تشرینی دووەم 30, 2021

نارین فەقێ (پاییزا خەونان) بڵاودەکاتەوە

خانمە هونەمەندی ڕۆژئاوای کوردستان نارین فەقێ، رایگەیاند: " لەم چەند ڕۆژەدا نوێترین بەرهەمی خۆم بڵاودەکەمەوە بەناوی (پاییزا خەونان).

نارین فەقێ، گوتی: "بەر لە بیست ساڵ من هاتمە نێو بواری هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی و بەم بۆنەیەوە بە پێویستم زانی بەم بۆنەیەوە بەرهەمێکی نوێ پێشکەش بە هەوادارانی خۆم بکەم، (پاییزا خەونان) لە تێکستی مامۆستا ئەدیب چەلکییە کە چەندین ساڵە بە تێکستەکانی خزمەت بە هونەری کوردی دەکات، ئاوازەکەشی لەلایەن ئاوازدانەری نەمر مامۆستا زاهد بریفکانی ئامادە کراوە، بەر لە کۆچی دوایی مامۆستا زاهد یەکێک لە ئاوازە جوانەکانی پێشکەش بە من کرد. من حەزم کرد کارێکی جوان پێشکەش بە رۆحی بکەم، بۆیە پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستا ئەدیب، لە کۆتاییدا توانی تێکستێکی جوان و گونجاو لەسەر ئەو ئاوازە ئامادە بکات. هەر سەبارەت بەم بەرهەمەی بۆ (هەولێر) دەڵێت: (پاییزا خەونان) پرۆژەیەکی نوێ نییە و ماوەیەکی زۆرە کارم لەسەر کردووە، بەڵام حەزم کرد بۆ من ساڵی ٢٠٢٠ ببێتە ساڵی ئافرەتی کورد، ساڵی زمان و ئەدەبیات، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارمدا بەرهەمەکانی ساڵی ڕابردووم بۆ ئافرەت و پاراستنی ئەدەبیات و زمانی و موزیکی کوردی بێت، هەروەها (پاییزا خەونان)ـم دواخست بۆ بیستەمەین ساڵیادی من لە نێو هونەری کوردیدا، کارە هونەرییەکانی ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوسەرەکەم موزیکژەنی ساز عەلی شاکر ئەنجامدراوە، تۆمارکردنی موزیک و دەنگ هەمووی لە وڵاتی سوید و میکس و ماسترینگ لەلایەن مەهدی نوری و محەمەد لە تۆن ستۆدیۆ لە شاری دهۆک ئەنجامدراوە. سەبارەت بە کلیپی گۆرانییەکەش لە باکوری کوردستان و وڵاتی سویدی بەشێوەیەکی جوان و مۆدێرن لەلایەن دەرهێنەری بە توانا هەژار دهۆکی تۆمار کراوە. سەبارەت بە گرنگی بەرهەمەکە (نارین) گوتی: (پاییزا خەونان) یەکێکە لە جوانترین بەرهەکانم و ئەرکی زۆرم کێشاوە و گشت تواناکانی خۆم لەو بەرهەمەدا خستۆتە گەڕ، هەمیشە ئامانجی من و عەلی ئەوە بووە کە لە ناو کاری هونەریدا جگە لە گرنگیدان بە ئامێرە موزیکییە رەسەنەکان، هەروەها گۆڕانکارییەکیش لەنێو موزیکی کوردیدا درووست بکەین بۆ ئەوەی موزیکی کوردیش بەرەو ئاستێکی جیهانی هەنگاو بنێت و پێشە بکەوێت، بۆیە تێکست و ئاواز و کلیپی گۆرانییەکیش زۆر گونجاون، بۆیە حەزم کرد ئەو بەرهەمە ئەڤیندارییە پێشکەش بە گەلی کورد بکەم و هیوادارم بە دڵیان و هەموو ئەڤیندارێک خۆی لەو گۆرانییەدا ببینێتەوە. لە کۆتاییدا نارین فەقێ گوتی: لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردووم لە نێو هونەری کوردیدا هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە گۆرانی جوان پێشکەش بکەم، کە میللەتەکەم سوودی لێ ببینێت و خزمەت بە زمان و کەلتوور و ستایلی میللەتەکەم بکەم، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمی جوانتریش پێشکەش بکەم و زیاتر گرنگی دەدەم بە موزکی رەسەنی کوردی دەدەم.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler