ئەم پەڕەیە چاپ بکە

برینی گەدەت چۆن چارەسەر دەكەیت؟

بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی گەدە، گرفت لە پەردەی ناوپۆشی گەدە دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی برینی گەدە، وە كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بۆیە پشتگوێخستن و بێ چارەسەری هێشتنەوەی چەندان كێشەت بۆ دروستدەكات.

پزیشكان ئامۆژگارییان بۆ خەڵك ئەوەیە كە سەرەتا شێوازی ژیان و سیستەمی خۆراكی تەندروست هەڵبژێرن، چونكە خۆراكی نا تەندروست زۆر كاریگەری هەیە لەسەر تووشبوون بە برینی گەدە، وە پێویستە لەو كاتانەدا خۆتان بەدور بگرن لە بەهارات و ڕارایی و خواردنەوەی كحوول و جگەرەكێشان، چونكە ئەوانە رۆڵیان هەیە لە تووشبوون و گرفت دروستكردن بۆ گەدە، چارەسەركردنی برینی گەدەش دەوەستێتە سەر زانین و هۆكاری تووشبوونەكە.
پزیشكان بۆ زانینی كاریگەری چارەسەرییەكە و چاكبوونەوەی پشت بەناوبینی گەدە دەبەستن، نەخۆشەكەش پێویستی بە چوار بۆ شەش هەفتە هەیە، هەرچی دەرمانە بەپێی هۆكارەكەی دەبێت لەوانە ئەگەر میكڕۆبی گەدە بێت ئەنتی بایۆتیكی پێویست وەردەگیرێت و ئەگەر هۆكارەكە وەرگرتنی دەرمانی دژە هەوكردنی ئەستیرۆیدی بێت، چارەسەری بریتییە لە وەرگرتنی دەرمانی " Proton Pump Inhibitors"، جیا لە وەرگرتنی دەرمانی تر لەجێگەی ئەنتی بایۆتیكەكە.
هۆكارەكانی برینی گەدە بریتییە لە تووشبوون بە بەكتریای گەدە یان بەكارهێنانی درێژخایەنی دەرمانی دژە هەوكردنی ناستیرۆیدی، بۆ چارەسەری رەنگە پزیشك داوای پشكنینی پاشەڕۆ و خوێن یان هەناسەدان بكات، بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە بەهۆی بەهۆی تیشكی سینی یان ناوبین دەبیت، چارەسەریشی یان لە رێگەی دەرمان و لە حاڵەتی سەختیش بەهۆی نەشتەرگەری دەبێت بەپێی سەختی برینەكە و خوێنبەربوون و ئازارەكەیەوە، كە رەنگە پێویست بە نەشتەرگەری بەپەلە و وەرگرتنی خوێن بكات، دوای وەرگرتنی چارەسەریش و ونبوونی نیشانەكانی پێویستە چارەسەریەكە وەربگیرێت بۆ لەناوچوونی تەواوی میكرۆبی هۆكار بۆ نەخۆشییەكە.
وەك كاریگەری لاوەكی دەرمانی بەكارهاتوو بۆ برینی گەدە مرۆڤ تووشی هێڵنج و سەرسووڕان و سەرئێشە و سكچوون و ئازاری سك دەبێتەوە، بەڵام ئەوانە كاتین و ئەگەر زۆر بێزاركەریش بوون ئەوكات پێویست بە گۆڕینی دەرمان دەكات، هەرچی نەشتەرگەرییە پرۆسەیەكی ئاڵۆزە و ئەوكات پێویست دەكات كە نەخۆشیەكە بگەڕێتەوە و چارەسەر نەبێت و خوێبەربوون بەردەوام بێت و رێگری لە چوونی خۆراك بۆ ریخۆڵە باریكە بكات و لە نەشتەرگەریەكەش ناوچەی برینەكە بەتەواوەتی لادەبرێت و پارچەیەكی ناوپۆشی گەدە لەشوێنی دەچێنرێتەوە.
تۆ لە ماڵەوە دەتوانیت یارمەتی خۆت بدەیت و رێگری لە تووشبوون بە برینی گەدەت بكەیت لە رێگەی خواردنی خۆراكی تەندروستی و تەواوكاری خۆراك لەپاڵ ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری بەكار دەهێنرێت وەك پرۆبیوتیك و هەنگوین و گلوتامین كە لە مریشك و ماسی و هێلكە و سپێناخ و كەلەرمدا هەیە.