تەندروستیی دەروونی بەشێكە لە تەندروستی گشتی مرۆڤ، دەركەوتنی نەخۆشییە جەستەییەكان بەهۆی زیانگەیاندن یان شێوانی كاری ئەندامەكانی لەشە، هەرچی نەخۆشییە دەروونییەكانە بەهۆی شێوانە لە دەروون و بیركردنەوەی نائاسایی مرۆڤ، بەگشتی تەندروستیی دەروونی بە ئاستی گونجانی مرۆڤ لەگەڵ كەس و دۆخی دەوروبەری دەپێورێت، ئەوانەی دەتوانن خۆیان بگونجێنن كەسانی تەندروستن لە روی دەروونییەوە.
تەندروستیی دەروونی بریتییە لەو حاڵەتەی كە مرۆڤ لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و كاردانەوەكانی لەگەڵ خۆی و دەوبەریدا هاوسەنگە، ئەو هەست بەخۆشی دەكات و لەگەڵ كەسانیتریش هەر وایە و ئامادەشە بۆ خۆسەلماندن و پەرەدان بەتواناكانی و سوودبینین لە تواناكانی و توانای رووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی ژیانی هەیە و كەسێكی خاوەن كەسایەتیی هێمن و پێگەیشتووە، خاوەن ئاكارێكی دروست و پێوەند بە دەوروبەرییەوە هەیە، ئەوانە بەڵگەی بوونی دۆخێكی دەروونی و مێشكی ئاسایین.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە دەكات، تەندروستیی دەروونی تەنیا نەبوونی نەخۆشیی دەروونی ناگرێتەوە، بەڵكو هێمنی و حەسانەوەی دەروونی و جەستەیی و كۆمەڵایەتیشە، تەندروستیی دەروونی زۆر وابەستەیە بە تەندروستیی جەستەییەوە، چونكە نەخۆشی دەروونی و جەستەیی تێكهەڵكێشن و یەكیان كار لەوەیتریان دەكات بەشێوەیەك شێوانی دەروونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی جەستەیی زیاتر دەكات و پێچەوانەشی راستە.
ئەو سەردەمەی ئێستە بە سەردەمی نیگەرانی و رارایی وەسف دەكرێت بۆیە پێویستە مرۆڤ چەند رێوشوێن وەربگرێت بۆ پاراستنی تەندروستیی دەروونی وەك لە خوارەوە:
* لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵك نەرم بە، لە ژیانی رۆژانەتدا رووبەڕووی چەندان جۆری خەڵك دەبیتەوە كە پێویستە لەگەڵیان نەرم بیت و چاوپۆشی لە قسە و رەفتارە نەرێنییەكانیان بكەیت و لە رارایی دوور كەویتەوە.
* واز لە بیركردنەوەی زیاد بێنە، كاتێك تووشی كێشەیەك دەبیتەوە یان كەسێك هەڵەت لە بەرانبەر دەكات ناكرێ بەدرێژایی كات بیر لەوە بكەیتەوە، واز لە شیكردنەوەی بابەتەكە و پرسیاركردن بێنە كە سوودی نییە و ئازارەكانت زیاتر دەكەن.
* لە شوێنێكی هێمن دابنیشە، ئەوكاتەی كەوتوویە ژێر باری سترێسەوە خۆت بحەسێنەوە لە شوێنێكی هێمن و دوور لە رارایی كە بیركردنەوەت رێك دەخاتەوە و بڕیاری راست دەدەیت.
* وەرزش بكە و بجووڵێ، یارمەتیت دەدات بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی خەمۆكی و باشكردنی میزاج و لە بارگە نەرێنییەكان رزگارت دەكات، بەتایبەتی بەیانیان لە شوێنی كراوە دەتوانی بە پێ بڕۆیت و را بكەیت و مەلەكردنیش زۆر باشە.
* خولیا و ئارەزووت هەبێت، واتە ئەنجامدانی ئەو شتەی كە خۆشیت لا دروست دەكات لەلایەك كاتی بەتاڵت پڕ دەكاتەوە و ئارامی و حەسانەوەت لا دروست دەكات و لە ستریس دوورت دەخاتەوە.
* تێكەڵی كەسانی ئەرێنی ببە، بە تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی ئەرێنی رووبەڕووی سەختییەكانی ژیان دەبیتەوە كە گەشبینیت لا دروست دەكەن.
* ئەرێنیانە بیر بكەوە، بیركردنەوەی نەرێنی قەبارەی نەهامەتییەكانت زیاد دەكات، بۆیە با سیركردنت بۆ ژیان ئەرێنی و گەشبین بێت بەوە هیوات دەبێت و بەسەر سەختییەكانی سەردەكەویت.
* وەرزش و تێرامانت هەبێ، ئارامی دەروونیت پێ دەبەخشێت و لە نیگەرانی و رارایی و خەمۆكی رزگارت دەكات، هاوكات بچۆ بۆ ناو سروشت و سیری دەوروبەرت بكە، هەناسەیەكی قووڵ هەڵبمژە و بیرت بخەرە سەر یەك شت یان بابەت بەوە هەست بە ئارامی دەروونی دەكەیت.
* لاسایی كەس مەكەوە، واتە كەسایەتیی سەربەخۆت هەبێت و لاساییكردنەوەی رەفتار و بیروبۆچوونی خەڵك لەناوت دەبات.
* رێزی خود و دەروونت بگرە، سەرچاوەی تەندروستی دەروونی دەروونی خودی مرۆڤە، بۆیە ئەگەر ویستت تەندروستییەكی باشی دەروونیت هەبێت بەدریچژایی ژیان، دەبێت فێری رێزگرتنی خۆت بیت لە رێگەی كەم نەكردنەوەی خۆت و ریزگرتن لیوەی و ریچگە نەدان بە كەسانیتر بۆ شەرمەزاركردن و كەمكردنەوە لە گرنگیت، بۆیە ئەو قسە لە مێشكت دابنێ كاتێك رێز لە خۆت دەگریت خەڵكی ناچاری رێز لبێ گرتنت دەكەیت.
* كاری باش و یارمەتیدانی خەڵك ئەنجام بدە، رۆڵی گەورەی لە باشتركردنی دۆخی دەروونی خۆت و میزاجت هەیە.