کانونی یەکەم 16, 2019

پیسبوونی ژینگە ڕێژەی جەڵتەی دڵی بەرز کردووەتەوە

 گۆی زەوی ژینگەی مرۆڤە و هەموو خێروبێرێكی مرۆڤی لەخۆیدا هەڵگرتووە و زۆر بە بەخشندەییش پێشكەشی مرۆڤی كردووە و دەیكا، كەچی مرۆڤ بە داهێنانەكانی خۆی ڕۆژ بە ڕۆژ زیانی پێ دەگەیەنێ و دارستانەكان دەبڕێتەوە و ڕووبارەكان وشك دەكات و سەوزەڵانییەكانی دەكاتە زبڵخانە و لە سەرووی هەموو ئەو شتانەشەوە بە دووكەڵی كارگە و كارخانەكان و لەویش مەترسیدارتر بە تاقیكردنەوەی جۆراوجۆری كیمیایی و ناوكی خەریكە بەرگە هەوای ئۆزۆنیش، كە پارێزەری زەوییە لەناو دەبات. ئێستا پیسبوونی ژینگە كێشەیەكی نوێی جیهانییە و مرۆڤ هەستی بە مەترسییەكانی كردووە، بەو مەبەستەش دەیان توێژینەوە لەسەر ئاكامەكانی كراوە، یەكێك لەو توێژینەوە نوێیانە گەیشتووە بەو ئەنجامەی كە، پیسبوونی ئاووهەوا مەترسییەكانی تووشبوونی مرۆڤ بە ناڕێكیی لێدانی دڵ و جەڵتەی دەمارەكانی خوێن لەناو سییەكان زیاتر دەكات. بەپێی توێژینەوەیەكی تەندروستیی، كە كۆمەڵێك پزیشك و زانای ژینگەیی لە زانكۆی لەندەن كردوویانە، داتاكانی پیسبوونی ژینگە و پەیوەندییەكانیان بە نەخۆشییەكانی دڵەوە لە ئینگلتەڕا و ویڵز لە نێوان (2003 تا 2009) تاوتوێ كردووە. توێژینەوەكە گەیشت بەو ئەنجامەی، پیسبوونی هەوای دەوروبەر یان ناوماڵ، ناڕێكیی لێدانی دڵ و جەڵتەی دەمارەكانی خوێن لەناو سییەكان زیاتر دەكات. ئەنجامی توێژینەوەكە لە ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاو كرایەوە و، بەپێی وتەی ئەندامێكی تیمی توێژینەوەكە، پیسبوونی ئاوهەوا بەرێژەیەكی زیاتر كاریگەری هەیە بۆسەر كەسانی بەتەمەن و زیاتریش سەرووی (75) ساڵ و ئافرەتان لە هەر تەمەنێكدا بن. بە پێی نوێترین ئاماری قوربانیانی ژینگە، نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی كردووە بەوەی، لە هەر ساڵێكدا (2) ملیۆن كەس بە هۆی پیسبوونی ژینگە (ئاو، خاك، هەوا) لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن. سوپاس بۆ خوا کە مرۆڤ نافڕێت ئەگینا ئاسمانیشی وەک زەوی دەکردە زبڵدان:هنری داڤید تۆریو.

 

ڕێژین ئەبووبەكر

© 2017 Hawler