تەمموز 21, 2019

منداڵ، پیر و بەساڵاچوان مەترسی زیاتریان لەسەرە كە دووچاری ڕۆژبردن ببنەوە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر


قەڵەوی و منداڵ و خواردنی هەندێك جۆری دەرمان، كە دەبێتە هۆی لە دەستدانی شلەی لەش وەكو: دەرمانەكانی كە میزیان زۆر پێدەكرێت، هەروەها ئەو نەخۆشییانەی كە دەبنە هۆی لەدەستدانی بڕی زۆر لە شلەی لەش، وەكو: نەخۆشی شەكرە و زگچوون و ڕشانەوە. ئەوانە هەمووی ئەگەری ڕۆژبردن و تووشبوون بە زەرەرەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زۆر دەكەن، دكتۆر عەبدولسەلام ساڵح چەند ڕێنماییەكی پزیشكی بۆ خۆپاراستن و دووركەوتنەوە لە گەرمای هاوین ڕوون دەكاتەوە و هاوكات ئاماژە بەوەش دەدات كە ئەگەر كەسێك جارەك تووشی گەرمازەردە و گەرمابردن و ڕۆژبردن بوو، ئەوا: ئەگەری دووبارە تووشبوونەوەی زۆرە و لەوانەیە لە كاتی بوونی هۆكارەكان دووبارە تووشی بێتەوە.
د. عەبدولسەلام ئاماژە بەوە دەدات كە مرۆڤ بۆ خۆڕاهێنان بە كار كردن لەبەر دەم گەرما پێوییستی بە كات دەبێت، هەتا خۆی ڕادەهێنێت دەبێت ئاگادار خۆی بێت بەمەش كەسەكە نابێت خۆی زۆر بداتە بەر خۆر، و ەكارەكەی هەندە قورس نەبێت. كەسی ئاسایی، لەوانەیە پێویستی بە {سێ تا چوار حەفتە} ببێت بۆ خۆڕاهێنان، لەو ماوەیەدا دەبێت زیاد لە خۆی كار نەكات و زۆر ئارەقە نەكات. هەرچی منداڵ و مێرد منداڵن، ئەوا: پێوسیتی بە كاتی زیاتر دەبێت، هەتا تەواو خۆی بە گەرما ڕادەهێنێت. خۆڕاهێنانەكە كردارێكی ڕاهێنان و گۆڕانكارییە لە هاوسەنگی نێوان ئاو و خوێیەكان و بەتایبەت خوێی سۆدیۆم. هاوسەنگییەكە، واتا: زیاد ڕژاندنی هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیڕۆن لە ڕژێنی سەر گورچیلە، كە: زیاتر خوێی سۆدیۆم دەمژرێتەوە و بڕی ئاو زۆرتر لە دەرەوەی خانەكان كۆ دەبێتەوە. كە ئەمەش وادەكات ئاستی خوێی سۆدیۆم لە ئاستی ئاسایی خۆیدا بێت، كەسەكە لە تووشبوون بە نیشانەكانی كەم بوونی خوێی سۆدیۆم بەدوور بێت، وەكو: گیان ئێشان و بوورانەوە.
 ڕۆژبردن:
هیچ كەس نییە، كە: تووشی گرژ بوونی ماسولكە و گیان ئێشان نەبوو بێت بەجۆرێك، كە: هەموو گیانی هاوار دەكات. بەتایبەت ئەگەر ماسولكەی قاچی تووشی گرژ بوون بێت، كە: جاری وا هەیە لە خەودا كەسەكە وەخەبەر دێت و چۆن سەگێك قەپی لە قاچی دابێت وای لێدێت؟ یەكەم نیشانە كە تووشی ئەو كەسانە دێت، كە: لەبەر دەم گەرما كار دەكەن بریتی یە لە ڕۆژبردن و كەشەنگ بوونی ماسولكە، كەسەكە نیشانەی وەكو: گێژبوون، سەر ئێشان، داهێزران، لەڕی، ماندوو بوون، هێڵنج و ڕشانەوە و دڵە كووتەی دەبێت. كاتەك ئەو نیزامەی لەشی مرۆڤ كە لەش فێنك دەكاتەوە، لە كار بكەوێت، ئەوا: پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە و لەوانەیە بگاتە سەرووی چل و پێنج پلەی سەدی، كەسەكە ئارەقە كردنی كەم دەبێتەوە، دەەووترێت كە: ڕۆژ بردوویەتی. زۆربەی ئەو كەسانەی، كە: ئەگەری تووشبوون بە ڕۆژبردن هەیە، بریتیین لە: منداڵ، پیر و بەناوساڵ كەوتوو، نەخۆش بەتایبەتی ئەوانەی ئەو جۆرە نەخۆشییانەیان هەیە كە دەبێتە هۆی لە دەستدانی بڕی زۆر لە شلەی لەش، هەروەك نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی زگچوون، ئەوانەی ئەو دەرمانانە وەردەگرن كە ئارەقە كردنەوە كەم دەكەنەوە، هەروەك: دەرمانەكانی خەمۆكی، دەرمانی ئەلەرمین و كحول. زۆر بۆچوون و بیردۆز هەن، كە: هۆكاری كەشەنگ بوون ڕوون دەكەنەوە، بۆ نموونە: لەوانەیە بە هۆی تێكچوون لە ئەلیكتڕۆلیتەكان و خوێیەكانی لەش ڕوو بدەن {electrolyte imbalance}، یان لەوانەیە بەهۆی كار كردن لە بەر دەم خۆر و گەرما ببێتە هۆی ئەوەی كە ئارەقەی زۆر بكات، بەمەش بڕی زۆر لە ئاو و خوێیەكان لە دەست دەدرێت و ماسولكە ماندوو دەبێت و توانای جێبەجێ كردنی فرمانە ماسولكەییەكانی نابێت. زۆربەی كات ماسولكەی قاچ تووشی دێت، هەیە كە ماسولكەكانی دەست یان ماسولكەی زگ تووشی دێت و لەوانەیە هەر لە وكاتی تووشی بێت، یان دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و حەوانەوە نیشانەكانی ڕۆژبردنی بۆ بێت و هەندەك جار لە ناو خەودا بۆی دێت و ڕوو دەدات.
• چارەسەر:
أ‌. بۆ چارەسەر كردنی ڕۆژبردن، دەبێت كەسەكە یەكسەر بۆ ماوەیەك واز لە كار كردن بهینێت و بچێتە شوێنێكی فێنك.
ب‌. خواردنەوەی بڕی باش لە شلەمەنی و شەربەت و ئاو.
ت‌. ئەگەر كەسەكە توانای خواردنەوەی بە دەم نەبوو، ئەوا: لە ڕێگای پێدانی ژیناو {موغەزی} دەدرێتێ بۆ جێگرتنەوەی خوێ و بڕی شلە و ئاوی لە دەستدراو. هەر ئاو و شلەمەنی بدرێتێ، هەتا ڕەنگی میزی لە ڕەنگێكی تۆخەوە بۆ كاڵ دەگۆڕێت، بۆنیشی تیژ نەبێت.
پ‌. دەرمان: ئەگەر كەسەكە هێڵنج و ڕشانەوەی زۆر بوو، ئەوا: دەتوانرێت دەرمانی دژی هێڵنج و ڕشانەوەی بدرێتێ، ئەگەر ئازاری زۆر بوو دەكرێت دەرمانی ئازار لابەری، وەكو: پاڕاسیتۆل بدرێتێ.
ج‌. ئەوانەی كە لەوەو پێش جارەك تووشی ڕۆژبردن بوون، ئەوانە ئەگەری زۆرتریان هەیە، كە: جارەكیدی تووشی بێنەوە، بۆیە: دەبێت زیاتر هەنگاوەكانی خۆپاراستن پیادە بكەن.

© 2017 Hawler