منداڵان هەوڵ دەدەن لەم ڕۆژەدا زۆرترین زانیاری بە خێزانەكان بدەن تاوەك هۆشیاریی تەواویان هەبێت لە بارەی منداڵەكان و هەروەها ئەو منداڵانەی كە بە هەر هۆیەك بەشێوەی پێشوەختە لەدایك دەبن.
لە هەرێمی كوردستیانیش هاوشێوەی ووڵاتان هەوڵ دراوە بە شێوەیەكی دروست و پێشكەوتوو مامەڵە لەگەڵ منداڵانی ناكام بكرێت، لە نەخۆشخانەی ڕاپەرین لە هەولێر بەشێكی تایبەت بە منداڵانی ناكام هەیە، لەم بەشەدا بەشێوەیەكی پێشكەوتوو هەروەها ئامێری پێشكەوتووە پێشوازی لەو منداڵانە دەكرێت كە ناكامن تا ژیانیان پارێزراو بێت و بە تەندروستییەكی باشەوە بگەڕێنەوە ئامێزی دایك و باوكیان.
سامان سەلمان لە ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕوونی كردوە كە: بەشی چاودێری منداڵە ناكامەكان لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین تایبەتە بە چارەسەركردنی منداڵانی تازە لە دایك بوو و ناكام، لەم بەشەدا منداڵان لە ژێرچاودێریی چڕی پزیشكی دەبن و كۆمەڵێك ئامێری پیشكەوتوو بۆ چارەسەركردنی منداڵان بەكار دێت.
سامان سەلمان گوتیشی: ئەم بەشە پێك دێت لە 30 جێگای خەوتنی نەخۆش كە خزمەتگوزاریی 24 كاتژمێری بەردەوامیان هەیە و بەشێوەیەكی ستاندەری جیهانی ئەو خزمەتگوزاریانە پێشكەش بە منداڵانی تازە لە دایك بوو دەكات، هاوكات بە بەشداری پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و پزیشكی دێرین و خولاو لەگەڵ پەرستاران چارەسەری پێویست پێش كەش بەنەخۆشەكان دەكەن، زیاتر لە 20 پەرستاری زانكۆ و پەیمانگا خزمەتگوزاری تەندروستی بەشیوەیەكی زانستی پێش كەشی نەخۆشەكان دەكەن.
پزیشكانی پسپۆڕ بە پێویستی دەزانن كە لە لایەن ڕێكخراوەكان و هەروەها خێزانەكانەوە كاری جیددی بكرێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت ئەو حاڵەتانەی لەدایكبوونی پێشوەختە كەمبكرێنەوە، وە بە پێویستیشی دەزانن كە هەوڵ بدرێت لەدایكبوونی منداڵان بخرێتە تەمەنی ئاسایی و بەمەش مەترسیی لەسەر ژیانیان كەم بكرێتەوە.
هاوكات لە توێژینەوەیەكدا كە لەزانكۆی ئیمپریال لە بەریتانیا ئەنجام دراوە توێژەرەوەكان كە توێژینەوەیان لەسەر 17 هەزار منداڵی ناكام ئەنجام دراوە، گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە چاودێریكردن و خەواندنی منداڵانی ناكام لە بەشی تایبەت و لە نەخۆشخانە ئەگەری مردنیان كەمتر دەكاتەوە.
ئەو پزیشكانە ئەوەشیان ڕوون كردوەتەوە چاودێریكردنی منداڵە ناكامەكان زۆر ورد و هەستیارە، بۆیە بە پێویستی دەزانن خانمان لە كاتی منداڵبوونی پێشوەختە دەبێت لە نەخۆشخانەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەری مردن بۆ منداڵەكە دروست دەكات.

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

© 2017 Hawler