ئاب 22, 2019

زۆركەس بەدەست ئەو خەرمانە رەشەی ژێرچاویانەوە دەناڵێنن تەنانەت منداڵانیش كە بریتییە لە رەشبوونی ژێرەوەی چاوەكان و رەنگی پێستی ئەو ناوچەیە جیاواز دیار دەكەوێت، ناوچەی ژێر چاوەكان رژێن و چەوریی تێدا نییە و بریتییە لە پێستێكی زۆر تەنك، بۆیە باشترین شوێنە رەنگی خوێنی تیادا دیار بكەوێت.

تاریكبوونی رەنگەكەی نیشانەیەكە بۆ تێكچوونی رەنگی خوێن، واتە خوێنەكە پڕ بووە لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و ئەوەش زیادبوونی ئەو رەشییە لێك دەداتەوە كاتێك مرۆڤ قەبز دەبێت بەهۆی بوونی پاشماوەیەكی زۆری ژەهراوی لەناو خوێندا. بۆیە پڕبوونی خوێن لە ئۆكسجین باشترین رێگەیە بۆ نەهێشتنی و كەمكردنەوەی دەركەوتنی ئەو خەرمانە رەشەی ژێرچاو و باشترین خۆراكیش بۆ ئەو مەبەستە كە گازی ئۆكسجین زیاد دەكات بریتییە لەوانەی ڤیتامین سیان تیادایە وەك پرتەقاڵ و لیمۆ و هیتریش.

لە هۆكارەكانی دروستبوونی خەرمانەی رەشی دەوری چاو بریتییە لە:
یەكەم/ بۆماوە كە ناتوانرێت چارەسەری بۆ بكرێت و تەنیا كاریگەری كەم دەكرێتەوە.
دووەم/ كەمخوێنی، بەهۆی كەمیی ئاسن لە خوێن و كار دەكاتە سەر چاوەكان و دەورەیان رەش دەكات.
سێیەم/ خوراندن و دەستكاریكردنی بەردەوامی چاو كە تووشی وشكهەڵگەڕان و خورانی دەخات و خەرمانەی رەشی دەوری چاو دروست دەبێت.
چوارەم/ جگەرەكێشان و خوێ و سووێری خواردن، ئەوانە دەبنە هۆی قەتیسبوونی شلە لە لوولەكانی خوێن لە دەوری چاو و تووشی هەڵاوسان و دەركەوتنی خەرمانەی رەش دەكەن.
پێنجەم/ بێداری و نەنوستنی شەوانە، پێویستە هەموو كەسێك هەشت سەعات بخەوێت و خەوەكەی شەوانە بێت.
شەشەم/ تەمەن، لەگەڵ بەتەمەنداچوون رەشی دەوری چاو زیاد دەكات.
حەفتەم/ ماندووبوون و شەكەتی.
هەشتەم/ وشكهەڵگەڕان.
نۆیەم/ بەركەوتنی تیشكی خۆر.
دەیەم/ دەرمان و بەركەوتنی مادەی كیمیایی.
یازدەم/ هەستەوەری زۆر خواردنەوەی چا و قاوە و خواردنەوەی گازی.
دەركەوتنی پەڵە یان ناوچەی رەش لە دەوری یان لە ژێر چاو، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ ماندووبوون و شەكەتی چاوەكان، كاتێك كەمخەوی كاریگەرییەكانی بۆ سەر گەش دەركەوتنی رووخسار و دەموچاو دیار دەخات، بەڵام چۆن دروست دەبێت؟  
نەخەوتنی بۆ ماوەی پێویست كاریگەریی بەسەر هەموو لەش دیار دەخات، بۆیە نەخەوتنی شەوانە و كاركردن تا سەعاتەكانی درەنگ و تا بەرەبەیان ناوچەی رەش و تۆخ لەژێر چاو دروست دەكات، لە هۆكارەكانیشی، سروشتی پێستی ژێر چاو كە رەنگە لەژێر چاودا تەنك بێت، هەروەها نەبوونی شانەی چەوری لەو ناوچەیە كە هەر گۆڕانكارییەك باش دیار دەكەوێت.
لە هۆكاری تری كەمی ئۆكسجین كاتێك رەنگی خوێن تێرتر دەبێت لە ئاسایی و لوولەكانی خوێن بە شێوەی سێبەرێك لەژێر چاو دیار دەكەون، ئەوەیش بەهۆی كەمخەوییەوەیە كاتێك خوێن بڕێكی كەمتر لە ئۆكسجین لە رێگەی لوولەكانەوە بۆ ئەو ناوچەیە دەبات و بەوە رەنگی پێستەكە بۆ سوورێكی تاریك دەگۆڕێت.
هەرەوەها ماندووبوون و شەكەتی چاو بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئەو پەڵە دروست دەكات كاتێك خانە ماندووەكانی پێست بەشێك لە پێكهاتەی ئاویان ون دەكەن، ئەوەش وا دەكات لوولەكانی خوێن بۆ بەرانبەرەكەت دیار بێت.

 

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

© 2017 Hawler